دانیشتووانی ئاواییەكی دیواندەرە پێشیان بە گیرانی باری هاوڵاتییەك كە لە نێو ئۆتوبووسێكدا دایشاردبوو گرتووە و نەیانهێشتووە كە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئەو بارە لەگەڵ خۆیان ببەن.
بە پێی هەواڵێكە بە “زاگرۆس پۆست” گەیشتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی مانگی رێبەندان كاتێك هێزە چەكدارەكانی پاسگای “زەڕینەی هەوەتوو” سەر بە شاری دیواندەرە دوای ئۆتوبووسێكی رێگای سەقز_تاران دەكەون و بە گومانی باری قاچاخ دەیانهەوێ ئەو ئوتوبووسە رابگرن، خەڵكی ئاوایی “كەڵەكان” فریای دەكەون و ناهێڵن ئەو بارە لە لایەن هێزە چەكدارەكانەوە زەوت بكرێت.
دەوترێ، كاتێ ئەو ئوتوبووسە بە مەبەستی خۆشاردنەوە لە دەست هێزە چەكدارەكان رۆیشتووەتە نێو ئاواییەكەوە، خەڵك بە هانایەوە هاتوون بارەكەی كە “ئێڵ سی دی” بووە، حەشار داوە و نەیانهێشتووە ئەو هێزانە دەستی بەسەردا بگرن.
لە درێژەی هەواڵەكەدا هاتووە، ژمارەیەكی زۆر هێزی چەكدار بۆ ئەو مەبەستە رژاونەتە نێو ئاوایی “كەڵەكان” و ئەمەش ناڕەزایی خەڵكی بەدواوە بووە، بەڵام بە هۆی زۆربوونی رێژەی چەكدارەكانەوە، خەڵك نەیانویستووە لەگەڵ تووشی تێكهەڵچوون ببن و پاش ماوەیەك ئەو هێزانە بە هۆی ئەوەیكە هیچیان دەست نەكەوتووە، ئاواییەكەیان چۆڵ كردووە.
جێگای باسە، بە هۆی بێ داهاتیی و هەژاریی خەڵكی كوردستان روو دەكەنە كاری نایاسایی بەردەوام هەموو رۆژێك لە سەر سنوورەكان و لە نێو جادەكان، لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەكەونە بەر پەلامار و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵی دەبنەوە.