ژمارەیەكی دیكە لەئەندامانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وازیان لەو حیزبە هێنا

لەسەروبەندی رۆژی 26ی رێبەندانی رۆژی كۆمەڵە، ژمارەیەكی دیكە لەكادر‌و ئەندامانی كۆمەڵەی شۆڕشگێر، نامەی وازهێنانی خۆیان لەئەندامێتی ئەو حیزبە بەسەركردایەتی عەبدوڵای موهتەدی بڵاوكردەوە.
بەدوای وازهێنانی ژمارەیەك ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی‌و كادر‌و ئەندامانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ كە پێشتر‌و لەچەند راگەیەنراوێكدا (١ و ٢ ) بڵاوكرایەوە، ئەمجاریش 1٣ كەسی دیكە لەئەندامانی ئەو حیزبە وازیان لەئەندامێتی لەكۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هێنا.

لەنامەكەدا ئاماژە بەسیاسیەتەكانی عەبدوڵای موهتەدی  كە رێگربووە لەبەردەم یەكگرتنەوەی كۆمەڵە‌و هۆكاری سەرەكی لێكترازانەكانی ناو كۆمەڵە بووە. پێشتریش لەنامەیەكدا ژمارەیەك ئەندام‌و كادیری ئەو حیزبە داوای دەست لەكاركێشانەوەی عەبدوڵای موهتەدیان كردبوو .

لەنامەكەدا كە وێنەیەكی بۆ زاگرۆس پۆست نێردراوە هاتووە “ئێمە، ئەوکەسانەی لە خوارەوە ناومان دێت، هەرکاممان بە درێژایی ساڵانی رابەدوو بە پێی توانامان  زۆر هەوڵمان دا، کە لە جیاتی سڕێنەوەی یەکتر و فەزاسازی بۆ دیاردەی لێکترازان و پارچەپارچە بوون و پەرەدان بە کینە و نفرەت، ئاهەنگێکی تر ساز کەین و بووار بدەین بە یەکدی و کەش و هەوایەک برەخسێنین بۆ پێکەوە حەوانەوە و خەباتی هاوبەش و تێکۆشان بۆ بووژاندنەوەی کۆمەڵەیەکی بە هێز و بە توانا. بەڵام بە داخەوە خۆ داسەپاندەن و لە گەڵ ئەوەش بێ مشووری سکرتیری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وایکرد، کە ئێمەش ئەمڕۆ بەو پەڕی داخەوە راگەیەنین، کە ئێمە لەم تاریخە بە دواوە خۆمان بە ئەندامی ئەم حیزبە نەزانین”.

دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی 11 كادر‌و ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ:

واز هێنان لە ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
بۆ رای گشتی

هەر حیزب و رێکخراوێک بە درێژایی تەمەنی بە هەوراز و نشێویی جۆر بە جۆر دا تێپەر ئەبێ، وەک چۆن کاری گەورە و خزمەتی جێی شانازی لە کارنامەی داهەیە لەوانەیە لە دەورانێک لە ژیانیدا تووشی قەیران و شکست و سەرنەکەوتنیش ببێت و لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بەرەو لاوازی بچێت. بەڵام بە رێگەدان بە عەقڵی جەمعی و بە رێکخستنەوەی ئێرادەی گشتی و بە پشت بەستن بەهێز و توانای هەڵسووڕاوان و چالاکانی حیزبی، دەکرێ  و دەتواندرێ جارێکی دیکە هەستانەوە بە خۆیەوە ببینێ و بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی رابردوو داهاتوویەکی گەش و پڕشنگدار بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئەم ڕاستییە بە سەر کۆمەڵەش دا حوکم دەکا و کۆمەڵەش لەم یاسا گشتییە بێ بەری نیە، لە گەڵ ئەوەی، کە کۆمەڵەش رابردوویەکی پڕ لە شانازی و فیداکاری لە مێژووی خەباتکارانەی خۆی دا تۆمار کردووە، تۆشی شکست و لێکترازان و نسکۆی زۆریش هاتووە.

بەڵام ئەگەر هات و کینە و نفرەت جێگایان بە هاوڕێیەتی و دڵپاکی لێژ کرد، ئەگەر هات و فیداکاری و لە خۆ بردوویی لە پێناو بەرژەوەندی شۆڕش وخەڵک، جێگای خۆیان دا بەخۆ پەرستی و پاراستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی و خانەوادەیی، ئەگەر هات و دڵ گەورەیی لە ئاست سەرنجی رخنەگرانە و بیری جیاواز، جێی خۆیان دا بە کەم زەرفییەتی و پەرەپێدان بە گوێ لەمستی و هەلپەرستی، ئەگەر هات و دەسەڵاتی تاکەکەسی نهادینە کرا و تەنانەت پێرەوی ناو خۆی حیزبەکەش دەستکاری بکرێ بۆ جاویدانی کردنی بەرژەوەندی تاکەکەسێک. ئەگەر هات و پاکتاو کردن و سڕینەوەی رخنەگری و بیری ئازاد بوو بە ئەمرازی رێبەری و بیرکردنەوە بوو بە بڤە، بە نارازی کوترا نەیار و رخنەگر کرا بە دوژمن، ئیتر ئەوە هەمووشتێکە، بەڵام حیزب نیە. ئیتر ئەم “حیزبە” نەک هەر لە بیری نوێ و داهێنان و تازەبوونەوە ووشکایی دێت، بەڵکو هیچ بنەما و پێناسەیەکی حیزبی پێوە بەدی ناکرێ، ئیتر هیچ گۆڕان و چاکسازی و باش سازیەک هەڵناگرێ. لە ئاکامی “حیزبایەتی” لەم چەشنەدا، حیزب لە باوەڕە ئینسانی و شۆڕشگێرانەکەی ماڵئاوایی ئەکا و ئەبێتە موڵکی خوسووسی و خانەوادەگی بۆ خزمەت بە بەرژەوەندیی بەرتەسک و بەرچاوتەنگانەی تاکە کەسێک. ئەوە هەمان بەڵایە کە بەسەر کۆمەڵەی شٶڕشگێر هاتووە.

ئێمە، ئەوکەسانەی لە خوارەوە ناومان دێت، هەرکاممان بە درێژایی ساڵانی رابەدوو بە پێی توانامان  زۆر هەوڵمان دا، کە لە جیاتی سڕێنەوەی یەکتر و فەزاسازی بۆ دیاردەی لێکترازان و پارچەپارچە بوون و پەرەدان بە کینە و نفرەت، ئاهەنگێکی تر ساز کەین و بووار بدەین بە یەکدی و کەش و هەوایەک برەخسێنین بۆ پێکەوە حەوانەوە و خەباتی هاوبەش و تێکۆشان بۆ بووژاندنەوەی کۆمەڵەیەکی بە هێز و بە توانا. بەڵام بە داخەوە خۆ داسەپاندەن و لە گەڵ ئەوەش بێ مشووری سکرتیری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وایکرد، کە ئێمەش ئەمڕۆ بەو پەڕی داخەوە راگەیەنین، کە ئێمە لەم تاریخە بە دواوە خۆمان بە ئەندامی ئەم حیزبە نەزانین، ئێمە لەو باوەرە داین، کە  ئەم حیزبە چیدی زەرفیەتی چاکسازی و گۆڕانی تێدا نەماوە و بە هیچ شێوەیەک هەڵگری سوننەت و باوەڕەکانی کۆمەڵەی ئازادیخواز و پێشرەو نیە. پێمان باشە ئەم راستیە جارێکی تر لە زمانی ئێمەشەوە ببیسترێ، کە ئینسافەن گەورەترین ڕێگری یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان و تەنانەت هۆکاری دابڕانەکانیش، هەڵس و کەوت و بیرکردنەوەی ئەم ڕابەرایەتیەیە لە ئاستی سەرەوەی ئەم حیزبەدا.

کۆمەڵە بە درێژایی چەند دەیە خەبات، هەزاران ژن و پیاوی لێهاتوو و تێکۆشەری پەروەردە کردوە، کە بە داخەوە بە هۆی سیاسەت و مودیریەتی غەڵەتەوە لە دەرەوەی ئەم حیزبەدان و خەون بە سەرهەڵدان و ئاخێزێکی تری کۆمەڵەوە دەبینن. ئیستاش ئەم هێزە گەورە ئەتوانێ بە یەکگرتنەوە جارێکی دیکە کۆمەڵەیەکی چەپ و سوسیالیست و عەداڵەت خواز لە کوردستان دا ببوژێنیتەوە . ئێمە لێرەوە دەستی هاوکاری بۆ ئەو هاوڕێیانەمان درێژ ئەکەین، کە دڵیان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە لێ ئەدات.

١. حەسەن موحەمەدی
٢. ئەحمەد سەراوەران
٣. فەرزاد بەختیاری
٤. سۆهەیلا نیک نژاد
٥. هەژار هەورامی
٦. کەیومەرس موحەمەدی
٧. دیاکۆ خانلەری
٨. غەریب موحەمەدیان
٩. مەحیە سەنگاب
١٠. عەلی بابەکری ( عەلی ڕەش)
١١. کەوی نەجاری
١٢. عەزیز ئەسپەری
١٣. یەدێ مەتاپور

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.