چالاكێكی مەدەنی دوای ئەوەیكە 2 مانگ لەمەوبەر لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەكانەوە دەستگیر دەكرێ، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست” باس لەوە دەكات، رۆژی چوارشەممە 12ی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، “مەجید موقەدەم” چالاكی مەدەنی لە شاری تاران و لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکان لە ماڵی باوكی دەستگیر و بۆ بەندی 2_ الف، زیندانی ئێڤین گواسترایەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەكەی باس لەوە دەكات، كە لە كاتی دەستگیر كردنی مەجید موقەدەم كەلوپەلە شەخسیەكانی وەكوو رسیور، سی دی، فلاش مێمۆری و چەند كتێبی دیكەی ناوبراویان پاش نووسینی سوورەت جەلەسە بردووە.
“كاوە تاهێری” یەكێك لە چالاكانی مافی مرۆڤ بە “زاگرۆس پۆست”ی راگەیاند، كە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ مەجید موقەدەم بریتیە لە : پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی، چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران، نەبوونی كارتی تەواو كردنی خزمەتی سەربازییە.
مەجید موقەدەم 29 ساڵ تەمەن پێشتر بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتی پاش دەنگدانی سەرۆك كۆماری 1388، لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەكانەوە دەستگیر و بۆ گرتوخانەی كەهریزەك گواسترابووەوە و ماوەیەك پێش ئێستا پاش ئەوەیكە ڤیدیۆیەكی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێكسی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە نێو زیندان بۆ سەر خۆی بڵاو كردەوە، دەستگیر و راپێچی شوێنێكی نادیار كرا.
شایانی باسە، پاش ناڕەزاییەكان بە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1388ی هەتاویی لە ئێران لانیكەم 4 كەس بە ناوەكانی “ئەمیر جەوادی فەر، موحسین روح ال ئەمینی، محەمەد كامەرانی و رامین ئاژازادە قەهرەمانی گیانیان لەدەستدا.