دەزگایی قەزایی و ئەمنیەتی كۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی 3 كەسی دیكەی لە سێدارەدا و لەم هەفتەیدا بەگشتی 14 كەس لە ئێران لەسێدارە دراون.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییەكانی كۆماری ئیسلامی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە یەكی مانگی رێبەندان 3 كەس بە ناوەكانی “حامد” كوڕی رەحیم، “سیاوەش” كوڕی پەناهعەلی و “عەلی” كوڕی ئیبراهیم لە پێش چاوی خەڵك و لە شاری “بناب” سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتیەكانی ئێرانەوە بە تاوانی دەستدرێژیی سێكسی لەسێدارە دران.
هەروەها رۆژی رابردووش لاوێكی تەمەن 26 ساڵ بە ناوی “م . س” لە شاری “تورقەبە و شاندیز” لەسێدارە درا.
لە لایەكی دیكەوە كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئاشكرای كرد، كە 10 كەسی دیكە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە لە زیندانی “تایباد” لەسێدارە دراون و ناوی یەكێكیان “محەمەد رەسووڵ ئێتمادی خواه” راگەیەندراوە.
جێگای ئاماژەیە، لە یەكی مانگی بەفرانباری ئەمساڵەوە تا بە ئەمڕۆ یەكی مانگی رێبەندان، واتە لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا لانیكەم 73 كەس لە زیندانە جیاجیاكانی ئێران لەسێدارە دراون و لەو رێژەیە 15 كەسیان هاوڵاتییانی كورد پێكی دەهێنن، كە لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارە دراون.