ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانی رایگەیاند، ڕێژەی توندوتیژییو تیرۆر، ڕۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندایە و لەدوای ڕووداو و هێرشەكانی 11-ی سێپتامبر لە ئەمریكا، تیرۆر پێنج بەرابەر زیادی كردوەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش، نەیتوانیوە ڕێگریی بكات لە تەشەنەسەندنی تیرۆریی نێودەوڵەتی.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش، دەڵێت، پێویستە دەوڵەتی ئەمریكا، چاو بە پلانەكانیدا بخشێنێتەوە لە جەنگی دژی داعشو بەپێویستیشی دەزانێت، لەگەڵ بۆردومانە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، بە هێزی زەمینیش ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببنەوە.
هەروەها راپۆرتی “پێوەری جیهانی تیرۆریسم” دەریدەخات كە ١٠ هەزار هێرشی تێرۆریستی لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجام دراوە كە لەچاو ساڵی پێشتری، 44% پەرەیسەندووە.
لەو راپۆرتە تازەدا كە سەبارەت بە تیرۆریسمی نێونەتەوەیی بڵاو بۆتەوە، هاتووە، كە ژمارەی قوربانیانی هێرشە تێرۆریستیەكان لە جیهان لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا لەچاو ساڵی پێشتری، 61% پەرەیسەندووە.” ئەم راپۆرتە كە لە لایەن “دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی” ئامادە كراوە رایگەیاندووە كە لە ساڵی ٢٠١٣دا نزیكەی ١٨ هەزار كەس بە هۆی هێرشە تێرۆریستیەكان، گیانیان لەدەست داوە كە 80%یان لە وڵاتانی عێراق، سوریە، ئەفغانستان، پاكستان و نیجریەدا بوونەتە قوربانی.
عێراق بە زیاتر لە شەش هەزار كوژراو گەورەترین قوربانی هێرشە تێرۆریستیەكان بووە و گروپەكانی “دەوڵەتی ئیسلامی، ئەلقاعێدە، بوكوحەرام و تاڵبان” بەرپرسی زۆربەی كوشتارەكان بوون.
لە لایەكی دیكەوە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاماری توندوتیژییەكانی 10 مانگی ڕابردووی عێراقی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستە، 10 هەزار كەس بەهۆی كردەوە توندوتیژییەكانی عێراق، كوژراون و 20 هەزار كەسیش بریندار بوون.