یاریدەدرێكی سەرۆكوەزیرانی توركیە راگەیاند، كە توركیە لەماوەی شەڕی 30 ساڵە لە دژی خەڵكی “كوردستان”، كە ناوی نراوە “شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”، ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە و 35 هەزار كەسیش كوژراون.
نوعمان كورتوڵموش، یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیە باسی لەوە كردووە، توركیە لە پڕۆسەی ئاشتیدا رێگایەكی باشی دۆزیوەتەوە و ئەو پڕۆسەیەش نەك تەنیا بۆ توركیە، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكە گرنگی زۆری هەیە.
كورتوڵموش هەروەها دەڵێ، توركیە لەشەڕی 30 ساڵەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زیانی زۆری پێگەیشتووە، لەو 30 ساڵەدا 35 هەزار كەس كوژراون، 7 هەزار كەس لە كوژراوەكان هی ئەرتشی توركیە بووە، لە رووی ئابووریشەوە ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دۆلار زیانمان بەركەوتووە.
یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیە ئەو بڕە پارەیە پێوانە دەكات بەسەر داهاتی تاك لە توركیە و دەڵێ، ئەگەر ئەو پارەیەمان خەرج نەكردایە، داهاتی هەر تاكە كەسێك 20 هەزار دۆلار دەبوو، كاری عەقڵانی هەڵگەڕاندنەوەی ئەو گەمەیە بوو، ئێستا لە پڕۆسەی ئاشتی هەموومان براوە دەبین.
ناوبراو لە درێژەشدا دەڵێ، ئەگەر توركیە تێكەڵ بەم شەڕە تێنەپەڕیبوایە 10 ساڵ پێش ئێستا ئەو پرۆژەیەی ئاوەدانكردنەوە ئەنجام دەدا، 3 پردی هەوایی لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا دروستكراون، سەرووی 200 زانكۆمان هەن، بەڵام ئەگەر وانەبوایە 15 ساڵ پێش ئێستا دروستمان دەكرد.
شایانی باسە، ئەو شەڕەی كە دەوڵەتی توركیە بە شەڕی دژە تیرۆ ناوی دەبات، شەڕ بە دژی خەباتكارانی كوردستانە كە خۆیان لە نێو “پارتی كرێكارانی كوردستان” رێكخستووە و لە ژێر ناوی “گریلا”دا بۆ رزگاركردنی خاكی باكووری كوردستان لە ژێر چنگی توركیە خەبات دەكەن.