ئەمریكا هەزارو 500 راوێژكاری نیزامی بۆ راهێنانی ئەرتشی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رەوانەی عێراق دەكات و بڕیاریشە لە دەرەوەی شاری بەغداد و هەولێر جێگیر بكرێن.
“جۆش ئارنست” وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، “باراك ئۆباما” سەرۆك كۆماری ئەمریكا رەزامەندی پیشانداوە لەسەر ناردنی هەزارو 500 راوێژكاری نیزامی دیكە بۆ عێراق بە مەبەستی مەشقكردن بە ئەرتش و هێزی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی راوێژ بەو هێزانە لە جەنگی دژ بە داعش.
ناوبراو راشیگەیاند، ئەو هێزە بەشداری لە شەڕ ناكەن و لە چەند هەفتەی داهاتوشدا پرۆسەی رەوانەكردنیان بۆ عێراق دەستپێدەكات.
“هاوكات جۆن كێربی” وتەبێژی وەزارەتی بەرگری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، راوێژكارە نیزامییەكانی ئەمریكا بەشداری لە جەنگدا ناكەن و كاردەكەن بۆ دروستكردنی دوو بنكەی نیزامی لە دەرەوەی هەولێر و بەغداد بۆ 10 هەزار سەرباز و پێشمەرگە.
شایانی باسە، لە دوای دەستیپێكردنی شەڕی دژ بە داعش بۆ یەكەمجارە ئەمریكا راوێژكارەكانی لە دەرەوەی هەر دوو شاری هەولێر و بەغداد جێگیر دەكات ، لە ئێستاشدا ئەمریكا هەزارو 400 راوێژكار و سەربازی لە عێراقدا هەیە كە 600 راوێژكارییان لە هەولیر و بەغدادن و 800 سەربازیشی ئەركی پاراستنی بالیۆزخانەی ئەمریكا و فرۆكەخانەی بەغدادیان لە ئەستۆیە، بە ناردنی هەزار و 500 راوێژكاری دیكە ژمارەی سەربازان و راوێژكارانی ئەمریكا بۆ نزیكەی سێ هەزار كەس بەرزدەبێتەوە.