بە پێی لێكۆڵینەوەی گرووپێكی نێودەوڵەتی لایەنگری مافی كەمایەتیەكان، بە ناوی “Minority Rights Group International (MRG)” جێگر لە شاری لەندەن پێتەختی بریتانیا، دۆخی كەمایەتیەكان لە عێراق كارەساتبارە و لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 12 هەزار هاوڵاتی لەو وڵاتە كوژراون.
ئەم دامەزراوە مافپارێزە جیهانیە لە راپۆرتێك سەبارەت بەو توێژینەوەیەی خۆی بڵاوی كردووەتەوە باس لەوە دەكات كە، بە هۆی پاكسازیە قەومی و دینیەكان لە عێراق لە ماوەی 9 مانگی رابردوو كەمایەتیەكان لەوانە”ئێزیدی، مەسیحی و توركەمەن” لە ژێر زەختی دەستدرێژیی سێكسی، توندوتیژی و رفاندندا بوون.
ئامارەكان لەمبارەوە باس لەوە دەكەن كە رێژەی كوژراوان لە عێراق بە هۆی توندوتیژیەكانی ئەو وڵاتە ئەمساڵ لە بەراوەرد لەگەڵ 9 مانگی سەرەتای ساڵی 2013 كە رێژەكەی 6 هەزار 676 كەس بوون، دوو بەرابەر بووەتەوە و گەیشتووەتە 12 هەزار كەس و هۆكاری ئەم توندوتیژیانە چەكدارەكانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) راگەیەندراوە.