چوار شه‌ممه‌ 20 تشرینی دووه‌م 2024

هێزی پێشمه‌رگه هێشتا 32کیلۆمێتری ماوه سنووری باشوور ئازاد بکات

له سنووری دوزخورماتوو له 70کیلۆمێتریی باشووری که‌رکوک، هێشتا 32کیلۆمێتر له خاکی کوردستان له ژێر ده‌ستی داعشدایه‌و ماوه‌ی نیوسعات تا چیای حه‌مرین دواسنووری خاکی‌ باشووری کوردستان‌و عێراق رێیه.

له ماوه‌ی 19رۆژی رابردووداو به هۆی هێرشی به‌لێشاوی داعش‌و سونییه ناڕازییه‌کانی رۆژاوای عێراق هه‌موو هێزه سه‌ربازییه‌کانی به‌غدا له‌و ناوچانه‌و ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم‌یش رایان کردو هێزی پێشمه‌رگه توانی له ماوه‌یه‌کی که‌مدا بگاته ناوچه‌که‌و زۆرینه‌ی خاکی ناوچه دابڕێنراوه‌کانی پێشوو ئازاد بکات، توانیویه‌تی ئاسایشی ناوچه‌ تازه ئازادکراوه‌کان بپارێزێت، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌یه‌کی به‌رین له خوارووی باشووره‌وه ماوه تا پێشمه‌رگه‌ی تێدا جێگیر بکرێت.

له سه‌ردانی زاگرۆس پۆست بۆ ناوچه‌کانی خوارووی که‌رکوک‌و شاری دوز (توزخورماتو) سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاسایش له شاره‌که پێی راگه‌یاندن له 10/06ه‌وه واته ئه‌و رۆژه‌ی هێزه‌کانی سه‌ر به به‌غدا له دوز رایان کردووه، هیچ نائارامی‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌و شاره رووینه‌داوه، هاوڵاتییانی تورکمان‌و عه‌ره‌ب ی شاره‌که‌ش رۆڵی ئاسایش‌و پۆلیسی هه‌رێم‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ له پاراستنی شاره‌که‌یان به‌رز ئه‌نرخێنن‌.

سه‌رچاوه‌که ئه‌وه‌شی به زاگرۆس پۆست راگه‌یاند که له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2010وه، دوز رۆژی بێ ته‌قینه‌وه‌ی نه‌بووه‌و زیاترین ژماره‌ی ته‌قینه‌وه‌ش له‌و شاره‌دا له رۆژێکدا 32 ته‌قینه‌وه بووه. به پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دوای راکردنی هێزه‌کانی به‌غدا له دوزو گرتنی بنکه‌ی پۆلیس له لایه‌ن  هێزه‌کانی هه‌رێم‌و خه‌ڵکه‌وه ده‌ست گیراوه به سه‌ر ژماره‌یه‌ک ته‌قه‌مه‌نی له‌و شوێنه که پێده‌چێت بۆ ته‌قاندنه‌وه له ناو شاردا به‌کار هاتبێت.

ژماره‌ی دانیشتووانی شاری دوز ده‌گاته نزیکه‌ی 200هه‌زار که‌س‌و له‌و ژماره‌یه لانیکه‌م 40%ی تورکمان‌و عه‌ره‌بن‌، به‌ڵام ئه‌و دوو پێکهاته‌یه به شێوه‌ی چالاکانه له پاراستنی شاره‌که‌دا به‌شداریی ناکه‌ن‌و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش به زۆری له نه‌ته‌وه‌ی کورد پێکهاتوون.

به وته‌ی سه‌رچاوه‌که له دوا خاڵی ده‌رچوونی دوز به‌ره‌و که‌لار هێشتا 32کیلۆمێت تا به‌رزایی حه‌مرین رێگه‌یه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ش که نزیکه‌ی نیوکاتژمێر رێگه‌یه تا ئێستا له ژێر کۆنترۆڵی چه‌کداره‌کانی داعشدایه.

له لایه‌کی تره‌وه به‌رپرسی فه‌وج(گوردان)ی پاراستنی خاڵی هاتنه ناوه‌وه‌ی دوز له که‌لاره‌وه به زاگرۆس پۆستی راگه‌یاند ئه‌وان له رۆژانی رابردوودا چه‌ند هێرشی داعشیان له‌و ناوچه‌یه تێکشکاندووه‌و وتیشی مه‌ودای نێوان ئه‌وان‌و شوێنی هاتوچۆی داعش ته‌نیا 250میتره، به جۆرێک که له سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌وه به باشی دواشوێنی مانه‌وه‌ی داعش که ماڵێکی نیوه‌کاره‌یه دیاره.

ده‌وترێت له ئێستادا له‌و شوێنه که به سێڕیانی یه‌نگیجه ناسراوه داعش ناوبه‌ناو په‌لاماری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ئه‌ده‌ن‌و پێشمه‌رگه له ئاماده‌باشیی ته‌واودایه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش‌و گروپه‌‌کانی تر. هه‌ریه‌که له به‌رپرسانی ئه‌و فه‌وجه‌و جێگره‌که‌یشی پێشتر سه‌ر به ئه‌رته‌شی عێراق بوون که له ماوه‌ی 6مانگی رابردوودا له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هێزه سه‌ربازییه‌کانی عێراقه‌وه داوایان لێ کرابوو ئه‌و شوێنه راده‌ستی ‘فه‌رمانده‌ی ئۆپارسیۆنه‌کانی دیجله به فه‌رمانده‌یی که‌سێکی عه‌ره‌ب’ بکه‌ن که ئه‌وان قبوڵیان نه‌کردووه‌و ماونه‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا موچه‌که‌یانی بڕیوه‌و ماوه‌ی 6مانگه به بێ موچه‌ ده‌وام ئه‌که‌ن‌و له ئێستادا په‌یوه‌ست بوون به هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان‌و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی باشووری کوردستان یارمه‌تییان ده‌کات.

وێنه: فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێڕای یه‌نگیجه

ک.ک

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.