بڕیاربوو ئه‌مڕۆ له ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی سویده‌وه په‌ناخوازی کوردی رۆژهه‌ڵاتی قادر میری‌و بنه‌ماڵه‌که‌ی که به هۆکاری سیاسی ئێرانیان به‌جێهێشتووه بۆ ئه‌و وڵاته دیپۆرت بکرێنه‌وه، به‌ڵام به هه‌وڵی چالاکانی سیاسیی کورد‌و سویدی ئه‌و بڕیاره به‌ڕێوه‌نه‌چوو.
رادیۆ سوید له‌و باره‌وه رایگه‌یاندووه ده‌رکردنی ئه‌و بڕیاره له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتیی په‌نابه‌ریی سوید به‌و مانایه که ده‌بوو ئه‌و بنه‌ماڵه داواکاریی په‌نابه‌رێتییان له رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی سوید له تاران بگه‌یه‌ننه ده‌ستی ئه‌وان، بۆیه بڕیاریان داوه ره‌وانه‌ی ئێرانی بکه‌نه‌وه. ناوبراو ئه‌ندامی حزبی دیموکراتی کوردستانه‌و له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یدا ئاسایشی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
سه‌رچاوه‌که سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی راگیرانی ئه‌و بڕیاره وتوویه‌تی بڕیار بووه ئه‌مڕۆ فڕۆکه‌که کاتژمێر 7سه‌رله‌به‌یانی له فڕۆکه‌خانه‌ی ئۆسترشۆنده‌وه به‌ره‌و تاران بفڕێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک له هاوڕێیانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌و کوردانی چالاکی ئه‌و وڵاته له فڕۆکه‌خانه‌که ئاماده‌بوون‌و داوایان کردووه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ناو فڕۆکه‌که قایشی دڵنیایی نه‌به‌ستن‌و به‌و شێوه‌یه رێگه له هه‌ڵسانه‌وه‌ی فڕۆکه‌که بگرن.
دوای ئه‌و داواکارییه ئه‌ندامێکی چالاکی حزبی چه‌پی سوید به‌ناوی مالین بیورک که کاندیدی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌شه له ئێسته‌دا، که‌مه‌ربه‌ندی ئیمێنیی کردووه‌ته‌وه‌و دوابه‌دوای ئه‌و که‌سانی تریش خۆیان کردووه‌ته‌وه‌و به‌و شێوه‌یه فڕۆکه‌که نه‌یتوانیوه هه‌ڵسێت.