جێگری سیاسی ئەمنیەتی پارێزگای كرماشان دانی بەوەدا ناوە كە ئەو پارێزگایە بە چاوێكی ئەمنیەتی دەبینرێتو كاربەدەستانی باڵا بەمشێوە دەڕواننە كرماشان.
سەرەڕای هەوڵی دەیان ساڵەی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی داسەپێندراو بەسەر پارێزگای كرماشان، ئێستاكە بۆ خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە كە لە دەرەوەی پارێزگای كرماشان واتە ناوەند، چاوێكی ئەمنیەتی بەرانبەر بەو پارێزگایە هەیە.
ئازەرمی جێگری سیاسی ئەمنیەتی پارێزگای كرماشان لە رێورەسمی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی ئێرشادی پارێزگای كرماشان، دانی بەوەدا نا كە سەرەڕای كەمترخەمیەكانی دەوڵەت بەرانبەر بەو پارێزگایە، چاوێكی ئەمنیەتیش لەسەر كرماشان هەیە.
شایانی باسە، بە پێی لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی چاودێرانی سیاسی، كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیو لەسەرەوە هەموویانەوە داڕێژەرانی سیاسەت لە ئێران بە شێوەیەكی سیستماتیكو بەردەوام بە چاوێكی تەواو ئەمنیەتی دەڕواننە ناوچە كوردنشینەكانی كوردستانو هەر ئەمەش وایكردووە كە بەرانبەر بەو ناوچانە كەمترخەمیەكی زۆرتر لە خۆیان نیشان بدەن.