ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەڕێوەچوونی حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە هونەرمەندێکی کورد، بە حوکمێکی تۆقێنەر و بێڕەحمانەی دازگای دادوەری ئێران ناوبرد.
زاگرۆس پۆست: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دژکردەوەیەکدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی لێدانی ١٠٠ قامچی لە “پەیمان میرزازادە”، گۆرانیبێژی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ڕایگەیاند، کە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە نیشانەی دڕندەبوونی سیستەمی دادوەریی ڕژیمی ئێرانە.
هەروەها ئەو ڕێکخراویە پێداگری کردووە کە بەڕێوبردنی حوکمی لێدانی قامچی لە ئەم هونەرمەندە کوردە سەلمێنەری ئەشکەنجەیە و بەپێی یاسای نێونەتەوەیی، بە تاوان ئەژمار دەکرێت و ڕژیمی ئێران دەبێ ئەم کردەوە و کردەوەکانی دیکەی سزادانی جەستەیی هەڵبوشێنێتەوە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، هەروەها داوای ئازاد کردنی بێ مەرجی ئەم هونەرمەندە کوردەی کردووە.
شایانی باسە کەڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ، حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە “پەیمان میرزازادە”، هونەرمەندی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لقی چواری دادگای تاوانەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچوو و ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمەوە، مانی لە خواردن گرتووە.