رۆژی هەینی 2ی پوشپەڕ لە شاری سنەی، شەڕ و پێکدادان لە ناو تیمێک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانو ژمارەیەك لە هێزەكانی رژیم روویدا كە بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون.
لەمبارەیەوە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، سێ کەس لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە، لەو شەڕە نابەرابەرەدا شەهید بوون.
لە بەشێک لەو راگەیەنراوەدا هاتووە: “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێتان رادەگەیێنین کە بەرەبەیانی ئەمرۆ رێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەک پێشمەرگە و هاورێیانی رێکخستنی نەهێنی کۆمەڵه لە ناو شاری سنه کەوتنه کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و سێ کەس لە هاورێیانمان بە ناوەکانی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێکی نابەرابەر و قارەمانانە گیانی ئازیزیان لەپێناو ئامانجه بەرزەکانی گەلی کورد و کۆمەڵه بەخت کرد.”
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لەو راگەیەنراوەدا باس لە بەردەوامیی حیزبەکەیان لە بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات و دەڵێ: “هاورێیانی ئێمه بۆ جارێکی دیکەش نیشانیاندا کە سنە شاری هەمیشه کۆمەڵەیه و دەسەڵاتی نەگریسی کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێت ورەی مقاومەتی رۆلەکانی ئەو شاره قارەمانه لەناو بەرێت.”