مانگ تازە له پشت کێوی میراجی هه‌ڵهاتبوو و هێواش هێواش و بە شێنەیی بەرەو دەشتایی ئاسمان ملی نابوو . تریفه‌ی مانگە شەو له په‌رژینی باخه‌کانی ئاڵمانه دابوو و زنوێر و ڕەوەزکانیشی بێ بەش نەدەکرد . شنەی شەماڵ هەڵێکردبوو و گەرمای هاوین تینی نەمابوو. گوڵە بۆخۆشەکانی ده‌شت و مه‌زراکانی ئاڵمانه له به‌ر ڕووناکی مانگ و سروەی کوێستان ده‌میان کردبوەوە و گەشابونەوە . له بیره‌وه‌ریه‌کانمدا سه‌رگه‌ردان بووم . وام ده‌زانی له به‌ر ئه‌و مانگه شه‌وه به‌ره‌و به‌رزایی قهلهبهرد ده‌ڕۆیشتم . به ده‌م ڕێگاوه له جۆگه‌ی ده‌گاوه‌ر* په‌ڕیمه‌وه و به‌ره‌و بناری تیکلان ،گوێز میران و سه‌ر خەرنگهزه ملم نا و هه‌ڵکشام. کانیاوە هەزار نۆشەکانی کوێستانی چاڵاو و قەلەبەرد بە هاژە هاژ و لرفەلرف بەرەو چەمی گردەڵان و ڕووباری سیروان هەوراز و نەشێوی کوێستانیان بنکەن دەکرد وڕێگای پێچاوپێج و ناهەمواری کوێستانیان بێرەحمانە دەبڕی . بۆن و به‌رامه‌ی گوڵ و گیای کوێستانی قهلهبهرد ، ئه‌و ناوه‌ی پڕ کردبوو . خه‌رمانه‌ی مانگ تەنانەت نزارهکانیشی دابوه به‌ر تێشکی دڵرفێنی خۆی .
مانگ هه‌ر له ده‌شتایی ئاسمان به خاوه خاو و به تاسکە تاسک هه‌نگاوی ده‌نا و، چه‌م و ده‌شت و دۆڵی ڕووناک کردبوه‌وه . نازانم چۆن بوو به ماندوویی گه‌یشتمه کانیاوی هەزار نۆشی ” مه‌ڵهه‌وا” و قومێک ئاوم خوارده‌وه . داوێن وبناری قەلەبەرد ، سەرچۆڕ، پێدەشتی مەریوان و چیاکانی هەورامان لە گەڵ شۆخ و شەنگی خۆیاندا شەڕیان دەکرد . دەڤەرەکە حیکایەتی مەرگەساتی وڵاتێکی داگیر کراویان کە کارەساتی تاڵتر لە تاڵیان بەسەردا سەپابوو، بە سرتەسرت دەگێڕایەوە . هێزم لە بەر بڕابوو وماوەیەک لە سەر کانیاوەکە دانیشتم و وچانێکم گرت . ماندوویه‌تیم ده‌ر چووبوو ده‌ر نه چوبوو ، دیسان به‌ره‌و لوتکه‌ی کوێستان کە هەزار و یەک هیوای گەشم لە سەر هەڵچنێبوو، هه‌نگاوم نا و ههلزنام . زۆر تامه‌زرۆی دیداری ئازیزانم کردبوو . حەزم دەکرد هەموو دیوارەکان بڕوخێنم و سنورەکان بسڕمەوە . ده‌مه‌ویست له سه‌ر لوتکه دیداریان که‌م تا شەپۆلە تۆڕەکانی دەروونم هیمن کاتەوە . لە کانگای دڵمەوە تاسەی دیداریانم دەکرد . له چ جێگایەک دەمتوانی ئازیزانم دیدار که‌م ؟ بە ناچاری هانام بۆ تریفەی مانگ و سۆزی چیا و فرمێسکی ئەستێران و تاڵە سوار برد . ئه‌وانیش بێ شک و گومان و‌ڵامیان دایەوە و وتیان : به‌ره‌و لوتکه ی بەرز بڕۆ ! به ده‌م ڕێگاوه هه‌ر بیرم ده‌کرده‌وه . لە بەردەم خەمەکانم، مێشک و‌دڵ و دەرونم دەیانناڵاند . کام لە براکانم لە سەر لوتکە هه‌وه‌ڵ جار ماچ که‌م و له ئامێز بگرم ؟ هەر نەمتوانی هەڵویستێک بگرم . مانگ پسکۆ پسکۆ ماڵئاوایی کرد و ئەستێرەکان تا کازیوە هاوڕێم بوون . کت‌وپڕ گه‌یشتمه لوتکه و داچڵه‌کیم . لە لوتکەی قەلەبەرد من و خۆرەتاو بەیەک گەیشتین . بە خەمناکی ئه‌م لا و ئه‌ولای خۆمم چاو لێکرد .
سەری بەرزتر لە بەرزی ئازیزانم لە ئاسٶی ئەو سەر نادیاری مێژووی ڕزگاریبەخشی ڕەنجدەران و هەژارانی کوردستان بێنی و تێر و پڕ تاسەم شکا .
( ر – م س ) نۆی خەرمانانی ٢٠١٦
زانیاری پێویست سەبارەت بە ئاڵمانە :
١- جۆگەی دەگاوەر: جۆگەیەکە کە لە کانیاوی بەڵخەی دەگاوەر سەرچاوە دەگرێت و، ئاوەکەی بەرەو مەزراو زەوی و زاری دانێشتوانی ئاڵمانە دەڕوات .
٢- تیکلان،گوێز میران و سەرخەرەنگەزە : سێ مەڵبەندی خۆش و سەیرانگای دڵگیر و هەوارنشینی ئاڵمانەیە.
٣- مەڵهەوا: کانیاوێکی هەزار نۆشە کە لە داوێنی کوێستانی قەلەبەر هەڵکەوتوە .
٤- میراجی: کوێستانێکی بەرزە کە لە خۆرئاوای مەریوان هەڵکەوتوە .
٥- چاڵاو : چاڵاو لەگەڵ قەلەبەرد زەنجیرە چیا و کوێستانێکی مەزنن و لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی ئاڵمانە و چۆڕ هەڵکەوتون .