لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا كرێكاری نانەواییەكانی سنەو مەریوان ناڕەزایی خۆیان بە دیاریكردنی حەقدەستی كرێكاران بۆ ساڵی 1395 هەتاوی دەردەبڕنو خوازیاری زۆركردنی حەقدەستەكانیانن.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە “سێبەری شومی هەڵاوسان، هەروا كە لە نرخی كاڵا سەرەكییەكانی خەڵك دیارە، لەچەند مانگی رابردوودا رووی لەزیادبوون كردوە. سەرەڕەی ئەم هەڵاوسانە، بانكی ناوەندیی رێژەی هەڵاوسانی لەمانگی رێبەندان بە 6.12% بەراورد كردوە؟؟ راستیو دروستی ئەم نرخە لە هەڵاوسانو پەسەندكردنی بڕی 812 هەزار تمەن وەك حەقدەست كرێكاران كە دەبێت بژیوی ژیانی خێزانێكی چوار كەسی بۆ ماوەی مانگێك دابین بكات، بە چاوخشاندنێك بە سفرەی كەسادی كرێكارانو توانای كڕینیان، ئاشكرایە”.
لەدرێژەدا هاتووە: “ئەنجومەنی پیشەیی كرێكارانی نانەواییەكانی سنەو مەریوان خوازیاری زیادكردنی حەقدەستەكانیان هاوتەراز لەگەڵ نرخی راستیی هەڵاوسان لەسەرەتای مانگی خاكەلێوەی هەرساڵەو رایدەگەیەنن كە زۆركردنی حەقدەستی كرێكارانی نانەوا هاوكات لەگەڵ زۆركردنی نرخی نان یاسایی نیەو ئەم زۆركردنەش هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئاستی بژیوی ژیانی كرێكارانی نانەوا نابێت، هەربۆیە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی زیادكردنی نرخی نان وەك سەرەكیترین كاڵای مەسرفەی چینی كرێكاری ئێرانین”.