هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

3 لایەنی كۆمەڵە بە بۆنەی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە

پاش شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی “حدكا” و “پەكەكە” لایەن و حیزبە سیاسیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بە شێوەی جیاجیا و بەكۆ راگەیەندراویان لەسەر ئەو بابەتە بڵاو كردەوە و هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی.

هەر لەم پەیوەندەدا 3 لایەنی كۆمەڵە كە ئێستا لە هەوڵی یەكگرتنەوە و چوون بەرەو حیزبێكی یەكگرتوو بە قاڵب و قەوارەیەكی نوێدان، راگەیەندراوێكی هاوبەشییان لەسەر ئەو رووداوە بڵا كردووەتەوە كە لە خوارەوە دەتوانن دەقی ئەو راگەیەندراوە ببینن.

بەیانییەی سێ لایەن بە بۆنەی تێكهەڵچوونەكەی قەندیل

ئاڵۆزی و بارگرژی لە نیوان پۆلێك پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و گریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان لە سنووری نیوان ئیران و عێراق لە بناری قەندیل بە داخەوە تەقە و پێكدادانی چەكدارانەی لێكەوتەوە و ئاكامەكەی بوو بەوەی پێشمەرگەیەكی حدكا گیانی لە دەست بدا و چەند پێشمەرگەی تریش بریندار بن. ئیمە لە گەڵ ئەوەی تەقە و پەلاماری گریلاكانی پ.ك.ك  بۆ سەر ئەو پێشمەرگانە مەحكوم دەكەین و بە كردەوەیەكی نارەوا و زیانباری دەزانین، را دەگەینین كە :

١- شۆرش و بزووتنەوەی گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، ئەزموون و مێژوویەكی تاڵی لە شەری ناوخۆیی و پەنا بردن بۆ توندو تیژی هێزە سیاسیەكانی بە خۆیەوە دیوە و تاقی كردۆتەوە. ئاكامی ئەم چەشنە رەوشت و ئاكارە جگە لە شكست و رەنج بەخەساری بەرهەمێكی تری لێنەكەوتۆتەوە. بە خۆشیەوە وا دێتە بەر چاو كە گەلی كورد و هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەم ئەزموونە تاڵە بۆیان بۆتە دەرسێكی مێژوویی، هەر بۆیەش بەشی زۆری حیزبەكان و پیكهاتە سیاسیەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بیزاری و نەفرەتی خۆیان لە شەری ناخۆیی بە هەر پاساو و بیانوویەك دەر بریوە. خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان ، كە خەسار لیكەوتووی چەندین ساڵ شەری ناوخۆیی بوون، بە دڵنیاییەوە ئەگەر مەجال و دەرفەتیان هەبوایە بە ڕژانە سەر شەقامەكان لە هەڵگیرسانی شەرێكی تری ناوخۆیی نەفرەتیان دەكرد؛
٢- كێشەی كورد لە رۆژ هەڵاتی ناوەراست بە گشتی بە قۆناغێكی ئاستەم و هەستیاردا تێدەپەرێ. لەگەڵ ئەوەی تەجروبەی باشوور، رۆژئاوا و باكوری كوردستان لە زۆر سۆنگەوە بە نرخن و سەقامگیری و سەركەوتنی ئەم ئازموونانە بە تێكرا  بزووتنەوی گەلی كوردستان چەند قۆناغ دەباتە پێشەوە، لە هەمان كاتدا دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵكی كوردستان هەر دەرفەت و هەلێك دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی خەبات و تێكۆشانی ئەم گەلە رووبەرووی شكست و ناكامی بكەنەوە. دەستیوەردان و گەمەی سیاسی كردن بە كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی خەڵكی كورد باوترین و كارامەترین شێوازێك بووە كە هەتا ئێستا لە لایەن دۆژمنانی گەلەكەمانەوە كەڵكی لی وەرگیراوە؛
٣- پاوانخوازی، ملهوری و خۆ بە تاكە سواری مەیدانی سیاسی لە كوردستاندا زانین دیاردەیەكە كە زەمانی تێپەریوە و تاریخی بە سەر چووە. ئەگەریش رۆژێك لە ڕۆژان ئەم شێوە لە هەڵسووكەوت و تەعامولی سیاسی باوی بووبێ، ئیستا و لەم چەرخەدا لە گەڵ مینتاڵیتی مرۆ‌ڤی ئەمڕۆ نایەتەوە و نەگونجاوە. كێشە و ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسیەكاندا ئەمری واقیعە و بێگومان لە نێو هێزە كوردیەكانیش دا دەبێ ئاسایی چاوی لێبكرێ و بە رەسمی بناسرێ. دیالۆگ و گوفتوگۆ و بە رەسمی ناسینی جیاوازی بۆچوون و جیاوازی بەرژەوەندیی حیزبی ئەو شیوازەیە كە دەبێ بۆ چارەسەریی كێشەكان رەچاو بكرین و هەڵبژیردرێن. لەم تێكهەڵچوونەی نیوان حدكا و پ.ك.ك هەڵبژاردنی ئەم شێوازە دەیتوانی لە هاتنە پێشی ئەو رووداوە نەخوازراوە بەرگری بكات.
٤- مافی حدكا و هەموو هێزیكی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە تاكتیك و شیوازی خۆی بۆ خەبات و تێكۆشان دیاری بكا و بە كردەوەی دەربێنێ. هێزە سیاسیەكانی پارچەكانی تری كوردستان ئەگەر بە هەر هۆیەك نەتوانن پاڵپشت و یاریدەدەری هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بن، بە هیچ شیویەك بۆیان نیە بەربەست و كۆسپ بخەنە سەر رێگای ئەم حێزبانە. شێوازی خەبات و قۆناغە جیاوازەكانی خەبات لە هەر پارچەیەكی كوردستان تەنیا لە لایەن خەڵك و حیزبەكانی سەر بەو پارچەیە دیاری دەكرێ.
٥- ئێمە پشتگیری و هاودەنگی خۆمان بۆ هەموو ئەو هێز و پێكهاتە سیاسی و كەسایەتیانە دەر دەبڕین كە تا ئیستا تێكۆشاون بە شیوەیەكی هێمنانە بارودۆخەكە هێور بكەنەوە و كۆنترۆڵی وەزعەكەیان كردوە. لەم ناوەدا دەستپێشخەری پارلمانی كوردستان جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە و بێگومان دەتوانی هەم بۆ ئەم كێشەی ئیستا و هەم لە هەر گۆنە رووداوێكی داهاتوودا دەور و كارگەری تایبەتی هەبیت.
٦- ئێمە وێڕای دەر بڕینی هاودەردی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی پێشمەرگەی گیانبەختكردووی حێزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ئارەزووی چاك بوونەوەی هەرچی زووتری بریندارانی ئەم رووداوە، داواكاری ئەوەین سەركردایەتی حدكا بە وریایی و هەستیاری تەواو بەرەورووی ئەم كیشە نەخوازراوە ببێتەوە. لێدوانی كۆنترۆڵ نەكراو لە مێدیا گشتیەكان، نەك هەر چارەسەری كێشەكە نیە بەڵكوو باروو دۆخەكە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زۆرتر دەبات و لە گەڵ بەرژەوەندی بزووتنەوەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نایەتەوە.

رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە
كۆمەڵەی شۆرشگێر – هێڵی یەكگرتنە
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

2 بۆچوونەکان

  1. هیوادارم مەنطق لە ناوتاندا حوکم بکات. تەنانەت ئەگەر جیاوازی زۆریش لەفکرو بۆچوون لە سەر مەسەلەکانی دوارۆژ(دوارۆژی دوور) لە نێواندابێت لەگەل ئەوەشدا بەبروای من بۆ ئستا لە سەر زۆر مەسائل یان بابەت کە پەیوەندی بە خەباتی ڕۆژانە هە یە تا ئاستیکی زۆر هاوکاری یەکتر بن، بەتایبەتی ئەگەر بەراستی باوەرتان بە دیمۆکرسی و تۆلیرانس هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.