ئامارە حكومەتییەكانی ئێران بس لەوە دەكات كە یەك میلیۆن و 350 هەزار گیرۆدەی مادەهۆشبەر لە ئێران بوونی هەیە و لەو رێژەیەش نزیكەی 15% ژنان پێكی دەهێنن. ئاماری دامەزراوە دەوڵەتی و مەدەنیەكان جیاوازییەكی یەكجار زۆریان هەیە و پێدەچێ لە ئێران زیاتر لە 2 میلیۆن هاوڵاتیی گیرۆدەی مادەهۆشبەرەكان بووبێتن.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، ئیدارەی پێشگیریی و چارەسەركردنی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەری رێكخراوی بێهزیستی رایگەیاندووە: 130 هەزار ژنی گیرۆدەی مادەی هۆشبەر لە ئێران بوونیان هەیە كە 37 هەزار كەسیان هانە ژێر چاودێریی رێكخراوی بێهزیستیدا.
“رەزا بەراتی” چالاكی مەدەنی لەوبارەوە وتوویەتی: ئەوەیكە ئێستا زۆرێك لە ژنانی گیرۆدە لە ژێر چاودێرییدان، لە ناوەندە كاتیەكاندا جێگر كراون، بەڵام سەبارەت بە چارەنووسی باقی ژنانی گیرۆدە بە مادەی هۆشبەر و زۆربەیان سەرپەنا و پیشەیەكیان نیە، كاربەدەستانی حكومەتیی هیچ قسە و باسێك ناكەن.
بەراتی دەڵێ: رێژەی ناوەندەكانی پارێزگاری كردن لە گیرۆدەبووان باش نیە و بۆ چارەسەریی و پێشگرتن لە گیرۆدەبوون بە مادەهۆشبەرەكان زۆر كەمن.
ناوبراو رێژەی گیرۆدەبووان زیاتر لە 2 میلیۆن كەس هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێ: بە سەرنج بە ئەو ئامارە ناڕاستانە لە لایەن دەوڵەتەوە بڵاو دەكرێتەوە، رێگای چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان دژوار بووەتەوە.
گیرۆدەبوون لە وڵاتانی پێشكەوتوو وەكوو نەخۆشییەك سەیر دەكرێت و لە رێگای نەشتەرگەریی و رەوانشناسیەوە چارەسەریی بۆ دەكرێ، بەڵام لە ئێران ئەم دیاردەیە وەكوو تاوان سەیر دەكرێت و هەڵسووكەوتی نەشیاو لەگەڵ گیرۆدەبووان بە مادەهۆشبەرەكان روو دەدات.
ساڵانە سەدان كەس بە تاوانی پەیوەنددار بە مادەی هۆشبەرە ئێعدام دەكرێن بەڵام هەتا ئێستا ئەو جۆرە بەرەنگاربوونەوەیە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕی كڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر نەبووە.
بە پێی توێژینەوەكانی دەفتەری خوێندنەوەی كلتووریی وەزارەتی زانستی ئێران كە دەیەی 80 هەتاویی ئەنجام دراوە، 11% لە خوێندكارانی ئێران بە شێوەی بەردەوام مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنن.