لەپلینۆمی پێنجەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان جەخت لەسەر پێكهێنانی هێزێكی لێهاتووی پێشمەرگە دەكرێتەوەو باس لە ئامادەكاریی بۆ حوزوری هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەناوخۆ كوردستان دەكرێتەوە.
بەپێی راگەیاندنی كۆتایی پلینۆمی پێنجەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە كە وێنەیەكی بۆ “زاگرۆس پۆست” نێردراوە، لەو پلینۆمەدا چەندین تەوەر باسو گفتوگۆی لەسەر كراوەو لەبەشێكیدا ئاماژە بە پێكهێنانی هێزێكی لێهاتووی پێشمەرگە كراوەو “راهێنانو بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەو ئامادەكاریی بۆ پێكهێنانی هێزێكی لێهاتوو و خەباتكاری پێشمەرگە بۆ پێویستییەكانی ئێستاو رێگەخۆشكردن بۆ حوزوری هێزی پێشمەرگە لەناوخۆی كوردستان” بە یەكێك ئەركەكانی ئەم خولەی كاری كۆمەڵە دانراوە.
هەروەها لە راگەیاندنەكەدا باس لە یەكگرتنەوە سێ لایەنی كۆمەڵە كراوەو جەخت لەسەر بەردەوام بوونو بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە كراوە.
دەقی راگەیاندنەكە:
راگەیاندنی كۆتایی پلینۆمی پێنجەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە
پێنجەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی سیانزەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە رۆژانی 28ی خاكەلێوە تا 3ی گوڵانی 1394 رێكەوت لەگەڵ 17 تا 20ی مانگی ئەپریلی 2015 لە هەشت كۆبوونەوەدا لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵە بەڕێوەچوو.
پلینۆم بە راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵەو رێگەی ئازادی، بە فەرمی دەستی بەكاركرد. سەرەتا سكرتێری گشتیی كۆمەڵە، هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە راپۆرتی سیاسیو سەردێڕی سیاسەتو ئاراستەكانی دەورەی داهاتووی، پێشكەش بە پلینۆم كرد. راپۆرتی سكرتێر بە شێوەی گشتگیر تاوتوێی باردودۆخی سیاسی ئێستای كردو، گرنگترین ئەركەركانی كۆمەڵە لە دەورەی داهاتووی تێدا باس كرا. لەبەشێكی دیكە لە راپۆرتەكەدا، بەتایبەتی هاوكاریی نێوان بزوتنەوەو حیزبەكانی بەشە جیاجیاكانی كوردستانو، هەروەها پێویستیی هاوكاریی نێوان حیزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جەختی لەسەر كرایەوەو لەم نێوەندەشدا هەوڵەكانی ئەم دواییە بۆ یەكگرتنەوە لە نێو ریزەكانی كۆمەڵە، قسەو باسی لەسەركراو جەخت لەسەر بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە كرا. لەبەشێكی دیكە لە راپۆرتەكەدا ئاماژەیەك كرا بەو بەربەستو گرفتانەی ئێستای بەردەم ئێمە لە باشوری كوردستانو جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێ كارو چالاكییەكانی ئێمە لەم ناوچەیە لەڕووی سیاسیو سەربازیی زۆرتر بێتو ئەم بابەتەش بخرێتە ئەولەویەتی كاری كومیتەی ناوەندییەوە.
پاش پێشكەشكردنی راپۆرتی سكرتێری گشتیی، هاوڕێیان بەشداربووی پلینۆم بە چڕوپڕی قسەو باسیان لەسەر تەوەرە سەرەكییەكانی راپۆرتەكە كردو پاش چەندین كاتژمێر گفتوگۆو دیالۆگ، ئەجێندای كۆبوونەوەكانی پلینۆم بەپێی ریزبەندی خوارەوە ئامادە كرا:
دەورەی داهاتوو و سەرەكیترین ئەركەكانی ئێمە، مەسەلەی دابینكردنی داراییو تێپەڕبوون لە قەیرانی ئێستای دارایی، گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی یەكگرتنەوەی سێ رەوتی كۆمەڵە (رەوتی سوسیالیستی، هێڵی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان)، راهێنانی هێزی پێشمەرگەو ئامادەكاریی بۆ پێكهێنانی هێزێكی لێهاتووی پێشمەرگە، چاكسازیی لەموناسەباتو پەیوەندییەكانو بارهێنانو گۆڕینی نۆرمی ئێستا لە ئۆرۆدوگاكان، كاری رێكخستنەكانی دەرەوەی وڵات، ناوەندەكانی رایگەیاندن، رێكخستنەوەی چالاكییەكانی رێكخستنەكان لە ناوخۆ (كاری رێكخستنی نهێنی)و دابەشكردنی كارو ئەركەكان لەنێوان ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی.
سەرجەمی ئەم خاڵانە لەكۆبوونەوەكاندا قسەوباسو هەڵسەنگاندنیان بۆكراو، هاوڕێیان بەشداربوو بە چەندین باسو دیالۆگی سازندە باسەكانی پلینۆمیان پۆختەتر كرد. پلینۆم بە جەختكردنەوە لەسەر باسەكانی راپۆرتەكەی سكرتێر، ئەولەویەتی كاری كومیتەی ناوەندی بە رۆشنی دیاریكردو ئەو ئەركەی بە كۆمسیۆنێك سپارد تا گرنگترین ئەركەكانی دەورەی داهاتوو دەستنیشانو بۆ كاری پراكتێك خاڵبەندی بكات. ئەم كۆمیسیۆنە كارەكەی خۆی جێبەجێكردو بۆ پەسەندكردن پێشكەش بە پلینۆمی كرد، كە لەلایەن پلینۆمەوە راپۆرتی كۆمسیۆنی ناوبراوو دیاریكردنی ئەولەویەتەكانی ئێمە لەدەورەی داهاتوو پەسەند كرا. گرنگترین ئەولەویەتەكانی كومیتەی ناوەندی بۆ یەكگرتنەوە، چاكسازی لە موناسەباتو شێوەی كاری ئێمە لە ئوردوگاكان، راهێنانو بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەو ئامادەكاریی بۆ پێكهێنانی هێزێكی لێهاتوو و خەباتكاری پێشمەرگە بۆ پێویستییەكانی ئێستاو رێگەخۆشكردن بۆ حوزوری هێزی پێشمەرگە لەناوخۆی كوردستان، بەردەوام بوونی كۆكردنەوەی یارمەتی دارایی لە ئەندامانو یارمەتییەكانی خەڵك لەناوخۆو دەرەوەو، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆو بەردەوام، پەرەپێدانی چالاكییو كاری راگەیاندن. لەسەر ئەم بابەتانە ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی بە رێكەوتنو هاودڵی جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە كومیتەی ناوەندیی دەبێت لە هەمووی ئەو خاڵانە پێشقەدەم بێتو لەهەموو بوارەكاندا چاودێرو ئامادە بێت.
دوابەشی ئەجێندای كۆبوونەوەی پلینۆم دابەشكردنی كار بوو كە لەبەشێكدا پلینۆم هاوڕێیان: رەزا كەعبی، عوسمان خەلیلی، سادق زەندی، فەریبا محەمەدی، خەلیل دەشتیو كەریم كەریمی وەك ئەندامانی دەستەی كارگێڕی دەستنیشان كرد. هەروەها بە كۆی دەنگ هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە جارێكی دیكە وەك سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەڵبژێردرایەوە.
پلینۆم بە سرودی فەرمی كۆمەڵەو هەڵكردنی ئاڵای سوری كۆمەڵە كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
7ی گوڵانی 1394 – 27ی ئەپریلی 2015
دانیشن کوڕی خەڵک مەدەن بە کوشتن و خۆشتان لە ئوروپا خەریکی خۆش گوزەراندنن لەم وڵات بۆ ئەو وڵات بە ناوی کونفرانس گرتنەوە.