بەرپرسێكی ئیدارەی ئەوقافی باشووری كوردستان باس لە كوژرانی دەیان لاوی كورد لە نێو ریزی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەكات.
بە وتەی مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی ئیدارەی ئەوقافی باشووری كوردستان لە بابەتێكدا لە ژێر ناوی “كوردەكانی ئەندامی داعش بەرەو كوێ دەڕۆن” لە لاپەڕی فەیسبووكی خۆی باسی لەوە كردووە كە لە ساڵی 2014ی زایینی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كوردی داعش لە ناوچەی موسڵ، حەویچە و سەعدیە بە تۆمەتی خەیانەت و هاوكاریی لەگەڵ پێشمەرگ لە ریزەكانی گرووپی خەوارج و دەیان كەسی دیكەش گوللە باران كراون.
بە وتەی ناوبراو لە ماوەی 16 مانگی رابردوو 250 ئەندامی كوردی داعش بەم چەشنە دادگایی و كوژراون.
مەریوان نەقشبەندی هەروەها باس لەوە دەكات، ئێستاكە 100 لاوی كوردی دیكە لە نێو ریزەكانی داعشدا ماون.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە باس لەوە دەكرێ تا ئێستا بە سەدان لاوی كورد لە بەشە جیاجیاكانی كوردستان روویان لە گرووپی تیرۆریستی داعش كردووە و ئاماری كوردە پەیوەست بووەكان بە ریزەكانی داعش و رێژەی كوژراوەكانیان لە زاری نەقشبەندیەوە تەنیا تایبەت بە باشووری كوردستانە.