تەقینەوەی مین لە شاری قەسری شیرین بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەكی كورد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، رۆژی دووشەممە 25ی مانگی رەشەممە، بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی 8ی ساڵەی ئێران و عێراق، لە شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای كرماشان، هاوڵاتییەكی خەڵكی ئەو شارە بە ناوی “جەلال بەهرام زادە” گیانی لەدەستدا.
ئەم ڕووداوە لە نزیك پاسگایەكی سنووری دارخور لە ناوچەی “تەنگە حەمام” ڕووی داوەو ئەو هاوڵاتییە كە سەر قاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەكەی بووە گیانی لەدەستداوە و چەند سەر لە ئاژەڵەكانیشی لەو رووداوەدا كوژراون.
ئامارەكان دەریدەخەن، كە لە ساڵی 1390ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا، 133 حاڵەت تەقینەوەی مین و كەرەسەكانی جەنگی لە شاری قەسری شیرین رووی داوە كە بە هۆی ئەو رووداوانەوە 123 كەس بریندار و 13ی گەسیش گیانیان لەدەستداوە.
دەوترێ، لەماوەی 10 ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا 127 كەس لە قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانی شەڕی ئێران و عێراقەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەوتەی دانیشتوانی ناوچەكە خاوێن كردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان ماوەبەماوە ئەنجام دەدرێت و ناوەندە دەوڵەتییەكان هەتا قووڵایی 30 سانتیمیتری ئەو كارەیان ئەنجام داوە و بە پێی كۆنڤانسیۆنە پەسند كراوەكانی ئیدارەی پووچەڵ كردنەوەی مین، پێویستە ناوچە بە مین چێنراوەكان هەتا قووڵایی 80 سانتیمیتر خاوێن بكرێنەوە.