چالاكوانێكی مەدەنیی كوردی خەڵكی شاری “دیواندەرە” لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەكانی ئێرانەوە دەستیگر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، “یەدوڵڵا محەممەدی” تەمەن 42 ساڵ و چالاكوانی مەدەنیی خەڵكی شاری دیواندەرە رۆژی دووشەممە 4ی مانگی رەشەممە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە قۆڵبەست و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.
دەوترێ هێزە ئەمنییەكان لە كاتی دەستبەسەركرانی ئەو چالاكوانە كوردەدا هیچ هۆكارێكیان رانەگەیاندووە و بەم بۆنەوە بنەماڵە و كەسوكاری نیگەرانیی چارەنووسی ناوبراون.
هەتا ئێستا لە هۆكاری گیران و ئەگەری هەر تۆمەتێك بۆ سەر یەدوڵلا محەممەدی هیچ زانیاری و هەواڵێك لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە، لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا كۆمەڵێكی بەرچاو لە چالاكوانانی سیاسی، مەدەنی و كرێكاریی كورد لە شارە جیاجیاكانی كوردستان و بە دەستی هێزە ئەمنیەتی و نیزامیەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیر و هەتا ئێستاش چارەنووسی ژمارەیەكیان نادیارە.