چەند كەسێكی نەناسراوی چەكدار، هێرشیان كردووەتە سەر هێزە ئینتزامییەكانی كۆماری ئیسلامی لە نوك ئابادی خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، كە لە ئاكامدا كوژران و بریندار بوونی 3 كەس لە مەئمورەكانی لێ كەوتووەتەوە.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە حكومەتیەكانی ئێران، كاربەدەستانی نیزامیی كۆماری ئیسلامی ئەو رووداوەیان پشت راست كردووەتەوە و رایانگەیاندووە: كاتێ رووداوێكی هاتوچۆ هاتووەتە ئاراوە و هێزە ئینتزامییەكان لەو شوێنە ئامادەبوون، لە لایەن چەند كەسی چەكدارەوە هێرش كراوەتە سەریان.
ناوی ئەو كوژراو و بریندارانە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە و هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئەم رووداوە لەحاڵێكدایە، كە لە ماوەی 2 هەفتەی رابردوو لانیكەم 30 عاوڵاتیی بەلوچ سەر بە گوندی “نەسیرئاوا” لە باشووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە تۆمەتی “تیرۆریستی” دەستگیر كراون و بە تۆمەتگەلێكی لەو چەشنە بەردەوام خەڵكی ناوچەكە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە زەخت و گوشار دەخاتە سەریان.
“ئەشتەری” جێگری فەرماندەی هێزە ئینتزامییەكانی سیستان و بەلوچستان پاش دەستگیر كردنی ئەو هاوڵاتییانە، ئەوانی بە هۆكاری روودانی 90% لە لە هێرشە چەكداریەكانی سەر هێزەكانی كۆماری ئیسلامی و تەقینەوەكانی سیستان و بەلوچستان زانیوە.
شایانی باسە، لە ماوەی یەكساڵی رابردوو پتر لە 20 چەكداری كۆماری ئیسلامی و 2 ئۆتۆمبیل و هەلیكۆپترێك لە ناوچە جیاجیاكانی بەلوچستان كوژراو و بریندار و تێكشكێندراون و بەشێكی زۆری ئەو هێرشانەش لە لایەن گرووپی “جەیشولعەدل”ەوە گیراوەتە ئەستۆ.