جگە لە خوێندكاران، ژنانێك كە لە ماڵەوە كار دەكەن و سەربازان، 35 هەزار بێكار لە پارێزگای “ئیلام” بوونی هەیە.
“حوسێن تایی” جێگری وەزیری كار دەڵێ: پارێزگای ئیلام 35 هەزار كەسی بێكاری هەیە و ئەوەش بێجگە لە خوێندكاران، سەربازەكان و ژنانێك كە لە ماڵەوە كار دەكەن و بە بڕوای دەوڵەت ئەو كەسانە لە بواری ئابوورییەوە چالاك نین بە بێكار داناندرێن.
ڕاگەیاندنی 35 هەزار بێكار لە پارێزگای ئیلام جگە لە خوێندكاران، سەربازان و ئەو ژنانەی لە ماڵەوە كار دەكەن، لە حاڵێك دایە، كە لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوو هەزار حاڵەتی دزی لە ئیلام ئاشكرا كراونو چاوەدێرانی كۆمەڵایەتیش دەلێن هۆلاری سەرەكیی زۆربوونی دزی لە ئێران بۆ پەرەسەندنی هەژاری و بێكاری دەگەڕێتەوە.
هاوكات فەرماندەی هێزە ئینتزامییەكانی پارێزگای ئیلام وێڕای ئاماژە بە ئاشكرابوونی هەزار حاڵەت دزی لە ماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا وتی، بەپێی ئامارەكان ئاشكرابوونی دزی لە پارێزگای ئیلام زیاتر 35% پەرەی سەندووە.
ئەم كاربەدەستەی كۆماری ئیسلامی دەڵێ یەكێك لە نیگەرانییەكانی پۆلیس لە شارو ناوچەكانی دەورووبەری نیگەرانیی مەڕدارەكان و دزی ماڵاتە كە بە هەوڵی هێزە پێوەندیدارەكان 70 حاڵەتی ئەو جۆرە دزییانە لە ماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵ ئاشكرا بوونو دزەكان دەسبەسەر كراون.
لە لایەكی دیكەوە كاربەدەستانی دەوڵەتیو كۆمەڵناسان باس لە پێوەندی چڕو ڕاستەوخۆی نێوان بێكاری و دزی دەكەنو دەڵێن بێكاری هۆكاری سەرەكیی زۆربەی دزییەكان لە كۆمەڵگایە.
ماوەیەك لەوەپێش سەرهەنگ مالیك وەلیزادە، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ورمێش ڕایگەیاندبوو كە 68%ی دزەكانی ئەم پارێزگایە كە بەندكراون، كەسانی بێكار بوون.
ناوبراو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی كە 75% ی دزە دەستگیكراوەكان گیرۆدەی مادەهۆشبەرەكان بوونو 68% ی ئەوانیش بێكار بوون، دەڵێ 63% ی ئەو كەسانە پاش ئازادكرانیان لە زیندان دووبارە دزییان كردۆتەوە، لەبەر ئەوەی لەلایەن خەڵكی دیكەو تەنانەت كەسوكاریانەوە متمانەیان پێ نەكراوەتەوە.