قاچاخچییانی مادەی هۆشبەری “شیشە” لە شاری “مەهاباد” لاوێكی كوردیان كوشتووە و تەرمەكەیان سووتاندووە.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی باسنیوز، “هیممەت جەسیمی” لاوێكی خەڵكی “گوندی قەرەقشڵاغ”ی مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەدەست قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەكانەوە كوژراوە و تەرمەكەشی سووتێنراوە و زانیاریی زیاتر لەم بارەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
قاچاخچییەكان زۆربەیان مەشرووبی ئەلكولی بەكارهێناوە و هەندێكیشیان خۆیان بە مادە هۆشبەرەكان تووش بوون.
دەوترێ داهاتی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەكان هێندە زۆرە كە ئەو قاچاخچیانە لە نەداری و بێكاریی لاوان كەڵك وەردەگرن و بە كڕینی سەیارەی نوێ بۆیان ئەوان تووشی ئەو رێگا پڕ مەترسیدارە دەكەن.
ئێستا ئەو قاچاخچییانە ئیتر بوونەتە باندێكی مەترسیدار و بە ئاشكرا و بە بەرچاوی كاربەدەستانی حكومەت و هێزە ئینتیزامییەكانەوە هاتووچۆ دەكەن و سەودا و مامەڵەی ئەو مادەیە لە نێوان لاوانی كورد دا دەكەن و گیرۆدەی ئەو چەشنە ماددانەیان دەكەن.
جێگای ئاماژەیە، لە رێگەی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیەوە، لە چەند شوێنێكی شاری “سەردەشت” مادەی هۆشبەری وەك “شیشە و كراك” بەرهەم دەهێنرێت و بەمەش زۆرێك لە لاوانی كورد لە ناوچەی موكریان تووشی مادەی هۆشبەر بوون و دامودەزگاكانی حكومەتیش بەرانبەر بەو دیاردەیە كەمتەرخەمن.