“خالید عەزیزی” سكرتیری گشتی “حیزبی دیموكراتی كوردستان” لە دیداریكدا لەگەڵ رۆژنامەی “ئاوینە” باس لە بە ئاكام نەگەیشتنی هەوڵەكانی بۆ یەگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكرات دەكاو دەڵێ ئێمە تاكو ئێستەش ئەو جیددیەت و بەدوداچوونەمان لە لایەنی دیكەی دێموكرات دا نەبینیوە.
خالید عەزیزی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەسەر سەفەری سكرتێری حیزبی دێموكڕاتی كوردستان بۆ ئەمریكاو داوای ئەوان لە حیزبی دێموكڕات دەڵێ ئەمن لەو سەردانەی واشینگتۆندا، یەكەم باسی ئەوەم كردووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا كێشەكانی قەومی، تایفی و ئاینی كە پاشخانێكی میژویی و چارەسەر نەكراوی هەیە و لە خۆیدا بۆتە ئەسبابی نائەمنی و توندو تیژی و دیاردەی وەك داعیشی لێككەوتۆتەوە، كورد بۆتە فاكتۆڕێك كە ئەگەر دیفاعی لێبكرێ و پشتی بگیرێ و یارمەتی بدرێ دەتوانێ دەوری باشی هەبێ لە دروست كردنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە. دووهەم، ئێمە پێمان وایە كە كۆماری ئیسلامی سەرچاوەی بەشیكی زۆری كێشە و ئاڵۆزێكانی ئەو ناوچەیەن و ئێران بوونی خۆیان لە دروست كردنی كێشە و قەیران و نائەمنی لە ناوچەكەدا دەبینێ و هاوكاتێش بەردەوام سیاسەتی هەڵاواردن و بە ئەمنییەتی كردنی كوردستانی ئێران و بێ ڕیزی بە كەسایەتی و مافەكانی كوردی ئێران درێژە دەدەن. ئێمە داوامان كرد كە ئەمرێكا لە بوارە جۆراوجۆرەكانی مافی مرۆڤ و مافەكانی نەتەوایەتیەكانی كوردی ئێران بە گوێرەی ئیمكان زەخت بۆ ئێران بێنێت. دیارە باسی چالاكییەكانی ئەو دوایەی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش كرا، بەڵام ئەوان داوایەكی بەو شێوەیان لە ئێمە نەكردووە كە ئەو چالاكییانە ڕابگرین.
سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ڕاگیرانی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وتویەتی ئێمە ئێستاش زۆر بە باشی دەزانین كە ئەو پێنج قۆڵی دریژە بە كای خۆیان بدەن. ئێمە نەتەنیا هۆكاری ڕاگیرانی نەبووینە بەڵكو بە شایەدی هەمویان هاندەری ئەوە بووینە كە ئەو پێنج قۆڵی بە كار و بەرنامە بچێتە پێش و شتی عەمەلی هاوبەشیشی لێبكەوێتەوە. بەڵام، بە داخەوە شوێنەواری لەت بوونەكان و ڕوحی یەكتر تەحەموول نەكردن هۆكاری سەرەكییە كە ئەو جۆرە پڕۆژانە لەبار بچی و سەركەوتو نەبێت. سەرەڕای ئەو ڕاستییانەش دیسان ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵی خۆمان بۆ ئەوەی میكانیزمیك لە پێوەندێدا بدۆزینەوە.
عەزیزی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا كە لە ئیستادا بەشبوونیكی حیزبەكانی كوردستان بە سەر دو بەرەی ئیرانو توركیە دەبینرێو حیزبی دێموكڕات خوێندنەوەی بۆ ئەوە چییە، وتی: ئێمە دژی ئەوەین كە لایەنە كوردێكان بە سەر دوو بەرەی توركیە و ئێراندا دابەش بن و بەو جۆرە پێناسە بكرێن. ئێمە لە هەمان كاتدا كە بەشێك لەو بەرەیە نین ، بەڵام بێ گۆمان حیزبێكی دژبەری ئێرانین و كێشەی ئێمە وەك كوردی ئێران لەگەڵ كۆماری ئیسلامیە نەك لەگەڵ توركیە. هیوادارم كێشەكانی نێوماڵی كوردی بە تایبەت لە هەرێم بە شێوەیەكی كوردانە و خۆماڵی چارەسەر بكرێ و لە جیاتی ئەوەی كورد دابەش بێت بە سەر بەرەی توركیە و ئێران، سێ كوچكەی كورد و توركیە و ئێران یان چوار گۆشەی كورد و تورك و ئێران و عەرەب پێك بێنیت.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ پرسیارێكدا لەبارەی ڕۆژهەڵات مێحوەری كە لەو ماوەیەدا حیزبی دێموكڕاتی كوردستان زۆری باس لێكردوە، گوتویەتی: مەبەست لە ڕۆژهەڵاتمێحوەری ئەوەیە كە حیزب و كوردەكانی ڕۆژهەڵات زۆرتر خۆیان بە بەشەكەی خۆیانەوە مەشغوڵ بكەن و تێبكۆشن لە بوارەكانی جۆراوجۆری كار و تێكۆشانی خۆیاندا دەنگ و ڕەنگی ڕۆژهەڵات بن و بەو جۆرە ئەو پیلانەی كۆماری ئیسلامی كە دەی هەوێ مەسەلەی كوردی ئێران لە پەراوێز بخات و كپی بكات پوچەڵ بكەنەوە. من لەو باوەرەدام كە كورد و حیزبی هەر بەشێك لە كوردستان ئەرك و وەزیفەی بەرانبەر بە بەشەكەی خۆی هەیە و ئەگەر ئەو ئەركە باش ئەنجام بدات ئەوە یارمەتێكی باشی بە قەزیەی كورد بە گشتی كردووە. ئێمە وەك حیزبی دێموكرات و كوردی ڕۆژهەڵات لە دەربرینی هەڵوێستی هاودەردی و هاونەتەوەی لەگەڵ پارچەكانی دیكە نەتەنیا كۆتاییمان نەكردووە، بگرە زۆریشمان مایە داناوە. لەسەر یەك هەر وەكی ئاماژەم پێدا ئێمە كوردەكانی ڕۆژهەڵات بە تاك و بە حیزب ئەركدارین كە بە كار و تێكۆشانی خۆمان نەهێڵین ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكەوێتە پەراوێزەو.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، باس كردنی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە پێشەوە نەچوونی پڕۆسەی یەكگرتنەوە، لە حاڵێكدایە كە 3 لایەن كە لە ژێر ناوی كۆمەڵەدا كار دەكەن، بڕیاری یەكگرتنەوەیان دەركردووە و ئەو بڕیارەش بە كردەوە چووەتە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە.