لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چەندین كۆنفرانس و كۆبوونەوە لە نێوان لایەنەكانی *كۆمەڵە*دا بەڕێوە چووە و لە ئاكامدا، بڕیاری دانانی 2 كۆمیسیۆن بۆ یەكگرتنەوە دەركراوە.
كادرێكی *كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان* نزیك لە “عومەر ئیلخانیزادە” سكرتێری ئەو حیزبە، لەو پەیوەندەدا بە *زاگرۆس پۆست*ی راگەیاندووە، 3 لایەن كە لە ژێر ناوی كۆمەڵەدا كار دەكەن بڕیاری یەكگرتنەوەیان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش 2 كۆمیسیۆن بۆ پیاچوونەوە و داڕشتنی “پێرۆ و پرۆگرام”ێكی نوێ دەستنیشان كراوە.
ئەو كادرەی كۆمەڵە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، رایگەیاندووە، كە 3 لایەن لە ژێر ناوەكانی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەوتی سۆسیالیستی كۆمەڵە و كۆمەڵێ لە كادر و ئەندامانی دابڕاو لە كۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران” لە دەوری یەكتر كۆبوونەتەوە و بڕیاری دروستكردنی كۆمەڵەیەكی گەورە و یەكگرتوویان دەركردووە.
هەروەها باس لەوە دەكات، كە رێژەی ئەو كەسانە جگە لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، پتر لە 100 كادر و ئەندامی لە مێژینەی كۆمەڵە دەبێت.
هەر لەو پەیوەندەدا، “محەمەد موهتەدی” یەكێك لە رێكخەرانی رەوتی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە، بە كاناڵی “رووداو”ی راگەیاندووە، كە ئێمە بە مەبەستی یەكخستنی ماڵی كۆمەڵە و بەهێزكردنی رەوتی چەپ و پێشكەوتنخوازی كوردستانی ئەم هەنگاوەمان هەڵهێناوە و بە خۆیشەوە تا ئێستا پێشەوەچوونی باشمان هەبووە.
مۆهتەدی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەم یەكگرتنەوەیە بە مەبەستی دروستكردنی حیزبێكی مەیدانی و پراكتیكیە، كە بتوانێ زۆربەی هەرە زۆری كار و چالاكیەكانی خۆی بباتەوە نێو رۆژهەڵاتی كوردستان.
موهتەدی لە درێژەی وتەكانیدا وێڕای رێزگرتن لە لایەنەكانی دیكە كە لە ژێر ناوی كۆمەڵەدا كار و چالاكی دەكەن و بە رەسمی ناسینیان، هیوای خواست كە رۆژێك هەموو ئەو كەسانەی كە خۆیان بە كۆمەڵە دەزانن و لە مێژوو و لە سەردەمی هاوچەرخی كۆمەڵەدا رۆڵیان گێڕاوە لە دەور یەك حیزب و بەک یەكگوتار و یەك هەڵوێستەدا كۆببنەوە.