لە ماوەی ٦ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە پارێزگای سنە، نزیك بە ٢ هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار كراوە، كە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، ١/٥% چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەرپرسی ئیدارەی تۆماركردنی باری كەسیەتیی پارێزگای سنە رایگەیاندووە، لە هەر شەو و رۆژێكی ٦ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ١٠ ژن و مێرد لە یەكتر جیابوونەتەوە، كە زۆرترین حاڵەتی تەڵاق لە پیاواندا لە نێوان ٢٥ هەتا ٢٩ ساڵ تەمەن و ژنانیش لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵدا بووە.
بە وتەی موحسین ئاقایی، ئەم جیابوونەوانە بووەتە هۆی ئەوەیكە تەمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش لە نیو ژنان و پیاواندا بچێتە سەرتر و تەمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٢٧ بۆ ٨٥ ساڵ و تەمەنی ژنانیش ٢٣ بۆ ٤٥ ساڵ بووە.
هاوكات ماڵپەڕی رێكخراوی تۆماركردنی باری كەسیەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی كردۆتەوە، تەنیا لە ٣ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢١٢ ژن و مێرد (١١٠٦ حاڵەتی تەڵاق) لە پارێزگای كرماشان كۆتاییان بە ژیانی هاوبەشیان هێناوەو لێك جیا بوونەتەوەو لە بەرامبەریشدا ٤ هەزار و ٨١٨ حاڵەتی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار كراوە.
ساڵی رابردووش پارێگای كرماشان لەمەر ئامارێ تەڵاق لە سەرووی باقی پارێزگاكانی دیكەی ئێران بووەو تەنیا لە دەستپێكی مانگی خاكەلێوەوە هەتا كۆتایی مانگی سەرماوەز ٣ هەزار و ٦٣٩ حاڵەتی تەلاق لەو پارێزگایەدا تۆمار كرابوو.
پارێزگای كرماشان، بە پێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ١ ملوێن و ٩٤٥ هەزار و ٢٢٧ كەس دانیشتووی هەیە.
هەروەها بەپێی ئامارەكان، هەزار و ٣١٠ حاڵەتی تەڵاق لە ئیدارەی تۆمار كردنی باری كەسیەتیی پارێزگای ورمێ تۆمار كراوەو لە بەرامبەریشدا ٨ هەزار و ٦٧٠ حاڵەتی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە رووی داوە.
لە ئیلام، كە كەمترین ئاماری حالەتی تەڵاقی تێدا تۆمار كراوە، ١٤٠ حاڵەت لە ماوەی سێ مانگی یەكەمدا بووە و لە بەرامبەریشدا دوو هەزار و ٨٥٨ كەس ژیانی هاوبەشیان پێكهێناوە.
بە شێوەی نێونجی هەموو ساڵێ ١٥٠ هەزار حاڵەتی تەڵاق لە وڵاتی ئێران تۆمار دەكرێ و بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی ئەم رەوتە بەرزبوونەوەیەكی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئامارەكان، زۆرترین حاڵەتەكانی لێكجیابوونەوەی ژن و مێرد لە وڵاتی ئێران، لەماوەی پێنج ساڵی یەكەمی ژیانی هاوبەشیاندا رووی داوە.
كارناسانی كاروباری كۆمەڵایەتی هۆكارەكانی لێكجیابوونەوەی ژن و مێردەكان بۆ بێكاری، نەبوونی پەیوەندی و ناسیاوی لە سەر یەكتر و تووشبوون بە ماددە هوشبەرەكان و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەری ژن و مێرد لە یەكتر، دەگەڕێننەوە.