نامه‌یه‌ك بۆ مه‌سرور بارزانی‌

رێزدار کاک مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان

سڵاوێکی نیشتمانپەروەرانە؛

سەرەتا رێز و سڵاوم بۆتان هەیە‌و هیوادارم کە سەرکەوتو بن. لە رێگەی ئەم نامەوە رووی قسەکانم دەکەمە جەنابتان، چونکە ئێوە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانن. لەو باوەڕەدام کە بەر لەهەموو کەسێک جەنابتان ئاگاداری ئەوەن کە چ بابەگەلێک کاریگەریی خراپ یان چاک لە سەر ئاسایشی نەتەوەییمان دادەنێت. بۆیە لێرەوە داواتان لێدەکەم کە یارمەتیدەر بن لە ئازادکردنی ئەو چالاکانەی رۆژهەڵات کە رۆژانێکە دەسبەسەر کراون.

پێدەچێت ئەوەی کە سەبارەت بە کونسولگه‌ری کۆماری ئیسلامی کرا دەرەنجامی تێنەگەیشتنی هەڵە لە لایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە بێ، بەڵام ئەوەی لە هەموو بەڵگەی ڤیدیوی‌‌و وێنەکاندا دیارە هیچ یەک لەو کەسانە کە ئەمرۆ دەسبەسەر کراون، دەستیان لەو کارەدا نەبووە. بۆیە پێم وا نیە هیچ پاساوێکی هەبێ کە رەوایەتی بداتە دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە.

لە سەرەتای نامەکدا باسم لەوە کرد کە ئێوە لە هەموو کەسێک باشتر ئاگاتان لە کاریگەری خراپی  پرسێک لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە. لەم رەهەندەوە وەبیرتان دێنمەوە کە ئاسایشی وڵاتێک تەنها پەیوەست نیە بە توانای تاکەکانه‌وه، بەڵکوو دەبێ هێزێکی مەعنەوەیش یارمەتیدەری ئەم ئەرکە بێت. لەم ساڵانە‌دا لاوان‌و بەگشتی خەڵکی رۆژهەڵات لەگەڵ خەم‌و شادییەکانی باشوردا بوونە، ئەوان بەردەوام وەک کەسانێکی بەرپرسیار یارمەتیدەری ئاسایشی ئەم وڵاتەن. بەشێوەێک کە ئاسایشی هەرێمیان بە ئاسایشی خۆیان زانیوە. نمونەی بەرچاوی ئەم رەفتارە دەتوانین لە ستراتژی پارتە سیاسیەکان ببینین کە بەردەوام چاویان لە بەرژەوەندییەکانی هەرێم بووە. هەروەها ئەگەر سەیری کەسایەتی‌و رۆشنبیرانی رۆژهەڵات بکەن بۆتان دەردەکەوێت کە تاکوو ئەمرۆ یارمەتیدەری هەرێم بوونە لە زۆر رەهەندەوە.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوانەی کە باسم کرد، حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم کە بە دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکانەی رۆژهەڵات، دەرفەتی ئەوە بە دوژمنانی کورد مەدەن کە مەودا لە نێوان کوردی رۆژهەڵات‌و باشوور ساز بکەن. ئەمە لە زۆر بوارەوە کاریگەری خراپ لەسەر ئاسایشی باشوور دادەنێت. هەروەها بەردەوامبوون لە سەر ئەم رەوشە ئەو دەنگۆیانە بەهێز دەکات کە هەرێم، ئاسایشی ئێرانی لە پرسی کورد لە رۆژهەڵات پێ گرینگترە.

پێموا نیە ئەو کەسانەی دەسبەسەرکراون لە نزیکەوە بناسن. بەڵام دوو لەو کەسانە قوتابی من بوونە‌و جوان دەزانم کە چەن نیشتمانپەروەرن. بۆیە مانەوەی ئەم کەسانە دەتوانێت کاریگەریی خراپیان لە سەر دابنێت. هەروەها ئەو چالاکانە کۆمەڵە کەسانێک بوونە کە دوورو نزیک لایانگریان لە پرسی کورد لە باشوورو هەروەها ئاسایشی هەرێم کردووە. بۆیە ئەگەر پێوانەش رەفتاری تاکەکەسیی ئەوان بێت، پێم وا نیە کە رەوا بێ لەوە زیاتر لە بەندیخانەدا بن.

لە کاتتان ناگرم‌و تەنها بەم نامە کورتە ویستم کە داواتان لێبکەم کە لە ئازادیی ئەم چالاکانە دەسپێشخەر بن. شانازی ئێمە لە هەرێم ئەوەیە کە زیندانیی سیاسی نییە، بەڵام ئەم حەوت چالاکە لە سەر پرسێکی سیاسی گیراون. بۆیە لە هەر لایێکەوە چاو لە پرسەکە بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە بەردەوامبوون لە سەر ئەم دەسبەسەرکردنە لە قازانجی کوردستاندا نییە.

براتان حیسام دەست پیش

01-Dec-13

سەرچاوە: NRT

وێنه: حسام ده‌ست پیش، ئینتێرنێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.