عەلی فەدەوی فەرماندەی چەكدارە دەریاییەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، یەكێك لە بەرنامەكانی سپای پاسداران دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە “كەنداو”ە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتی فارس، رۆژی شەممە 10ی مانگی خەزەڵوەر عەلی فەدەوی لە بەرنامەیەكی دێكۆمێنتاری بە ناوی “بەرانبەركێ لەگەڵ شەیتان” كە لە كاناڵی “سورەیا (پریا)” بڵاو بووەتەوە، باسی لەوە كردووە كە ئێمە بەرنامەمان بۆ دەركردنی ئەمریكا لە كەنداو هەیە و ئەگەر ئەمریكا ناوە فڕۆكە هەڵگرەكانی نەگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی ئێمە دەتوانین لە هەر 50 چركەدا یەك دانەیان تێكبشكێنین.
ئەمریكا لە ساڵی 2003 زایینیەوە لە ئاوەكانی كەنداو بە شناوەرەكانی خۆی گەشت لێ دەدات و ئەو فەرماندەیەی سپای پاسدارانی ئێرانیش ئیدعای كردووە كە، ئێمە سنووری دەریایی ئەمریكامان لەم ناوچەیە تێكشكاندووە و لە نزیك شناوەرەكانی ئەمریكا هاتوچۆ دەكەین.
لەو بەرنامە دێكۆمێنتاریە وێنەگەڵێك لە تێكهەڵچوونی چەكدارانی ئێران و ئەمریكا لە كەنداو تایبەت بە ساڵی 66 و هێرشی چەكدارانی ئێران بۆ سەر كەشتی نەوتهەڵگری “ریجتۆن” بڵاو بووەتەوە.
بە پێی ئەو راپۆرتە لە رێكەوتی ژوئیەی ساڵی 1987ی زایینی، نەوتهەڵگری كوەیتی “ئەلڕكارە” كە لە ژێر ناوی “بریجتۆن” و بە پشتیوانی ناوگانەكانی ئەمریكا لە كەنداو خەریكی رۆیشتن بوو، بە هۆی تەقینەوەی “مین”ێكی ئێرانی تووشی خەسار بوو و لە 15 ئاگۆستی هەر ئەو ساڵەدا تانكرێكی ئەمریكایی بە ناوی “سی ئایل سیتی”لە حاڵی وەستان لە كەنارەكانی كوەیت بوو، كەوتە بەر پەلاماری موشەكێكی ئێرانی بە ناوی “كرمی ئاورێشم”. ئەمریكاش بە لەنێوبردنی 2 سەكۆی نەوتیی ئێران بە ناوەكانی “سەلمان و سیری” وەڵامی موشەك هاویشتنەكەی كۆماری ئیسلامی دایەوە و لە 21ی سێپتامبری هەر ئەو ساڵەدا ئەمریكا كەشتیەكی ئێرانی بە ناوی “ئەرج” كە خەریكی دانانی مینی دەریایی بوو، تێكشكاند.