بڕیارە رۆژی هەینی ٩ی خەزەڵوەر لە سەرجەم شارەكانی سەر بە پارێزگای ورمێ كۆبوونەوە و رێپێیوانی لایەنگرانی “ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونكر”كە بە باڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامی دەناسێنرێت، بەڕێوە بچێت.
ئەو خۆپیشاندان و رێپێوانە كە لە ژێر بڕیاری ناوەندەكانی سەر بە بەیتی رێبەریی كۆماری ئیسلامی رێكخراوە لەلایەن ستادی ” ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونكر” بەڕێوە دەچێت.
عەلی قەنبەری جێگری ئەو ناوەندە دەوڵەتییە لە پارێزگای ورمێ بە هەواڵنێری حكومەتی فارسی راگەیاندووە، شوێنی كۆبوونەوەكە مزگەوتەكان دەبێت و بە پلاكارد و پوستر و دروشمی توندیش لەو كۆبوونەوانە بەرز دەكرێتەوە.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە ماوەیەك پێش ئێستاش لە پارێزگای ئیلام، ئەو رەوتەی سەر بە كۆماری ئیسلامی سیمینارێكیان لەژێر ناوی” ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونكر” بەڕێوە برد كە تێیدا قۆناغی ئێستای وڵاتی ئێران بە سەردەمی سەدری ئیسلام بەراورد كرابوو.
ئیمام جومعە و نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئیلام لەو سیمینارەدا وتبووی: تەنیا لە رێگەی قورئانەوە دەتوانین بە سەر كێشەكاندا زاڵ بین و باقی زانست و هەوڵ و تەقالاكانی مرۆڤی بە فشە ناولێبرد.
ئەو رێپێوانە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند رۆژی رابردووداو پاش رووداوەكانی پژاندنی ئەسید لە ئیسفەهان و چەند شارێكی دیكە لەوانە قوم، مەشهەد و تاران و … خەڵك دامەزراوەی توندڕەوی “نەهی لە مونكر و ئەمری بە مەعروف” بە تاوانباری سەرەكی ئەو كردەوانە دەزانن.
لەتۆڕەكۆمەڵایەتی و لەنێوان هاووڵاتییاندا، پرسی وەكوو دژكردەوە بە بێحیجابی باسی لێوە دەكرێو لەو باوەڕەدان دەست و پێوەندیەكانی سەر بە باڵی توندەڕەوی كۆماری ئیسلامی ئەو كارانە دەكەن.
لەشارەكانی ئیسفەهان، تاران، مەشهەد، قوم و زانكۆكانی دیكەی ئێران و كوردستانیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پژاندنی ئەسید كۆبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوە برد.