دوو شه‌ممه‌ 9 ئه‌یلول 2024

“مەلا كرێكار” ئازاد دەكرێت

بەوتەی بەرپرسێكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بڕیار وایە بەم زووانە، مەلا كرێكار ئەمیری‌ پێشووی‌ گروپی‌ ئەنسارولئیسلام كە گرووپێكی توندڕەو بوو ئازاد بكرێت. چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت: “هاتنەوە مەلا كرێكار خیانەتە بەخوێنی هەموو ئەو پێشمەرگانەی یەكێتی كە لە گوندی خێڵی حەمە نامرۆڤانە قەسابی كران”.

عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە، كە زانیاری تازەمان بە دەست گەیشتووە بەم نزیكانە مەلا كرێكار ئازاد دەكرێت، وتی ‘مامۆستا كرێكار ماوەی زیندانیكراوی خۆی تەواو كردوە، بە پێی نوێترین زانیاری كە دەستمان كەوتووەن بەم نزیكانە ئازاد دەكرێت’.

گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، رۆژی ئازادكردنی مەلا كرێكاری ئاشكرا نەكرد، تەنها ئەوەی خستەروو لەو چەند رۆژەی داهاتوو دەبێت و نزیك بۆتەوە.

بەتۆمەتی هەڕەشە لە خەڵكانێك كە بڕوایان بە ئاینی ئیسلام نییە، یان لەسەر هاندانی خەڵك بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، لە رۆژی 15/2/2012ەوە دادگایی كردنی مەلا كرێكار لە نۆروێژ دەستیپێكردوە.

سەبارەت  بە هەوڵی گەڕاندنەوەی  مەلا كرێكار بۆ كوردستان ،عەبدوڵڵا وەرتی، دەڵێت ‘مامۆستا كرێكار هاوڵاتیەكی خەڵكی كوردستانە و مافی خۆیەتی لە كوردستان بژیت و بگەرێتەوە بۆ كوردستان، ئێمەش ئامادەین بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنی پێوەندار بۆ گەراندنەوەی’.

وتەكانی ئەم بەرپرسەی بزوتنەوەی  ئیسلامی لەكاتێكدایە كە بەبۆچوونی چاودێرێكی سیاسی لەباشوری كوردستان گەڕانەوەی مەلا كرێكار بۆ كوردستان تاوانێكی گەورەیە.

سەبارەت بە ئازادكردنی مەلاكرێكار، چاودێرێكی سیاسی لەباشوری كوردستان بە زاگرۆس پۆستی راگەیاند “مەلا كرێكار سەركردەی گروپێكی تیرۆریستی بووە‌و چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە. هاتنەوە مەلا كرێكار خیانەتە بەخوێنی هەموو ئەو پێشمەرگانەی یەكێتی كە لە گوندی خێڵی حەمە نامرۆڤانە قەسابی كران”.

مەلا كرێكار ناوی تەواوی نەجمەدین فەرەج ئەحمەدە‌و ساڵانێكی زۆر لە مزگەوتەكانی سلێمانی بە وتارەكانی هانی گەنجانی كوردی دەدات بۆ كاری توندڕەوانە.

مەلا كرێكار سەركردەی گروپی تیرۆریستی ئەنسار ئیسلامە كە ئەم گروپە 23ی سپتامبری ساڵی 2001 هێرشیان كردە سەر گوند “خێڵی حەمە” لەنزیك هەڵەبجە‌و لەگوندەدا 42 پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كوشت‌و تەرمی ژمارەیەك لەو پێشمەرگانەیان شێواند ئەویش بە سەربڕین‌و دەرهێنانی چاو‌و برینی لوت‌و گوێچەكانیان.

سەرەڕای ئەو مەلا كرێكار لەو ساڵانەی لە زیندانی نۆروێژدا بووە بەردەوام فەتوای توندڕەوانەی دژی كورد‌و بەرپرسان‌و نوسەر‌و روناكبیرانی كورد داوە.

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.