تا ئێستا ناوجەرگەی شاری كوبانی و شوێنە گرنگەكانی شارەكە لەدەست گریلاكانی یەپەگە دایە، بەڵام داعش لە چواردەوری شارەكەیە و ئێستاش شەڕێكی قورس لە رۆژهەڵات و باشووری شارەكە لە ئارادایە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە یەپەگە بە سپی میدیای راگەیاندووە كە ئەو هەواڵانە راست نین كە هەندێك دەزگای میدیای جیهانی بڵاویدەكەنەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رێژەی ئەوەندەی شارەكە بەدەست چەكدارانی داعشەوەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد كە بەشێوەیەكی گشتی شاری كوبانی بەدەست یەپەگەوەیە، ناوجەرگەی شارەكەو هەموو شوێنە هەستیارەكانی تا ئێستا بەدەست شەڕەڤانانی یەپەگەوەیە، ئەو سەرچاوەیە وتیشی كە راستە چواردەوری شاری كوبانی بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و باشوورەوە چەكدارانی داعش گەمارۆی ئەو گەرەكانیەنا داوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە شەوی هەینی لەسەر شەممە گریلاكانی یەپەگەو یەپەژە لە سێ شوێن چالاكی ئەنجامداوە كە ئەمرۆ یەپەگە خۆی لە راگەیەندراوێكدا بڵاو دەكاتەوە.
سەبارەت بە جموجوڵەكانی داعش و هێرشەكانیان ئەو وتی” بەیانی ئەمرۆ شەممە 19ی رەزبەر لە قۆڵی رۆژهەڵات و باشورەوە هێرشێكی چڕیان كردۆتەوە سەر هێزەكانی یەپەگەو تا ئێستا شەڕێكی قورس لەئارادیە”.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە كە لەشەڕی ئەمرۆ شەممە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تۆپبارانی چەكدارانی داعشەوە لەشارەكە ” گیانیان بەخت “كرد.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەیەكی گرنگی بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێی شەڕ لەچەكدارانی داعش كرد و وتی “لەسەرێكانیش بەرەیەكی نوێ لەچەكدارانی داعش كراوەتەوە گریلایش پێشڕەوی بەرچاویان كردووەو گورزی كوشندەیان لە داعش داوە كەلەبەیاننامەی ئەمرۆی یەپەگەدا ئاماژەی پێ دەدرێت”.