بەرخۆدانی کۆبانی / رەزا کەعبی

١- شەڕی کۆبانی هەتا ئێستا پەیامی خۆی بە دنیا گەیاندووە. ئەم خەبات و بەرخۆدانە مێژووییە کەم وێنەیە، لە سۆنگەی ئەو پەیامەی هەڵگری بوو و لە رووی خۆڕاگری و ورە، چووەتە ریزی شەڕە ناودارەکانی مێژووەوە. بەڵام نابێ لەگەڵ هیچ بەرەنگارییەکی دیکەی وەک (شەڕی ستالینگراد، دین بین فۆ، شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە و…) بەراورد بکرێت و بە پێوەری ئەو شەڕانە سەیر بکرێت. کۆبانی خۆی ناوە، بەرخۆدانە، ورە و خەباتێکە کە دەبێت بکرێتە پێوەری خەبات و خۆڕاگریی دیکە. کۆبانی نە هەر بووەتە پێوەرێک بۆ هەر بەرەنگارییەک لە داهاتوودا، بەڵکوو بەها و بنەمای نوێی خوڵقانددوە.

٢- ئەنجامی ئەم شەڕەی کۆبانی، هیچ لە پەیامی ئەم بەرەنگارییە و کارکرد و ئاسەوارەکانی هەتا ئێستای ناگۆڕێت. ناو و خۆڕاگریی کۆبانی، ژنە خەباتکارەکانی، پیرە چەک بە دەستەکانی و تەنیا مانەوەی لە ناو هەرا و هاواری جیهانیی “دژە داعش”، سنوورەکانی هەموو جیهانی بڕیوە. میدیاکانی جیهان، حیزبە چەپ و راستەکان،هەڵسووڕاوان و خەباتکاران لە کوردستان، ئێران، تورکیا، ئورووپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، بۆ کۆبانی و خۆڕاگرییە بێ وێنەکەی هاتوونەتە دەنگ و زۆر کەسی کێشاوەتە سەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا بۆ پەیوەست بوون بە شەڕی خۆڕاگریی کۆبانی.

٣- کۆبانی بووەتە ناوەندی هەموو ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە داعش هێندەی دیکە ئاڵۆزی کردووە. کۆبانی، رووی راستەقینەی سیماکان و درووشمەکان نیشان دەدات. جیهانی رۆژئاوا چاوەڕوانی چییە و عەوداڵی کامە ئەنجامە لە کۆبانی؟ بۆ لە عیراق هەڵدەکوتنە سەر داعش، بەڵام لە سووریا نا؟ (بریتانیا و فەڕانسە رایانگەیاندووە لە سووریا کاری سەربازی ناکەن، لە حاڵێکدا کۆبانی پێویستی بە یارمەتی و پشتگیرییە. ئەم سیاسەتەی فەڕانسە و بریتانیا ئەگەر رەزامەندی نەبێت بۆ تێکشکانی کۆبانی، کەواتە کەمتەرخەمییەکی جەنایەتکارانەیە). کۆبانی لە هەمیشە زیاتر پێگە و دۆخی تورکیا نیشاندەدات. بۆ تورکیا، دەبێت کۆبانی تێک بشکێت بۆ ئەوەی هەم پرسی کورد بۆ ماوەیەک لە خۆی دوور بکاتەوە و هەم یەکڕیزیی گەلی کورد لە سوریا دوا بخات و هەم پ.ک.ک سەرکوت بکرێت و سەرپۆشێکیش بێت بۆ شکستی سیاسەتەکانی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە سوریا و ناوچەکە. سووربوونی داعش لەسەر گەمارۆی کۆبانی، دەریدەخات کە شکستی داعش لەم شەڕەدا، سەرەتای تێکشکانییەتی لە هەموو شوێنەکان و بە شکست هێنانی، سەنگ و قورسایی نە لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەمێنێت و نە بۆ پلانەلانی داهاتووی. تێکشکانی خۆڕاگریی رەوا و جەماوەری لە کۆبانی، بۆ داعش هەم تاکتیکە و هەم ستراتێژی.

٤- ناوەرۆکی شەڕ و خۆڕاگریی کۆبانی، لەگەڵ هەموو پێکدادانەکانی دیکەی ناوچەکە لە دژی داعش، جیاوازە. کۆبانی لە پاڵ شەڕ و خۆڕاگریی پێشمەرگە، سیمای بزووتنەوەی رەوا و حەقخوازانەی کوردستانی لە هەموو بەشەکان خۆشەویستتر کردووە. خەباتی ژنانی کۆبانی، سەنگ و قورسایی ئەم بەرخۆدانەی زۆر زیاتر کردووە و روح و ناوەرۆکێکی مرۆییتر و ئازادیخوازانەتری پێبەخشیوە.

٥- بۆ کۆبانی و کوردستانی رۆژئاوا، کەوتنە گەمارۆی داعش، درێژەی هەمان سەرکوتکاریی لەمێژینەیە بەڵام بە ئامرازێکی جیاواز و رەچاوکردنی هەمان ستراتێژییە لە رێگایەکی دیکەوە. ئەم بەرەنگارییە و ئەم ئامرازە نوێیەی سەرکوتە کە سۆز و لایەنگرییەکی بەرین و هەمە چەشنی بۆ کۆبانی هێناوە.

٦- کۆبانی مەبەست و ئامانجی “پرۆسەی ئاشتی” ئەردۆغان و تورکیای بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە، ئاشکراتر کرد. لەحاڵێکدا کە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەردۆغان بە بەر چاوی هەمووانەوە باس لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان دەکات، (ئێستا جۆ بیدن، کەسی یەکەمی تورکیا بە هاوکاری کردنی داعش تۆمەتبار دەکات) بە دوور لە هەموو عەقڵێک، جیاوازی لە نێوان داعش و پ.ک.ک نابینێت.

٧- شەڕی کۆبانی، لە ناو دڵی رووداوەکانی چەند مانگی رابردوودا، زیاد لە هەر شتێکی دیکە رای گشتی بەرەو بنچینە و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی خێرای داعش و کارکرد و پلانە ئاڵۆزەکانی دەبات. لە ناو گەمەی شەترەنجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەمێژە بەردەوامە، داعش وەک مۆرەیەکی ئەم شەترەنجە، ناکرێت سەرەڕۆیانە هاتبێتە ناو گەمەکەوە. گومان لەمبارەیەوە، زۆر بەربڵاو بەردەوامە.

٨- کۆبانی هاوکات، ئاڵقەی پەیوەندی و یەکگرتوویی نوێی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی هەموو بەشەکانی کوردستانە. پشتیوانی لە کۆبانی، بووەتە ئۆرکێسترایەکی مەزن و ژەنیارەکانی لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە ئامەد و کرماشان و سنە و سابڵاغ و سلێمانی و هەولێر، هاوکات لەگەڵ دڵسۆزانی بزووتنەوەکە لە لەندەن و ستۆکهۆڵم و سیدنی و فرانکفۆرت و بەرلین و ئەمریکا و کەنەدا، مارشێکی هاوبەش دەژەنن.

٩- خەباتی کۆبانی، زیاتر لە هەموو کاتێک بۆمان دەسەلمێنێت کە بزووتنەوە رزگاریخوازانەکانی کوردستان، چارەنووس و رێگا و داهاتوویەکی هاوبەشیان هەیە. بزووتنەوەکانی کوردستان، هەمیشە بەهای دیموکراتیک و مرۆڤدۆستانە و پێشکەوتوو و سیکۆلار و جەماوەرییان لە هەناودا پەروەردە کردووە و ئەمە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگای کوردستانە لە رووی ئایینی و نەیەوەییەوە کە پێکەوەژیانێکی لەمیژیینەی تێدایە کە لە هەموو ناوچەکەدا بێوێنەیە. کۆبانی، پێویستیی یەکگرتوویی هەموو هێزە سیاسی و خەباتکارەکانی کوردستان زیاتر ئاشکرا دەکات. هیچ چارەیەکیتر نییە جگە لە نزیکایەتی و یەکگرتوویی و هاوپشتیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان. نابێت دەرفەتی تەڕاتێن لە ناو حیزبەکانماندا، بە وڵاتانی ناوچەکە بدرێت.

١٠- کۆبانی جارێکی دیکە سەلماندی کە رزگاری و گەیشتن بە ئازادی، بە هێزی جەماوەر و پشتبەستن بە رێکخستن و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو بوارەکاندا، مسۆگەر دەبێت. سوودوەرگرتن لە هەلومەرج و لێکدانەوەی بارودۆخ و هاودەنگی لەگەڵ ئەم یان ئەو هاوپەیمانێتی، نابێ هیچکات لە هێزی جەماوەر دوورمان بخاتەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.