کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له مێژ ساڵه گیرۆده‌ی بوحرانی ته‌شکیلاتی و گیروگرفتی نێوخۆییه. ئه‌و بوحرانه هه‌تا هاتوه قووڵتر بوه‌ته‌وه.
لێکترازانی شیرازه‌ی ته‌شکیلات، ئینشیعاباتی یه‌ک له دوای یه‌کی ساڵانی ڕابردوو، گیروگرفته‌کانی نێو کۆنگره‌کان، خۆکاندیدنهکردنهوهی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌ندامانی پێشووی کومیته‌ی ناوه‌ندی بۆ وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌رک له‌و ئاسته دا (وه‌ک ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌و ڕه‌وته‌ی له کۆمه‌ڵه دا ده‌چێته پێش)، له‌ده‌ستچوونی به‌رچاوی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵه، دابه‌زینی یه‌گجار زۆری ئاستی که‌یفیه‌تی کاری ئۆرگانه ته‌شکیلاتیه‌کان، ئه‌وانه و زۆر شتی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته، دیارده‌ی ئه‌و بوحران و ئاڵۆزییه‌یه که له به‌ر چاوی هه‌مووانه.
ئه‌وه‌ی له‌و نێوه دا تازه‌یه و زۆر جێی سه‌رنجه ڕهواڵێکه که ڕێبه‌ریی ئێستای کۆمه‌ڵه بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بوحڕان گرتوویه‌ته‌به‌ر. ئه‌و ڕێبه‌رییه ساغبوه‌ته‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ودا به هیچ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و بیرێکی سه‌ربه‌خۆ له ته‌شکیلات دا نه‌دا، گوێبیستی ڕه‌خنه و سکاڵای که‌س نه‌بێ، هه‌رچیی ملکه‌چی بڕیار و کرده‌وه‌ی چاک و خراپی ئه‌وان نه‌بێ له حیزب ته‌سفیه‌ی که‌ن و له‌و ڕێگایانه‌وه فه‌زایه‌ک له ته‌شکیلات دا بخوڵقێنن که که‌س نه‌وێرێ لێپرسینه‌وه‌یان لێ‌بکا و ته‌وزیحیان لێبخوازێ. ساغبوونه‌ته‌وه به‌و مه‌به‌سته له قوربانی کردنی هیچکه‌س، هیچ پڕه‌نسیپێک و هیچکام له به‌ها و شانازییه‌کانی کۆمه‌ڵه سڵنهکهن. ته‌سفیه‌ی کادره‌کانی له ئاستی ده‌فته‌ری سیاسی و کومیته‌ی ناوه‌ندی دا، بوختانبۆههڵبهستنیان و به‌پێی ئه‌و بوختانانه حوکم دان له سه‌ریان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌جالێک بدرێ ئه‌و بوختانانه جواب بده‌نه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌رجه‌عێکی ته‌شکیلاتی هه‌بێ بتوانێ پێداچوونه‌وه به‌و حوکمانه دا بکا، به‌پێچه‌وانه نیشاندانی ڕاستیه‌کان(تحریف حقایق) و درۆسازکردن بۆ پاساوکردنی کرده‌وه‌کانیان له نێو ئه‌ندامان دا، هه‌ڕه‌شه‌ی تهشکیلاتیکردن و لێپرسینه‌وه له ئه‌ندامان له سه‌ر لایککردنی نووسراوه و کامنتی ناڕازییان، که له‌و ماوه‌یه دا به فراوانی له قسه و نووسراوه‌کانی ئه‌و ڕێبه‌رییه دا بینراوه، ئه‌و ئیدیعایانه به‌باشی ده‌سه‌لمێنێ.
پێکهاتنی وه‌ها وه‌زعیه‌تێک له‌و حیزبه دا له لایه‌که‌وه حاسڵی سه‌رکه‌وتوونه‌بوونی هه‌وڵه‌کانی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه و له لایه‌کی دیکه‌وه ئاکامی زاڵبوونی ڕه‌وتێک به سه‌ر ته‌شکیلات دایه، که ئه‌و وه‌زعه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی خولیا و پڕۆژه‌کانی خۆی به موناسب ده‌زانێ. ئه‌و ڕه‌وته له ساڵها له‌وه‌پێشه‌وه پلانی بۆ پڕۆژه‌که‌ی خۆی داڕشتوه، هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو به‌ره‌و پێشی بردووه و له کۆنگره‌ی ١٤ دا مه‌شرووعییه‌تی ته‌شکیلاتیی بۆ به‌شی گرینگ و ناته‌واوی پڕۆژه‌که‌ی خۆی وه‌رگرتوه.
له ساڵونێوێک پێش کۆنگره‌ی ١٤ه‌وه ژماره‌یه‌ک له کادره‌کان که له زۆر پێش ئه‌وه‌وه له‌و وه‌زعه‌ی به سه‌ر ته‌شکیلات دا هاتبوو، ناڕازی بوون، ده‌ورێکی تازه‌ی هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی کۆمه‌ڵه‌یان ده‌ستپێکرد. ئه‌وان له نامه‌یه‌ک دا که بۆ کومیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌یان ناردبوو، به وردی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان له سه‌ر بارودۆخی ته‌شکیلات و هۆکاره‌کانی بوحڕانی کۆمه‌ڵه باس کردبوو. له‌و نامه‌یه دا چ له باری ڕێباز و خه‌تی سیاسی و چ له باری حیزبیه‌ت و موناسه‌باتی ته‌شکیلاتیه‌وه، به‌لاڕێداچوون و که‌موکووڕیه‌کانی کۆمه‌ڵه خرابوه به‌ر چاو. له باری خه‌تی سیاسییه‌وه باس له‌وه کرابوو که کۆمه‌ڵه له ڕێبازی دیفاع له مافی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش لایداوه، قسه له‌وه کرابوو که پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌تا هاتوه لاوازتر بوه، له به‌شیک له سیاسه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵه وه‌ک چۆنیه‌تیی موناسه‌باتی له‌گه‌ڵ جه‌ره‌یاناتی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، هه‌ڵوێسته‌کانی دواتری به‌رانبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ئیران، خۆتهریکخستنهوهی له‌وه‌ی پێیدهکوترێ “ته‌یفی کۆمه‌ڵه” و چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه ڕه‌خنه گیرابوو. له باری موناسه‌باتی حیزبی و ته‌شکیلاتییه‌وه ڕه‌خنه له‌وه گیرابوو که ڕیبه‌ریی تاکه‌که‌سی زۆر به سه‌ر ته‌شکیلات دا زاڵبوه و ڕێبه‌ریی جه‌معیی کومیته‌ی ناوه‌ندی خه‌ریکه به‌ته‌واوی مانای خۆی له‌ده‌ستده‌دا، پرسپێکردن به کادر و ئه‌ندام و به‌ده‌نه‌ی ته‌شکیلات له داڕشتنی سیاسه‌ته‌کان و دیاریکردنی ئه‌رک و پڕۆژه‌کان، ئاگادارکردنه‌وه‌یان له ئاکامی ئه‌و سیاسه‌ت و ئه‌رک و پڕۆژانه و له‌و ڕێگایه‌وه به‌شدارکردنیان له به‌ره‌وپێشبردنی ته‌شکیلات، ئاسه‌واری نه‌ماوه، شیرازه‌ی ئینسیجامی ته‌شکیلاتی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و به‌گشتی حیزبیه‌ت له کۆمه‌ڵه دا زۆر لاواز بوه.
نووسه‌رانی نامه باسیان له‌وه کردبوو که ئه‌و گیروگرفتانه هه‌موو چاره‌سه‌ریان هه‌یه و داوایان کردبوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ کومیته‌ی ناوه‌ندی و دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ته‌شکیلات دابنیشن و بیروڕا بگۆڕنه‌وه. ئاماده‌یی خۆشیان ده‌ربڕیبوو بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گرفتانه هاوکاری بکه‌ن و هه‌موو توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ.
کومیته‌ی ناوه‌ندی هه‌یئه‌تێکی بۆ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان دیاریکرد. کاک عه‌بدوڵڵا موهته‌دی که سه‌رپه‌ره‌ستیی هه‌یئه‌ته‌که‌ی ده‌کرد قسه‌وباس و ڕه‌خنه‌کانی نووسه‌رانی نامه‌که‌ی به دڵ نه‌بوو و کۆبوونه‌وه‌که بێ‌ئاکام ماوه، له گه‌ڕانه‌وه‌ش دا گوزارشێکی نادروستی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه و هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌و هاوڕێیانه دابوو به کومیته‌ی ناوه‌ندی. نووسه‌رانی نامه‌که دواتر که ئه‌وه‌یان بیسته‌وه، ڕه‌خنه‌یان له‌و شێوه گوزارشدانهی کاک عه‌بدوڵلا گرت. کومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌وانی بۆ پلێنۆم بانگهێشت کرد تا ڕاسته‌وخۆ قسه‌وباسه‌کانیان ببیستێ. ئه‌و پێشنیهاده پێشوازیی لێ‌کرا و ئه‌و هاوڕێیانه له پلێنۆم دا به‌شدارییان کرد. هه‌ڵوێستی کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و هه‌یئه‌ته بوو که ناردبوویان، له به‌ر ئه‌وه هه‌ردوو لایه‌ن زۆر زوو له سه‌ر چه‌ند خالی گرینگ پێکهاتن. کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌وانی ڕاگه‌یاند: ” ئێمه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی که ئێوه بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کانی ته‌شکیلات ههڵتانهێناوهتهوه، به ههنگاوێکی دڵسۆزانه و ههستبهبهرپرسیارهتیکردنتان به‌رانبه‌ر به چاره‌نووسی کۆمه‌ڵه ده‌زانین. شێوه‌ی هێنانه‌گۆڕی لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه‌کانیشتان به شێوه‌یه‌کی حیزبی و گونجاو و له چوارچێوه‌ی پڕه‌نسیپه ته‌شکیلاتییه‌کانی کۆمه‌ڵه دا ده‌بینین. له سه‌ر ناوه‌رۆکی لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه‌کانتان هاوجیههتیی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و لێکدانه‌وه و قسه‌وباسانه دا ده‌بینین که ئێمه خۆشمان وه‌ک کومیته‌ی ناوه‌ندی له سه‌ر موشکیلات و گرفته‌کانی ته‌شکیلات، پێش ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی ئێوه‌مان پێبگا یا باسه‌کانی ئێوه ببیستین، بوومانه. ئێمه بڕیارمان داوه ئه‌و موشکیلاته چاره‌سه‌ر که‌ین، له به‌ر ئه‌وه دوو داواکاریمان له ئێوه هه‌یه، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش خۆتان که‌نار مه‌گرن و له‌و پێناوه دا هاوکاریمان بکه‌ن، دووهه‌م ئێوه وه‌ک جه‌مع ئه‌و نامه‌یه‌تان نووسیوه و وه‌ک ئه‌و جه‌معه‌ش له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشتنتان بوه، به جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وت مه‌که‌ن که هه‌ست به‌وه بکرێ ته‌شکیلات تووشی دوبه‌ره‌کی بووه و نیگه‌رانیی ئاکامی خراپی لێبکه‌وێته‌وه”. جوابی نووسه‌رانی نامه‌که‌ش ئه‌وه بوو که هه‌ڵوێستی کومیته‌ی ناوه‌ندییان به‌رانبه‌ر به قسه‌وباس و ڕه‌خنه‌کانی خۆیان به هاوڕێیانه و به‌رپرسانه و شیاو زانیوه، خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی که هاوجیهه‌تی له نێوان بۆچوونه‌کانی هه‌ردوو لا دا هه‌یه، ئاماده‌یی خۆیان بۆ هه‌موو هاوکارییه‌ک له پێناو چاره‌سه‌رکردنی موشکیلاتی کۆمه‌ڵه دا ده‌ربڕی و له‌وانه پێشنیهادیان کرد ئێستا که کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه به‌ڕێوه‌یه و قه‌رار وایه پێره‌ی نێوخۆی تازه بۆ کۆمه‌ڵه له‌و کۆنگره‌یه دا پێشکه‌ش بکرێ، ئه‌وانیش له ئاماده‌کاری بۆ کۆنگره و نووسینی پێره‌وی ناوخۆ به‌شداری بدرێن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که به جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن که هه‌ست به‌وه بکرێ ته‌شکیلات تووشی دووبه‌ره‌کی و کێشه‌ی نێوخۆیی بووه جوابیان داوه که تا ئێستا بۆخۆشتان ده‌ڵێن هه‌ڵسوکه‌وتی ئێمه حیزبی بووه، لهوهبهولاوهش هه‌ر وا ده‌بێ.
هه‌ر دوو لایه‌ن له‌و کۆبوونه‌وانه زۆر ڕازی و به‌و پێکهاتنه زۆر ئومێدوار بوون. له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌ندامان له ته‌شکیلاتی کوردستان و دواتر دوو کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامان له وڵاتانی سوئید و هوله‌ند، گوزارشی ئه‌و دانیشتنانه و ناوه‌رۆکی پێکهاتنه‌که به ته‌شکیلات درا. کومیته‌ی ناوه‌ندیش ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه یه‌کێک له‌و هاوڕێیانه‌یان وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاماده‌کاری کۆنگره و یه‌کی دیکه‌یان وه‌ک ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئه‌و نهشریهیهی که قه‌رار بوو تایبه‌ت به باسه‌کانی کۆنگره بڵاو بێته‌وه، دیاری کرد. یه‌کی دیکه‌ش له‌و هاوڕێیانه بۆخۆی پێشتر له کۆمیسیۆنی نووسینی پێره‌وی نێوخۆ دا هه‌بوو.
به‌داخه‌وه ئه‌و خۆشحاڵی و ئومێدواریی زۆر درێژه‌ی نه‌بوو چون کومیته‌ی ناوه‌ندی هیچکام له به‌ڵێنیه‌کانی خۆی نه‌برده‌سه‌ر. پاش ماوه‌یه‌ک که به سه‌ر ئه‌و پێکهاتنانه دا تێپه‌ڕی، هیچ نیشانه‌یه‌ک له‌و ئیسلاحاتهی کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڵێنیی دا دوای پلێنۆم ده‌ستی پێبکا، به‌دینه‌کرا، ئه‌و هاوڕێیانه‌ی بۆ به‌شداری له کۆمیسیۆنی ئاماده‌کاری کۆنگره و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی نهشریهی کۆنگره دیاری کرابوون، چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ کاک ئه‌بووبه‌کری موده‌رره‌سی که هه‌م به‌رپرسی ئه‌و کۆمیسیۆنه و هه‌م به‌رپرسی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی نهشریهکه بوو، پێوه‌ندییان گرت و داوایان لێکرد به‌یه‌که‌وه کۆببنه‌وه تا ڕه‌واڵی کاره‌کانیان دیاری که‌ن و ده‌ستبه‌کار بن. کاک ئه‌بووبه‌کر هه‌ر جاره‌ی به بیانوویه‌ک خۆی له‌و کۆبوونه‌وانه دزیه‌وه و ئێستاش و ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه دانه‌نیشت. زۆری پێنه‌چوو بیستراوه که نووسینی پێڕه‌وی ناوخۆ له لایه‌ن کومیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه به کاک عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سپێردراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌لیمه‌یه‌ک قسه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆمیسیونی نووسینی پێڕه‌وی ناوخۆ بکرێ که زیاتر له ساڵ‌ونیوێک بوو کاریان له سه‌ر ده‌کرد، ته‌نانه‌ت پێشیان ڕانه‌گه‌یاندن که کۆمیسیۆنه‌که‌یان هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه.
به ئاشکرا دیار بوو که کاک عه‌بدوڵلا که نه بانگهێشتکردنی نووسه‌رانی نامه‌که‌ی بۆ پلێنۆم پێ‌خۆش‌بوو، نه قسه‌وباسه‌کانی دانیشتنه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی به‌دڵبوو و نه موافقی ئه‌و ڕێککه‌وتنه بوو که کومیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵیان کردبووی، به یارمه‌تیی ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی له نێو ده‌فته‌ری سیاسی دا، له سه‌ره‌وه‌ی بڕیار و په‌سندکراوه‌کانی پلێنۆم و کومیته‌ی ناوه‌ندی، هه‌ر ئه‌وه‌ی کردبوو که خۆی پێیباشبوو.
ئه‌و کۆنگره‌یه بۆ کاک عه‌بدوڵڵا به‌تایبه‌ت گرینگ بوو، ئه‌و هه‌رچۆنێک بێ توانێبووی به کرده‌وه ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌که‌سیی خۆی به سه‌ر کۆمه‌ڵه دا داسه‌پێنێ، به‌ڵام زۆر کار که ده‌یکرد یا پێی‌خۆش‌بوو بیکا، له چوارچێوه‌ی ئیختیار و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دا نه‌بوو. کاک عه‌بدوڵڵا ده‌یویست ئه‌و ئیختیاراته بخاته نێو ئه‌و پێڕه‌وی نێوخۆیه که قه‌رار بوو له‌و کۆنگره‌یه دا پێشکه‌ش بکرێ و کۆنگره ئه‌وه په‌سند بکا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نهچووبایهسهر، به‌شێکی به‌رچاو له پڕۆژه‌که‌ی ههڵدهوهشاوه. هه‌ر به‌و ده‌لیله کاتێک که کومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌رکی نووسینی پێڕه‌وی نێوخو به‌و ده‌سپێرێ، ئه‌و “دۆم بێ و کڵاش بۆ خۆی بکا” له لایه‌که‌وه ئه‌وه‌نده‌ی بۆی ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاد ده‌کا و له ده‌ور و ده‌سه‌ڵاتی کومیته‌ی ناوه‌ندیی که‌م ده‌کاته‌وه، له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی بۆی ده‌گونجێ له ئیختیاراتی ئه‌ندامان که‌م ده‌کاته‌وه و به‌ربه‌ست ده‌خاته سه‌ر ڕێگای ڕه‌خنه‌گرتن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و بیری سه‌ربه‌خۆ له ته‌شکیلات دا.
پاش ئه‌وه‌ی کۆمیسیۆنی نووسینی پێڕه‌وی نێوخۆ ئاوای به سه‌ر هات و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی نهشریهش به ده‌ردێک چوو که ئێستاش که‌س نه‌یزانی ئه‌و ده‌سته‌یه کێ و کێ بوون، ئاییننامه‌یه‌ک بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره بڵاوکراوه که مه‌ودای به قسه‌وباسی جیددی له سه‌ر بابه‌ته‌کانی کۆنگره نه‌ده‌دا.
ئه‌وانه و چه‌ند مه‌سه‌له‌ی دیکه وه‌ک ده‌ستتێوه‌ردانی نابه‌جێی یه‌کێک له ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی له کاری ڕێکخراوه‌کانی ژنان و لاوان دا و په‌سندکردنی بریارنامه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به “هه‌ڵبژاردنی شه‌عاری ئینتیخاباتی ئازاد” له لایه‌ن کومیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری له ئێران دا، له لایه‌که‌وه نووسینی ژماره‌یه‌ک نامه‌ی ئیعتیڕازیی دیکه‌ی به‌رانبه‌ر به ڕێبه‌ریی کۆمه‌ڵه به‌دواوه بوو که ئه‌مجار که‌سانی دیکه‌ش به نووسه‌رانی نامه‌که‌ی پێشوو زیاد ببوون، له لایه‌کی دیکه‌وه بوه هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له کادره‌کان وه‌ک ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌و وه‌زعه بڕیاریاندا له کۆنگره دا به‌شداری نه‌که‌ن. کۆنگره‌ی ١٤ له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکی ته‌شکیلاتی دا ده‌ستیپێکرد.
له‌و کۆنگره‌یه دا مه‌سه‌له گرینگه‌کانی به‌ر پێی کۆمه‌ڵه له‌وانه خه‌سارناسیی ئه‌و بوحڕانهی گیرۆده‌ی کۆمه‌ڵه بووه، نه‌خرابووه نێو ده‌ستووری کۆبوونه‌وه‌کانی کۆنگره‌وه، مه‌ودا بۆ قسه‌وباسی جیددی له سه‌ر بابه‌ته‌کانی کۆنگره نه‌بوو، فه‌زای باسه‌کان و فه‌زای کۆنگره ناخۆش و کهمسیاسی بوو، بڕێک له ده‌ستووری جه‌له‌سه‌کانی کۆنگره نێوه‌چڵ ماوه و کۆنگره به‌گشتی له‌وپه‌ڕی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی دا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام کۆنگره‌که نێونرابوو “کۆنگره‌ی پته‌وی و یه‌کڕێزی”.
دوای کۆنگره زۆر زوو نیشانه‌کانی ئه‌و “پته‌وی و یه‌کڕیزی”یه ده‌رکه‌وت. ته‌نیا ساڵیک به دوای ئه‌و کۆنگره‌یه دا و هه‌ر ته‌نیا له‌و شتانه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی حیزب بووه: ٨ نه‌فه‌ر له ئه‌ندامامانی پێشووی ده‌فته‌ری سیاسی و کومیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه له حیزب ته‌سفیه کراون، ٣ نه‌فه‌ری دیکه‌یان هه‌ر له‌و ئاسته دا ئاگادار کراونه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش ده‌ست له‌و شێوه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینانه هه‌ڵنه‌گرن، ئه‌وانیش ته‌سفیه ده‌کرێن. ٢ نه‌فه‌ر له ئه‌ندامانی کومیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و کۆنگره‌یه وه‌ک ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌و ڕه‌وته‌ی له کۆمه‌ڵه دا ده‌چێته‌پێش، وازیان له کار له کومیته‌ی ناوه‌ندی دا هێناوه. ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه ٢ ئه‌ندامی دیکه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندی به هۆی ئه‌وه‌ی بۆیان نه‌گونجاوه بڕیارێکی کۆنگره سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌یان له ته‌شکیلاتی کوردستان به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌ستیان له کار له کومیته‌ی ناوه‌ندی دا کێشاوه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌وه هێشتا به ته‌شکیلات ڕانه‌گه‌یاندراوه. سیوچهند نه‌فه‌ر له کادر و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له نامه‌یه‌کی ڕه‌سمی دا داوایان کردوه سکرتێری گشتی به هۆی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی ته‌شکیلات و گیروگرفتسازکردن بۆ حیزب، له جیاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، واز له پۆسته‌که‌ی بێنێ و داوای کۆنگره‌ی پێشوه‌خت(فوقالعاده)یان کردووه. ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له کادر و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه له دوای کۆنگره‌وه وازیان هێناوه و ڕیزه‌کانی حیزبیان به‌جێهێشتوه و … .
به‌و کارنامه‌یه‌وه ناوزه‌دکردنی ئه‌و کۆنگره‌یه به کۆنگره‌ی “پته‌وی و یه‌کڕیزی” و له‌وه خراپتر ته‌بلیغ پێوه‌کردنی، گاڵته‌کردن به عه‌قڵ و تێگه‌یشتوویی خه‌ڵکه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک پێیوابێ ئه‌و ڕێبه‌رییه به‌ڕاستی مه‌به‌ستیان پێکهێنانی پته‌وی و یه‌کڕیزی له کۆمه‌ڵه دایه، یا پێیوابێ ئه‌وان نازانن ئه‌و کارانه‌یان چ ئاکامێکی به‌دواوه‌یه بۆیه ده‌یکه‌ن.
ڕاستیی مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که کاک عه‌بدوڵلا ساڵهایه بیرکردنه‌وه و خولیای خۆی هه‌یه و ده‌یهه‌وێ کۆمه‌ڵه بۆ وه‌دیهێنانی خولیاکانی خۆی به‌کاربێنێ. ئه‌وه تاوان نیه ئه‌گه‌ر که‌سێک فکری بگۆڕێ یا بیرۆکه‌ی تازه‌ی هه‌بێ، به‌ڵام له کاتی وا دا ئه‌و که‌سه ده‌بێ فکر و بیرۆکه‌که‌ی خۆی له حیزب دا باس بکا، ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی له سه‌ر به قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێ و له مه‌رجه‌عێکی خاوه‌ن بڕیاری وه‌ک کۆنگره یا کۆنفرانس دا بڕیاری له سه‌ر بدرێ و په‌سند بکرێ، ئه‌وجار ببێته سیاسه‌تی حیزب و به‌ڕێوه‌بچێ. کاک عه‌بدوڵڵا ئه‌وه ناکا و فکره‌که‌ی خۆی هه‌موو ناڵێ چون دڵنیایه له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ره‌کانیی جیدی له نێوخۆی ته‌شکیلات دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. له جیاتی ئه‌وه له لایه‌که‌وه ئه‌وه‌ی بۆخۆی پێی باش بێ هه‌وڵ ده‌دا بیکا به‌ڵام نه‌یڵێ، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌یه قسه و ئیدیعاکانی له‌گه‌ڵ کرده‌وه‌کانی یه‌ک ناگرێته‌وه، له لایه‌کی دیکه‌وه ورده‌ورده له ته‌شکیلات دا زه‌مینه‌ی بۆ خۆش ده‌کا و ته‌شکیلاتی بۆ ئاماده ده‌کا. ئه‌و ساڵهایه ئه‌و پڕۆژه‌یه له کۆمه‌ڵه دا به‌ڕێوه‌ده‌با و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر تێشی دا سه‌رکه‌وتوو بووه. که‌سانێکیش هه‌ن که چ وه‌ک ده‌ستوپێوه‌ندی خۆی، چ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ ده‌ستوپێوه‌ندیشی نه‌بن،قازانج و مه‌سڵه‌حه‌تی شه‌خسی و جێگه و پێگه‌ی ته‌شکیلاتیی خۆیان له‌وه دا ده‌بینن پشتی کاک عه‌بدوڵڵا بگرن. ئه‌وانه چ له پڕۆژه‌کانی ئاگادار ببن یا نه‌بن، له قسه‌ی ده‌رناچن و چاک بکا و خراپ بکا، ته‌ئییدی ده‌که‌ن.
ئه‌و ئاڵقه‌یه هه‌ڵه و که‌موکووڕیه‌کانی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و له ئاکام دا سه‌رکه‌وتوونه‌بوونی هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌یان به هه‌ل قۆستوه‌ته‌وه و ئێستا هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن ئه‌وه‌نده به‌هێز بوون که بتوانن ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی به یه‌گجاری له ته‌شکیلات دا کپ بکه‌ن. ئه‌وان ساغبوونه‌ته‌وه ئه‌وه بکه‌ن و ساغبوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له قوربانی کردنی هیچ که‌س و هیچ پێشینه‌یه‌ک و هیچ پڕه‌نسیپ و به‌هایه‌ک له کۆمه‌ڵه دا سڵ نه‌که‌ن. ته‌سفیه‌ی باڵاترین ئاستی ته‌شکیلاتیی کادره‌کان بێ سێودوولێکردن و به دژیدێمۆکڕاتیکترین شێوه‌ی مومکین و، گوێپێنه‌دانی کامڵ به ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌ندامان له‌و بابه‌ته‌وه، به‌ڕوونی ئه‌و ساغبوونهوانه نیشانده‌ده‌ن. ئه‌ڵبه‌ته ته‌نیا ساغبوونه‌وه‌ی ئه‌وان به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچیی پێیان خۆش بێ بتوانن بیکه‌ن، بۆخۆشیان باش ده‌زانن که فه‌رهه‌نگی ته‌شکیلاتی و سوننه‌ته باشه‌کانی کۆمه‌ڵه هێشتا ئه‌وه‌نده‌ی تین نێدا ماوه که ناچارن ته‌وزیح بۆ ته‌شکیلات بده‌ن و پاساو بۆ کاره‌کانیان بهێننه‌وه. به‌ڵام کاری نابه‌جێ چۆن پاساو ده‌کرێ؟
له‌و بابه‌ته‌وه ته‌جره‌به‌ی مێژوویی زۆره. به درێژایی مێژوو، چ له ئاستی جیهانی و چ له ئاستی ئێران و کوردستان دا، که‌م نین ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت یا حیزب و لایه‌نه سیاسییانه‌ی که ناچار بوون له سه‌ر کاره خراپ و نابه‌جێیه‌کانیان ته‌وزیح بده‌ن و پاساو بێننه‌وه. یه‌کێک له‌و ڕه‌وشانه‌ی له وه‌ها حاڵه‌تێک دا زۆر که‌ڵکی لێوه‌رگیراوه و ئێستاش زۆر که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ، په‌نابردن بۆ درۆکردن، بۆختانههڵبهستن، شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان و پێچه‌وانه نیشاندانی ڕاستییه‌کان (تحریف حقایق)، تێکه‌ڵاو له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتی نزمه.(١) رێبه‌ریی کۆمه‌ڵه‌ش ئه‌و ته‌جره‌بانه‌ی به‌کارهێناوه. ڕێبه‌ریی کۆمه‌ڵه هێشتا زیاتر له چه‌ند مانگ به سه‌ر ئه‌و کۆبوونه‌وانه دا تێنه‌په‌ڕیوه که بۆخۆیان بۆ ئه‌ندامانی ته‌شکیلات له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێکیانهێنا و کوتیان هاوجیهه‌تی له نێوان قسه‌وباسه‌کانی ئێمه و هاوڕێیانی نارڕازی بووه و ئێمه “پێكهاتووین” به‌یه‌که‌وه هاوکاری بکه‌ین، ئێستا هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه کۆبوونه‌وه ده‌که‌ن یا نامه‌یان بۆ ده‌نووسن و ده‌ڵێن ئه‌وان زیاتر له ٢-٣ ساڵه خه‌ریکی “دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه”ن، هێشتا له بیر ئه‌ندامان نه‌چوه‌ته‌وه که بۆخۆیان ده‌یانکوت ئه‌و هاوڕێیانه حیزبی و له چوارچێوه‌ی پڕه‌نسیپه ته‌شکیلاتییه‌کانی کۆمه‌ڵه دا جووڵاونه‌ته‌وه، ئێستا ده‌ڵێن ویستوویانه ته‌شکیلات بشێوێنن و ئاژاوه دروست بکه‌ن. ناڵێن ئێمه له پێکهاتنه‌کانی پلێنۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وان پاشگه‌ز بووینه‌وه و نه‌مانه‌ویست ئه‌وان ده‌ستیان له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و کۆنگره‌یه دا هه‌بێ و خۆمان له هاوکاری له‌گه‌ڵ ئه‌وان دزیه‌وه، ده‌ڵێن داوامان لێکردن له ئاماده‌کاریی کۆنگره دا به‌شداری بکه‌ن و نهشریهی کۆنگره به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام نه‌یانکرد، ئایا حازرن به‌و که‌سانه، به‌ره‌وڕووی خۆیان بڵێن ئێمه پێمانکوتن و نه‌تانکرد؟ ناڵێن کومیته‌ی ناوه‌ندی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی “هه‌ڵبژاردنی شه‌عاری ئینتیخاباتی ئازاد” له کاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری له ئێران دا، له ژێر فشاری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی که له‌و بابه‌ته‌وه له نێو ته‌شکیلات دا ههڵخڕابوو ناچار کرا بڕیارنامه‌که‌ی خۆی وه‌رگرێته‌وه و کاک عه‌بدوڵڵا له ته‌له‌ویزیۆنه‌وه بۆچوونی ناڕازییان وه‌ک خه‌ت و هه‌ڵوێستی ته‌شکیلات ڕاگه‌یه‌نێ، ئیدیعا ده‌که‌ن ده‌که‌ن که جه‌ماعه‌تی ناڕازی به نامه بۆ ئێمه‌یان نووسیوه “خراپ تێگه‌یشتووین” و “قسه‌مان نه‌ماوه”، ئه‌گه‌ر وه‌ها نامه‌یه‌ک بوونی هه‌بێ، نووسه‌ره‌کانی بێجگه له به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی ئێستامان ئیمزا کردووه، که‌سی دیکه نین، ئێمه لێره‌وه داوایان لێده‌که‌ین ئه‌و نامانه بۆ بیروڕای گشتی یا لانیکه‌م بۆ ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌کانی ته‌شکیلات بڵاوبکه‌نه‌وه. ناڵێن له دادگای “غیابی” دا و به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان حوزووریان بێ به که‌یفی خۆمان تاوانمان خستهپاڵیان و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئیمکانی ئه‌وه‌یان پێبدرێ ئه‌و تۆمه‌تانه له سه‌ر خۆیان لابه‌ن، حوکممان به‌سه‌رداسه‌پاندن، ده‌ڵێن نهرمیماننواند و مه‌ودای زیادیمان پێدان. پێیان وایه ئه‌گه‌ر کوتیان “ئێمه شایه‌دمان هه‌یه و شایهدهکانیش زیندوون” ئیتر قسه‌یه‌ک له سه‌ر قسه‌یان نامێنێ و ئه‌وه‌ی کوتیان باوهڕیپێدهکرێ، بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه لایه‌نی به‌رانبه‌ریشیان زیندووه و شایه‌دی هه‌یه و وهدرۆیاندهخهنهوه.
ڕێبه‌ریی کۆمه‌ڵه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌کا ئه‌گه‌ر پێیوابێ به‌و ڕه‌وشانه کاری بۆ ده‌چێته‌سه‌ر. هه‌موو که‌س ده‌زانێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن بۆ “یه‌کڕیزی”ی کۆمه‌ڵه نیه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ڕێبه‌ریی تاکه‌که‌سیی کاک عه‌بدوڵڵا به سه‌ر ته‌شکیلات دا به‌بێ بیرکردنه‌وه قه‌بووڵ بکرێ و ئه‌و ئاڵقه‌یه چاک بکه‌ن و خراپ بکه‌ن،که‌س له قسه‌یان ده‌رنه‌چێ و لێیان نه‌پرسێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌سته له کۆمه‌ڵه دا ته‌جره‌به‌یه‌کی تاقیکراوه‌ی شکستخواردووه، کۆمۆنیزمی کارگه‌ری و مه‌نسووری حیکمه‌تیش هه‌وڵی زۆریان دا به نێوی دروستکردنی حیزبی “یک بنی”(٢) ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆیان به سه‌ر ته‌شکیلات دا داسه‌پێنن و مه‌ودا نه‌ده‌ن که‌س بتوانێ لێپرسینه‌وه‌یان لێ‌بکا. هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان سه‌رنه‌که‌وت به‌ڵام ئاکامه‌که‌ی بۆ کۆمه‌ڵه کاره‌سات بوو. ده‌ڵێن تاریخ دووپات ده‌بێته‌وه، جاری یه‌که‌م تراژێدیه و جاری دووهه‌م ده‌بێته کۆمێدی. ئه‌وه‌ی ئێستا له ته‌شکیلاتی کۆمه‌ڵه‌ی شؤڕشگێڕ دا به‌رێوه‌ده‌چێ دووپاته‌ی کۆمیدیی حیزبی “یک بنی”یه.
ئیمزا:
١جهعفهر ئێلخانیزاده
٢خالید سیاده‌ت
٣فرشته گۆڵپهروهر
٤بههمهن عهلییار
٥مهحهمهد شافیعی
٦حهمه موهته‌دی
٧ماجد پاشایی
٨بهدری ته‌وحیدی
٩روفیه رهمهزانعلی
٢١/٩/٢٠١٤