بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكانی نزیك لە پەیەدە، شەوی رابردوو فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان پاڵاوگەی لۆكاڵی نەوت لە “كری سپی”یان بۆردومان كرد كە لەو پاڵاوگەیە نەوتی عێراقو سوریا پاڵاوتە دەكراو بە توركیا دەفرۆشرا.
هەروەها چوار پاڵاوگەی نەوتی بلو، حەمدو، خاپورو حاجی عەی لە ناوچەی گردە سپی لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن فرۆكەكانی ئەمەریكاو هێزەكانی هاوپەیمان بۆردومان كرا.
لەو هێرشەدا هەروەها ئامادەیی كشتوكاڵ لەگوندی “عەتاتین” لە 10 كم رۆژهەڵاتی گردە سپی كرایە ئامانج كە بارەگای داعش بووەو شوێنێك بووە بۆ دروستكردنی بۆمبی چێنداروو بە سەربازگەی زەرقاوی بەناوبانگ بوو.
بەپێی ئەو هەواڵانە لەو بۆردومانكردنی سەربازگەی زەرقاوی نزیكەی 20 شارەزای تەقینەوەی داعش كوژراون.
هەر لەو هێرشانەی ئەمەریكاو هێزەكانی هاوپەیماندا دوو دەبابەی چەكدارانی داعش لەنێوان كۆبانیو باكوری كوردستان سوتێنران.
ئەمەش لەكاتێدایە كە شەڕ لە چواردەوری كۆبانی بەردەوامە.