رۆژی سێشەممە 23ی سێپتامبری 2014ی زایینی لە لایەن بەشێك لە كوردانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی لە خەبات و خۆڕاكری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و بەتایبەت شاری كۆبانی و گریلاكانی یەپەگە و لە دژی چەكدارەكانی داعش بەڕێوەبرد.
ئەو كۆبوونەوەیە كە سەدان كەس لە كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان تێیدا بەشدار بوون لە لایەن لاوانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخرابوو.
لە كۆبوونەوەكەدا دروشمگەلێكی وەكوو: بژی رۆژئاوا، بژی كۆبانی، بژی بەرخۆدانی كۆبانی و ISIS تێرۆریست و توركیەی فاشیست لە لایەن بەشداربووانەوە دەوترایەوە.
دوو حیزبی چەپی نۆروێژیی لەوانە حیزبی SV و هەروەها حیزبی ROD PARTI بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كرد و وتەبێژی سەرەكی خۆپیشاندانەكە بوون.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حیزبی SV حیزبی چەپی سۆسیالیستی نۆروێژ Audun Lysbakken لە بەشێك لە وتەكانیدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی تەواوی خۆیان لە خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، سەركەوتنی ئەم خەباتە و خۆڕاگریەكەی بەرز نرخاند و وتیشی: پێشتر كەسی ئێمە بە سەردان چووەتە رۆژئاوا و بۆ كۆبانی و لە نزیكەوە ئەم خۆبەڕێوەبەرایەتیە دێمۆكراتیك و سەربەخۆیەی كۆبانی بە چاوی خۆی بینیوە.
هەروەها لە لایەن حیزبی Rød part حیزبی سووری نۆروێژ Einar Aslaksen كە وەكوو وتەبێژی حیزبەكە قسەی دەكرد، لە قسەكانیدا وێڕای پشتیوانی گەرم و گوڕ لە خەباتی خەڵكی رۆژئاوا و بەتایبەت لە شاری كۆبانیی، رەخنەی توندی ئارستەی رۆڵی نامرۆڤانە و دووبڵ موراڵی دەوڵەتی توركیە گرت و دووپاتی كردەوە كە توركەكان بە كردەوە قیزەونەكانیان دژ بە كوردان ریسواییەكیان بۆ خۆیان دروست كردووە.
هەر یەك لە نوێنەرانی پەكەكە بەشی لاوان و یەپەگە لە قسەكانیاندا بەردەوامی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاوا و كانتۆنی كۆبانی دووپات كردەوە و رایانگەیاند كە، بە هەموو شێوازێك و بە گیانی خۆیان خەڵك و شاری كۆبانی لە دەست چەتەكانی داعش دەپارێزن و داوای هاوپشتیەكی جیهنیان كرد بۆ سەرخستنی خەبات و بەرخۆدانی كۆبانی.
لە لایەن رۆژهەڵاتیشیەوە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان یەكێك لە لایەنە بەشداربووەكانی ئەو خۆپیشاندانە بوو. لە لایەن كۆمیتەی نۆروێژی كۆمەڵەوە حسێن شەبەق لە وتەیەكدا وێڕای پارت كردنەوەی هەموو چەشنە پشتیوانی و یارمەتیەك لە لایەن كۆمەڵەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و بۆ شاری كۆبانی، رایگەیاند كە: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان یەكەم لایەنی كوردستانی بوو كە سێ حەوتوو بەر لە ئێستا هەڤاڵانی پەكەكە و یەپەگە ی لە ەترسی هێرشی دووبارە و لە ناكاوی داعش بۆ سەر كۆبانی ئاگادار كردووەتەوە و هەر ئەو كاتیش ئامادەیی خۆی بۆ هەر چەشنە كار و یارمەتییەك دەربڕی و هەر ئێستاش بۆ هەموو چەشنە پشتیوانیەكی بەكردەوە و ناردنی هێزی پێشمەرگە ئامادەیە.
هەروەها حیزبی دێمۆكراتی كوردستانیش بە بەشداریی خۆیان لەو خۆپیشاندانە بەرینەدا، پەلاماری داعش بۆ سەر كۆبانیان مەحكوم كرد و پاڵپشتی و هاوكاریی خۆیان بۆ خەڵكی رۆژئاوا و بەرخۆدانی خەڵكی كۆبانیی پارت كردەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا هەر یەك لە لایەنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن باشووری كوردستانەوە بە خوێندنەوەی وتار پتشویانی خۆیان لە خەڵكی رۆژئاوا و خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانی دەربڕی و رایانگەیاند كە: ئەوەی لە تواناماندا بێ بۆ كۆبانیی و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان درێغی ناكەین.
لە كۆتاییدا دلێر ئاكرەیی لە وتەیەكدا وێڕای ئاراستە كردنی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە و باس كردن لەوەیكە دوای شەنگال و كۆبانی مێژوویەكی تازە لە كوردستان لە دایك دەبێ. مێژوویەك كە هەموو كوردان دەتوانن دەستكەوتەكانی بچننەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە مێژووی 20 ساڵەی باشوور نیشانی دا كە بە بازرگانی و بەرزكردنەوەی بینای گەورە و سیاسەتی ناروونی نەتەوەیی، كورد ناتوانێ پارێزگاریی لە خۆی بكات.