لەسەر هەوڵ و تەقالای شەهرام نازری و كۆمەڵێك سینماكاری بەناوبانگی دیكەی كورد و ئێرانی، ٧٨ میلیۆن تمەن بۆ نەخۆشەكانی ئاوایی (بەسرێ) سەر بە شاری مەهاباد كۆكرایەوە. دەوترێ ژمارەیەك لە هونەرمەندان و نووسەرانی خاوەن ئەزموون، بە مەبەستی یارمەتیدانی نەخۆشەكانی ئاوایی بەسرێ لە شاری مەهاباد، كە تووشی نەخۆشیی گولی بوون، لە دەفتەری رۆژنامەی “شەرق” لە تاران، كۆبوونەوە و یارمەتیەكی مرۆڤدۆستانەی خۆیان لەسەر داوای هۆنەرمەندی ناسراوی كورد شارام نازری كۆكردەوە، كە بڕەكەی 78 میلیۆن تمەن بوو.
شەهرام نازری لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لەوە كردبوو، كە لە ئاوایی سەربە شاری مەهاباد ١١٣ شارۆمەندی كوردی تووشبوو بە نەخۆشیی گولی دەژین و لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان دەوڵەت بێبەرین.
ئەو هونەرمەندە كوردە ئاماژەی بەوەش كردووە، خەڵكی ئەو ناوچەیە، هیچ ئاوڕێك لە نەخۆشەكانی ئەو گوندە نادەنەوەو لە ئەگەری بەردەوامبوونی كێشەكان و نەبوونی بێهداشت، دۆخی نەخۆشەكان بەرەو خراپتر بوون دەچێت.
شەهرام نازری وتووشیەتی، “خەڵكی كوردستان و نەخۆشەكانی ئاوایی بەسرێ، ستەمێكی زۆریان لێ دەكرێت، چونكە دەوڵەت بەو شێوەیەی كە پێویستە ئاوڕی لەو ئوستانە نەداوەتەوە.
كۆنسێرتی زستانی ساڵی رابردووی شەهرام نازری بۆ نەخۆشەكانی ئاوایی بەسرێی مەهاباد.
ناسر مەلەك موتیعی، كە بەوتەی خۆی “لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا بێدەنگیی هەڵبژاردووە”.یەكێكی دیكە لە خێرخوازانی بەشدار لەو یارمەتیدانە بە نەخۆشەكانی ئاوایی بەسرێ بووەو، كە باسی لە حەز و مەیلی خۆی بۆ “درێژەدان بە یارمەتی دانی خەڵك” كردووە.
لە درێژەدا محەمەد موعتەمیدی (هونەرمەندی لاوی گۆرانیبێژ)یش لەگەڵ ئەویەكە هیچكات شاگردی مامۆستا شەهرام نازری نەبووە، ئەو دانیشتنەی وەكوو یەكەمین دانیشتن لە مەكتەبی مامۆستا شەهرام نازریدا لە قەڵەم داوەو رایگەیاندووە؛ “مامۆستا شەهرام نازری كەسایەتییەكی دڵفراوان و دڵ ئاوەڵایە و من لەم دانیشتنەدا وەكوو یەكەمین وانەی ئینسانییەت و مەزنایەتی لێكی ئەدەمەوە، كە لە مامۆستا شەهرام نازری فێری بووم”.
كانوونی مۆسیقای ئێران، ناوی خێرخوازەكانی ئەو دانیشتنەی دەفتەری رۆژنامەی شەرقی لە تاران، شەهرام نازری، ناسر مەلەك موتیعی، نادر مشایخی، محەمەدی موعتەمدی، شاهرۆخ تویسركانی، ماجید پازووكی، حەبیب مەعسوومی و محەمەد میرعەبدولباقی، راگەیاندووە.
شەهرام نازری پێشتریش دوابەدوای رووداوی قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار، كە سووتانی چەند كچە قوتابییەكی لێ كەوتبوویەوە، كۆنسێرتێكی لە تاران بەڕێوە برد و داهاتەكەشی بۆ یارمەتیی ئەو كچە قوتابییانە تەرخان كرد.