دوای هاتنی هێزەكانی بەدر و سەرایای سەلام بۆ سنووری شارۆكەی دووزخورماتوو، تا ئێستە زیاتر لە 35 مزگەوتی سونەكانیان تەقاندۆتەوە.
محەمەد ساڵح بەرپرسی ئەوقافی دووزخورماتوو بە ماڵپەڕی “وشە”ی راگەیاندووە كە، هێزە چەكدارە شیعەكان كە لە رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چەكدارانی سەرایای سەلام كە سەر بە رەوتی سەدرن، دوای هاتنیان بۆ شارەدێی ئامرلی و سلێمان بەگی سەر بە شارۆكەی خوورماتوو، زیاتر لە 35 مزگەوتیان لە 50 گوندی سەر بە هەردوو شارەدێكە سووتاندووە و تەقاندوویانەتەوە.
باس لەوەش دەكرێ كە هێزەكانی ئێران و بەتایبەت بەرپرسی سپای قودسی كۆماری ئیسلامی واتە قاسم سلێمانی لەم كردەوانەدا دەستیان هەبێت.
محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گوندانەی سنووری ئامرلی و خوورماتوو كاتێك لە ژێر دەستی هێزەكانی داعش بوون، مزگەوتەكانیان نەتەقاندووەتەوە.
شایانی باسە، لە زۆرێك لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعشدا شوێنەوارە مێژوویی و ئاینیەكان و لەوانە حسێنیەی شیعەكانیش تەقێندراونەتەوە و پێدەچێ چەكدارە شیعەكانیش لە دژكردەوە بەو كردەوانەی داعش ئەو مزگەوتانەیان تەقاندبێتەوە.