مێژوی دروستبون و پەیدابونی شار بەم تێگەیشتنە، بەم ئاستە تێگەیشتنەی مۆَدێرنێتێ، مێژوی هەڵهاتن و ڕاکردنە و سڵکردنەوەیە لە مەرگ. پرەنسیپەکە ئەوەیە: مرۆڤی شارو مرۆڤی شاری ترسنۆَکە. مرڤیکە هەمیشە هەڵهاتووە لە مەرگ، مرڤێکی لە ناو کردەی بەردەوام و خۆ گێلکردندایە لە مەرگ، مرۆڤێکی ترسنۆکە.
شارنشین هەمیشە پَیویستی بە دڵناییەکەی ڕەها هەیە، پۆنتێنسالێتیێ و ئامادەگی ڕوبەڕوبونەوەو بەرکەوتنی ڕوداوو کردەی کتوپڕی نییە. وردتر لە ئاستی چاوەڕوانکردنی ڕوداوی نەخوازراودا نییە. ڕوداوی نەخوازراوو چاوەڕواننەکراو خودی مەرگ، یان دەرکەوتنی مەرگە.
ئەرشێتێکتورو بیناسازیی شار،لە سەر خۆ گێلکردنو هەڵهاتن لە مەرگ بەندە. شارنشین لە وەهمو لە ئیدیای خلودی ئەبەدیو هەمیشەیی خۆیدا مەستە.شارنشین بەرگەی ڕوداوی چاوەڕوان نەکراو ناگرێت. شارو شارنشینان (دۆخی) تایبەت بە خۆیان هەیە، دۆخێکی جێگرو داکوتراو دامەزراوی وا تەنانەت لە خەویشدا خەوی جوڵەی (ناکاو کتوپڕو هەڵاوێردە)ەوە نەبینن. ئەگەر هەستو شعورێکی وا لە ئاستی ڕوحیشدا ڕوبدات،لە شاردا، لە ڕێگەی دەرونشیکاریو پسیکاترییەوە دەکرێت بە (ڕوداوێکی زاتی)، دەکرێت بە زاتیبون. واتە دەزگا دەرونشیکاریو پسیکۆلۆژیو پزیشکی دەرونی کاری هەم بە زاتی کردنی ئەم ترسەیە، بیکات بە وەهمێکی ناوەکی ئینسان، لەوێشەوە ماڵی بکاتەوەو بیکاتەوە بە شارنشینێکی نۆرماڵ.
(ئا لێرەدا دەرونشیکارو کلینیکی دەرونشیکاریو پسیکۆلۆگو پزیشکی دەرونی ڕۆڵیان دەستەمۆکردنو ماڵی کردنو ترسنۆککردنی مرۆڤە،لەوێشەوە، واتە لە ڕێگەی ئەم دەزگایانەوە کۆنترۆڵو دیسپلینی کۆمەڵگە دەکەوێتە دەستی هێزەکانو گەمەی هێزو دەسەڵات)
ئێمە لێرەدا باسی شارێک دەکەین کە دراو دەرهاویشتەی مۆدێرنێتێە،واتە تەنانەت تێگیشتنێکی کلاسیکیانەو فەلسەفەی سیاسی شارو شارنشینی نییە، ئەگینا ئەو شارانەی کە بەرهەمی فەلسەفەو ئەقڵ بون هەرگیز دانەبڕابون لە فەزیلەتی جەنگاوەربونو جوامێریو کەڵە مێردیو ڕیسککردنو بەرەنگاربونەوە لە گەڵ مەرگدا. (نمونەی ئەسیناو ڕۆما…). ئینسان لەو شارانەدا، هەندەسەی شاری کلاسیک لە سەر بە گژداچونەوەو بەرهەڵستکاری مەرگ بەند بوو. ئەمەش بە پێچەوانەی شارو شارنشینانی مۆَدێرنەوە کە لە سەر بنەمای هەڵهاتن و رشاکردن لە مەرگ دروستبووە.
کاتێک هەولێر دەخەیتە ناو پرۆسەی بە شاربونەوە، هەندەسەو ئەرشیتێکتوری هەولێرو بیناسازیو باڵەخانەی چەندین نهۆمیی گەڕەکی ئینگلیزیو ئەڵمانیو ئیتالی…؛ دەبێت چاوەڕان بیت له ئاکامی لۆژیکو پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگدا خەڵکو شارنشینی ترسنۆکت بۆ بەرهەم بهێنێت. شارنشینگەلێک کە چاوەڕوانی دۆخی (هەڵاویردەو نائاسایی) ناکات، بەرگەی ترسێک ناگرێت ئەگەر زۆر دوریش بێت. ئینسانی مۆدیرن ئینسانێکی سەرمایەگوزارە، زیاتر بە تێگەیشتنو ئاستە ماتریالییەکەی، ئەمەش پێداویستیو خواستی خۆی هەیە. ئەگەر وا نەبوو ئەوا ڕوون و ئاساییە هەڵبێت، ڕا بکات.
خزمەتکردنی هەولێرو تەنیا بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان، دەرکەوتنی فۆمێکی ساختەو تاقەتپڕوکین و ئینسانکوژی وەک سەرمایەدارو سەرمایەداری کوردی لە هەوڵێردا،لە سلێمانیدا،لە دهۆکدا.. هەر ئەمەی لێ چاوەڕوان دەکرێت.پارتی لە هەولێر چی بەرهەهێناوە؟ خزمەتی بە کێ کردووە؟ تەنیا و تەنیا بە بڕێکی لە رادەبەدەر خزمەتی سەرمایەداردابووە. دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بێت ئەوانەی هەڵدێن سەرمایەدارو بزنسمانەکان بنو ئەوانەشی لە بەرکانی جەنگ بن گوندنشینان، دانیشتوانی گەڕەکە پەراوێزبوەکانی هەولێر بن، یان دانیشتوانی دەرەوەی هەولێرو شار بن، یاخود ئەوانەی لە شاردان بەڵام پڕپڕن لە ڕۆحیەتی گوندیو جوامیریو جەنگاوەربونی گوندیانە.
کاتێک شارنشینانو نازدارانی بەر سپلیت بەم ترسنۆکییەوە ڕوو لە بەرەکانی جەنگ دەکە، وەک مۆراڵی شارنشینانو شار، تەنیا دەبن بە پاڵەوانی شاشەو کامیراکان،لە سەروبەندی پێکدادانو بەرەنگاربونەوەدا هەڵدێن،چونکە ئەوان کاتێک لە شارەوە بەو ڕۆحیەتە ترسنۆکەوە دەڕون هەمیشە ئەگەری هاتنەوەیان داناوە، یاخود بە مناڵەکانیان وتووە (ئێوارە دێنەوە).
بەمشێوەیە پارتی لە دۆخێکی وەهادا،یاخود لە دۆخی تردا هەست دەکەیت بە قەولی ئێمەی جافان: ئاوی زەل دەدات.