پاش هێرشی بەربڵاوی چەكدارانی داعش بۆ سەر شەنگالو مەخمورو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، زۆربەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان راگەیاندو تا ئێستا ژمارەیەك پێشمەرگەش رەوانەی بەرەكانی شەڕ كراون.
بەپێی زانیارییەكانی زاگرۆس پۆست، هەریەك لە پارتی ئازادی كوردستانو حیزبی دیموكراتی كوردستان لەمیدیاكانی خۆیانەوە بڵاویانكردەوە كە ژمارەیەك پێشمەرگەی خۆیان رەوانەی بەرەكانی شەڕ دژی چەكدارانی داعش كردوە.
هەر لەم پەیوەندەدا كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەمرۆ هەینی رایگەیاندنێكی لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانو “ئەركەكانی كۆمەڵە” لەم بارەوە بڵاوكردەوە.
راگەیاندنەكە لە دوو خاڵدا خوازیاری ئەوەیە هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵات هێزێكی تایبەتی پێشمەرگانە دروست بكەنو دەڵێت “بانگەوازی هەموان دەکات که هێزەکانمان یەک بخەین و به دروستکردنی ئۆرگانێکی هاوبەشی سیاسی و پێشمەرگانه یەکڕیزی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کوردستان له رۆژهەڵات، که داخوازی هەمو گەلی کوردستانە و پێویستی بزووتنەوەکەیە، مسۆگەر بکەین و به هێز و وزەیەکی یەکگرتوانە ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان به ئەنجام بگەیەنین”.
هەروەها بانگەوازی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات كە بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر چەكدارانی داعش بە ریزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە پەیوەست بن.
دەقی راگەنراوەكە:
راگەیاندنی کۆمەڵه
هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی ئێمە
له چەند رۆژی رابردوودا هێرشی گەورە و جەنایتکارانەی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی چەند ناوچەیەک، رەوتی رووداوەکانی خستە قۆناخێکی نوێوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان که هەر له سەرەتای ئەزمونی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئەم دەسکەوتە گرنگەی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستانی بە ئەرکی خۆی زانیوە، به هاتنی داعش و داگیرکردنی بەشێک له خاکی عێراق و مەترسی گەورە بۆ سەر هەرێم، هەڵوێستی روون و ئامادەبونی خۆی بۆ هەرچەشنە هاوکاریی و هاوخەباتیی و بەشداریی له بەرخۆدان و پاراستنی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خوازیاری ئەوەیە:
1- حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم ماوەدا هەرکام به جیا هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و ئامادەبونی خۆیان بۆ بەشداریی له مەقاومەت و شەڕی نیشتمانی راگەیاندوە. هەلومەرجی ئەمڕۆ له هەرێمی کوردستان و داهاتوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان له رۆژهەڵات، بانگەوازی هەموان دەکات که هێزەکانمان یەک بخەین و به دروستکردنی ئۆرگانێکی هاوبەشی سیاسی و پێشمەرگانه یەکڕیزی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کوردستان له رۆژهەڵات، که داخوازی هەمو گەلی کوردستانە و پێویستی بزووتنەوەکەیە، مسۆگەر بکەین و به هێز و وزەیەکی یەکگرتوانە ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان به ئەنجام بگەیەنین.
2- کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بانگەوازی لاوانی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات که بۆ بەشداری لە مەقاومەت و بەرخۆدان له دژی داعش و پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەریزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بن و له ئامادەباشیدا بن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٣/ ٨ی ئەگۆستی ٢٠١٤