له 10 ی حوزه‌یرانی 2014 دا، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعشی کۆن) ده‌ستبه‌سه‌ر شاری موسڵدا ده‌گرێت و دواتر، به به‌رچاوی جیهانه‌وه، شار به‌شار و لادێ به لادێ به‌ره‌و به‌غدادی پایته‌خت به‌ڕێده‌که‌وێت و سوپاکه‌ی نوری مالیکی، گروپ له دوای گروپ، هه‌ڵدێن و مه‌یدانه‌کانی جه‌نگ به‌جێده‌هێڵن.
خه‌لیفه‌ی نوێی موسوڵمانان، ئه‌بوبه‌کری دوهه‌م، (ئه‌بوبه‌کری یه‌که‌م له ساڵی 573 دا له‌دایكبوه و له ساڵی 634 دا کۆچی دوایی کردوه و یه‌که‌م خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان بوه، ئه‌بوبه‌کری دوهه‌م ساڵی 1971 له سامه‌ڕا له‌دایکبوه و ئێستا خۆی وه‌ك خه‌لیفه‌ی نوێی موسوڵمانان ده‌ناسێنێت)، به‌ته‌نها سێ گۆشه‌ی سوننه‌ی له‌ژێر ده‌ستی نوری مالیکی ده‌رنه‌هێنا، به‌ته‌نها ڕوبه‌ری جوگرافی کۆنترۆڵکراوی فراواننهکرد، به‌ڵکو ڕوبه‌ری ته‌نزیمی ئه‌ندامه‌کانیشی به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌رانه فراوانکرد.
به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی که تائێستا له‌به‌رده‌ستدان، له 10 ی حوزه‌یرانی 2014 وه تا ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی دوانزه هه‌زار عێراقی سوننه په‌یوه‌ندیان به ڕیزه‌کانی سوپا ڕادیاکاڵهکهی خه‌لیفه‌ی “موسوڵمانان”، ئه‌بوبه‌کری دوهه‌مه‌وه کردوه. به‌م پێیه‌ش ژماره‌ی عێراقیه سوننیه‌کانی “داعش” به‌رزده‌بێته‌وه بۆ نزیکه‌ی بیست هه‌زار ! تاکوێ سوننیه‌کانی عێراق به ئهبوکری دوهه‌م، خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان ده‌ڵێن : خوا لێی ڕازیبێت ! کامانه‌ن ئه‌و سوننیانه‌ی که پێیانوایه بۆ شکستهێنان به نوری مالیکی و حکومه‌تی شیعه‌نشینی به‌غداد، ده‌بێت به تونێلی “هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ شه‌یتان”دا تێپه‌ڕن ؟
گه‌ر ئێمه خراپترین گریمانه له‌سه‌ر ژماره‌ی سوننه‌ی عه‌ره‌ب له عێراقدا وه‌ربگرین، گومانی تیادانیه که ڕێژه‌یان چه‌ند ملیۆنێك تێده‌په‌ڕێنێت. له کۆی ئه‌م چه‌ند ملیۆنه، ئاماده‌یی بیست هه‌زار سوننی عه‌ره‌بی یهکساننیه به گوزارشتکردن له خه‌ون، به‌رژه‌وه‌ندی، خواست و گره‌وه‌کانی زۆرینه‌ی “گه‌لی” سوننه له عێراقدا. لێره‌وه، چرکه‌ساتی گه‌ڕان به‌دوای شوناسی ئه‌و گروپانه‌ی که “به‌یعه‌ت” به خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان، ئه‌بوبه‌کری دوهه‌م ده‌ده‌ن، ده‌مانباته‌وه سه‌ر چوار کاتیگۆری جیاوازی، پێکه‌وه‌نه‌گونجاوی، ناهاوئاهه‌نگ که هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نی ڕوانین و ئه‌جه‌ندای تایبه‌ت به خۆیه‌تی. کاتیگۆری یه‌که‌م بریتیه له کۆی ئه‌و ئهکتهرئیسلامیسته سوننیه ڕاپه‌ڕیوانه‌ی که له 2003 وه تا ئێستا، له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا، چه‌کیان هه‌ڵگرتوه و ده‌خوازن له‌ڕێگای جیهادی “ناسیۆنالیزهکراوهوه”، واته جیاواز له جیهادی گلۆبالیزهکراوی ئه‌لقاعیده و هاوشێوه‌کانی، په‌یوه‌ندیه‌کانی هێز له عێراقدا بگۆڕن. په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م ئه‌کته‌رانه له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ی برایانی موسوڵمانی عێراقیدا، له زۆربه‌ی دۆخه‌کاندا ته‌نها له ئاستی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه، هه‌رچه‌ند گریمانه‌ی په‌یوه‌ندی تهنزیمیش له پێشمانه‌وه ڕێده‌کات و تائێستا ناتوانین نه بیسه‌لمێنین، نه نهفیبکهین.
کاتیگۆری دوهه‌م بریتیه له به‌شێکی زۆر له‌و هێزه عهشائیریانهی که له ساڵانی ڕابوردودا و له‌ژێر کارایی سوپای ئه‌مه‌ریکیدا، چوارچێوه‌یه‌کی ڕێکخستنیان به‌ناوی “سهحهوات” ڕاگه‌یاند و جه‌نگی سه‌روماڵیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا کرد. پاش کشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریکا له عێراق و سپاردنی وڵات به حکومه‌ته شیعییه‌که‌ی نوری مالیکی، ئه‌م هێزانه په‌راوێزخران و به‌ره‌ڵای نێو کۆڵانه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی بیناکراو له‌سه‌ر “زه‌بروزه‌نگی خۆڕایی” کران.
کاتیگۆری سێیه‌م بریتیه له‌و ورده گروپه سوننیه ناسیۆنالیستانه‌ی که تائێستاش خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌ی “مه‌رکه‌زیه‌تی” سوننه له به‌غداد ده‌بینن. له‌بیرماننه‌چێت که له چرکه‌ساتی داگیرکردنی به‌غداد له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیه‌وه ( ساڵی 1638) تا چرکه‌ساتی داگیرکردنی له‌لایه‌ن وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه (ساڵی 2003)، سوننه‌کان فه‌رمانڕه‌وای عێراق بوون : واته 357 ساڵ له ده‌سه‌ڵات ! که‌منین ئه‌و گروپانه‌ی که له‌نێو ئه‌م نوستالژیایهدا ده‌ژین و له‌پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌یاڵکراودا ئاماده‌ن ده‌ستبخه‌نه نێو ده‌ستی شه‌یتانه‌کانه‌وه !
کاتیگۆری چوارهه‌م و کۆتاییش بریتیه له به‌عسیه‌کان. من یه‌کێکم له‌وانه‌ی که پێموایه له‌مێژوی عێراقدا بهعسیبون واته ئینتیما بۆ کاتیگۆریه‌کی تایبه‌تی جیاواز. بهعسیبون مۆدێلێکی ناوازه‌یه له ژیان، له ڕوانین، له جوڵانه‌وه، ته‌نانه‌ت له بهشهربون. مرۆڤی به‌عسی، وه‌ك هه‌ر که‌سێکی دیکه مرۆڤ نیه، وه‌ك هه‌ر که‌سێکی دیکه له‌نێو مرۆڤه‌کاندا ناژی و وه‌ك هه‌ر مرۆڤێکی دیکه نامرێت. بهعسیبون تایپێکه له بهکۆمهڵایهتیبونێك که هه‌میشه ڕوبه‌ره‌کانی جیاده‌کاته‌وه له‌وانیتر. (له کتێبی زه‌بروزه‌نگی ڕادیکاڵدا به‌وردی باسمان له‌م ئه‌زمونه کردوه).
پێموایه بۆ باشتر تێگه‌شتن له هه‌ر یه‌کێك له‌م چوار کاتیگۆریه و په‌یوه‌ندیه‌کانیان به ئه‌بوبه‌کری دوهه‌م، خه‌لیفه‌ی نوێی موسوڵمانانه‌وه، ده‌کرێت چه‌ند گۆشه‌یه‌ك ته‌رخانبکه‌ین. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین لێره‌دا ئاماژه به‌وه‌بده‌ین که : ئه‌م گروپانه، چ پێکه‌وه و چ به جیا، نوێنه‌رایه‌تی “گه‌لی” سوننه له عێراقدا ناکه‌ن. هه‌روه‌ها به‌یعه‌تی ئه‌م گروپانه به خه‌لیفه‌ی نوێی موسوڵمانان، ئه‌بوبه‌کری دوهه‌م، دروست وه‌ك “زه‌واجی سیغه” لای شیعه، یان واژوکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی کاتی ئه‌کته‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌کان له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌کاندا وایه و، به‌ته‌واوبونی شانۆگه‌ریه‌که، ڕۆڵه‌کان کۆتای‌یان پێدێت و هه‌ر ئه‌کته‌رێك ده‌گه‌ڕێته‌وه پانتایی جوڵانه‌وه‌ی ئاسایی خۆی.