شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

له نه‌بوونی هێزی یه‌کگرتوودا، ئه‌بێ چیی بکرێت؟/ کاوه که‌ریمی

“کاروانی گریلا به‌ره‌و شنگال به‌ڕێکه‌وت؛ هێزی ژنانی هێزه‌کانی ٧٠ ئاماده‌یی خۆی بۆ به‌شداریکردن له شه‌ڕ راگه‌یاند؛ گۆڕان هێزی پاسه‌وانی ره‌وانه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ کرد؛پارتی ئازادی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ره‌وانه‌ی شنگال کرد؛ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لاوانی ئێزدی چه‌کدار ده‌کات‌و سه‌رکرده‌یه‌کی کۆمه‌ڵی ئیسلامی داوای دروستکردنه‌وه‌ی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ریی حزبه‌که‌ی کرد” … ئه‌وانه دوایین هه‌واڵه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مڕۆن… . به‌ڵام به هه‌موو هه‌ست‌و سۆز ده‌ربڕێن‌و به‌رپرسایه‌تیی نواندێک له پشتی ئه‌و هه‌وڵانه بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، ئایا ته‌نها هه‌وڵێکه له ئێستادا بدرێت؟

به بێ راڕایی، زۆربه‌ی حزب‌و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان تا ئێستا حزابیه‌تی‌و له ناو حزبیشدا به‌رژه‌وه‌ندیی تاقم‌و گروپ‌و له‌ناو ئه‌ویشدا فۆرموڵ‌و رێگه‌چاره‌ی تاکه‌که‌سی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پرسه‌کان‌و درێژه‌دان به ژیانی سیاسییان له پێش کوردایه‌تی‌و لێبورده‌یی‌و دڵگه‌وره‌یی نیشتمانی‌و ئه‌و هه‌ست‌و به‌رپرسایه‌تییه‌وه‌یه که بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وته مرۆیی‌و نیشتمانی‌و گشتییه‌کان پێویسته‌و هه‌ر له ناو ئه‌و گه‌له دراوسێیانه‌و داگیرکه‌راندا ده‌یان ساڵه بوونی هه‌یه‌و ئه‌بینرێت.

به‌و واتایه، گه‌لی کورد هێشتا له قۆناغی ته‌سک‌بینیی سیاسیدایه‌و توانایی بینینی ئاسۆی ده‌سکه‌وته گشتییه‌کانی نییه؛ بۆیه‌ش له حاڵه‌تێکی وه‌ک ئێستا پێویستدا، هیچ ئاڵتێرناتیڤێکی چه‌کداریی نییه که بتوانێت هێزه‌کان به مه‌به‌ستی پاککردنه‌وه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌کی باشووری کوردستان له داعش له ژێر چه‌تری خۆیدا کۆ بکاته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ موراد قه‌ره‌یلان داوای له یه‌کێتی‌و پارتی کرد ئه‌و هێزه دروست بکه‌ن، به‌ڵام خودی ئه‌وه‌ش دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی تێدا بوو: یه‌که‌م، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌گه‌ر ئه‌وه دروستیش ببێت (که به‌م حاڵه، زۆر مه‌حاڵه) دوارۆژ پ.ک.ک‌و گوتاری سه‌رشه‌قام‌و پڕوپاگه‌نده‌ی (وه‌ک لۆژیکی تاک‌و حزبی کوردی) ئه‌ڵێ ئه‌وه‌ من بووم‌و یه‌که‌م که‌س من وتم‌و من کردم‌و… ئاساییه لایه‌نه‌کانی تر وه‌ک پلانی تاکلایه‌نه‌ی ئه‌و ره‌دی بکه‌نه‌وه‌، یا شتی جیاوازتر پێشکه‌ش بکه‌ن.  له لایه‌کی تریشه‌وه سروشتی سیاسه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ واته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وایه که مه‌به‌ست له پلانێک ‘کردن’ بێت، پێش جێبه‌جێبوونی به میدیایی ناکرێت. بۆیه مادام به میدیایی کراوه شته‌که زیاتر ئه‌وه مه‌به‌ستی بووه که باس بکرێت. دووه‌م: رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی له بیر بردووه‌و به ته‌نیا داوای له باشوورو ئه‌ویش له دوو حزبی ی.ن.ک‌و پ.د.ک کردووه که ئه‌و هێزه دروست بکه‌ن‌و به‌وو پێیه‌ش دواتر هێزه‌کانی تر په‌یوه‌ست بن پێیه‌وه، که دیسان به لۆژیکی تاک‌و حزبی کوردی هێزه‌کانی تر په‌یوه‌ست نابن پێیه‌وه‌و به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیه‌وه ئه‌گه‌ریش بکرێت، که دیسان هه‌ست ئه‌که‌م مه‌حاڵه، ئه‌وه لانیکه‌م ره‌خنه‌یه‌که که لێی بگیرێت.

له‌م بارودۆخه‌دا، درێژه‌کێشانی پاشکۆیه‌تیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێگومان مه‌ترسیی ته‌نیا بۆ رۆژهه‌ڵات نییه‌و له‌و باو‌‌ه‌‌‌ڕه‌‌شدام هه‌ر هه‌‌وڵێکی رۆژهه‌ڵاتییه‌کان بۆ پاراستنی باشوور، له شارو شاخه‌کانی رۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێده‌کات… .

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.