سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئوکتوبری 1917 و هاتنه‌سه‌رکاری بولشوڤیکه‌کان (Bolshevists) له مۆسکۆ وایکرد چه‌پی رووسی له ئاستی جیهانی و به‌تایبه‌تی له ئاستی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست وه‌ک ناوه‌ندێک و قۆتابخانه‌یه‌ک بۆ خه‌بات ته‌ماشا بکرێ. به‌و پێیه حیزبی تووده‌ی ئێران له ساڵی 1941 له تاران دامه‌زرا و له ئاستی ئێران نوێنه‌راتی چه‌پی رووسی کرد. بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، هه‌ر له دامه‌زرانی حیزبی دێمۆکرات له ساڵی 1945 و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد له ساڵی 1946، له ژێر کاریگه‌ری چه‌پ و به‌تایبه‌تی چه‌پی رووسی بووه. ئه‌وه‌ی که چالاکانی سیاسی و حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات کوردستان له بلوکی چه‌پ، فێره ئه‌وه بوون که له چ رێگه‌یه‌ک و به چ شێوه‌یه‌ک خه‌بات بکه‌ن، پێویستی به خه‌سارناسی هه‌یه. چه‌پ گه‌رایی له سیاسه‌ت کردنی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له چ هه‌لوێستگه‌لێک ره‌نگی داوه‌ته‌وه؟ ئاخۆ راستکردنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له چ ریگه‌گه‌لێک ده‌کرێ؟
حیزبی بولشۆڤیکی له رۆژهه‌ڵات کوردستان
حیزبه‌کانی دێمۆکرات و کۆمه‌له وه‌ک دوو ره‌وتی سه‌ره‌کی له کانالیزه کردنی وزه‌ی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌ره‌رای جیاوازی له ڕوانین و هه‌لوێسته‌کانیان، خاوه‌نی یه‌ک پێکهاته و ستراکتێری سیاسین. هه‌ر دوو حیزبی دێموکرات و کومه‌له له بواری فۆرم و سکێلێتی حیزبایه‌تییه‌وه وه‌ک حیزبێکی بولشۆڤیکی له‌قه‌له‌م ده‌درێن. ستراکتێری بولشۆڤیکی له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کلاسیکی بۆ کۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه ده‌گڕێ که کۆمه‌ڵگه به سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش ده‌کا. له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵگه له دوو گرووپ پێکهاتووه، گرووپێک توانای بیرکردنه‌وه و فیکری هه‌یه و گرووپه‌که‌ی دیکه‌ش رۆلی جێبه‌جێکار و فه‌رمانبه‌ری هه‌یه. هه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه له کۆمه‌ڵگه، له ستراکتێری حیزببیشدا ره‌نگ ده‌داته‌وه و حیزبی بۆلشوڤیکی به سه‌ر رێبه‌ری و به‌ده‌نه دا دابه‌ش ده‌بێ. رێبه‌ری هێزی فێکری و بڕیارده‌ره به‌لام به‌ده‌نه هێزی جێبه‌جێکار، گوێگر و فه‌رمانبه‌ره. ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ماددی، سیاسی و ته‌نانه‌ت روشنبیری له چه‌نگ رێبه‌ریدا سه‌نترالیزه و قۆرخ ده‌کرێ، تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌حزابی بۆلشۆڤیکییه. له حیزبی بولشۆڤیکی دا رێبه‌ری ده‌بێ هه‌م نووسه‌ر و روشنبیر بێ هه‌م چالاکی سیاسی. به واتایه‌کی دیکه “زه‌ینییه‌تی و خه‌ونی بوون به لێنین” واته کۆکردنه‌وه‌ی رێبه‌رێکی سیاسی و رێبه‌رێکی تیۆری-فێکری له یه‌ک که‌سدا له حیزبه بۆلشۆڤیکییه‌کاندا هه‌میشه زه‌ینییه‌تێکی ئاماده و زیندوو بووه. چل ساڵ خه‌باتی دوکتور قاسملوو، نیوسه‌ده تێکۆشانی ماموستا عه‌بدوڵله حه‌سه‌ن زاده ئاوێنه‌ی بالانوێنی “خه‌ونی به لێنین بوون” واته کۆکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و روشنبیر له یه‌ک که‌سدایه.
له لایه‌کی دیکه هه‌رچه‌ند ئه‌و حیزبانه جه‌خت له‌سه‌ر بوونی دێمۆکراسی نێوخۆیی له نێو حیزبه‌که‌یاندا ده‌که‌ن به‌ڵام به کرده‌وه ده‌بینین بازنه‌ی رێبه‌ری بازنه‌یه‌که به ئاسانی ئالاگۆری به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئه‌و سه‌نترالیزه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له نێو ئه‌حزابی بۆلشوڤیکی هه‌ر به بالاده‌ستی ئیدئۆلۆژیک و هێندێک جار گالته‌ئامێزی رێبه‌ری به‌سه‌ر به‌ده‌نه‌دا کۆتایی نایه، به‌ڵکوو ئه‌و حیزبانه به‌ده‌ست کێشه‌ی دانان و لابردنی که‌سی یه‌که‌م ده‌نالێنن. ئاکامی هه‌بوونی دێمۆکراسی نێوخۆیی له حیزبێکدا به کرده‌وه ده‌بێ ئه‌وه بێ که له نێو هێزی مرۆیی ئه‌و حیزبه‌دا هاوسه‌نگی هه‌بێ . له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێمۆکراتیکدا کارێک بوونی نییه که ته‌نیا یه‌ک که‌س توانای ئه‌نجامدانی هه‌بێ. به‌ڵام له حیزبه بولشۆڤیکییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سکرتێر هه‌تا له ژیان دا بووه سکرتێر بووه، لاچوونی سکرتێریش جیابوونه‌وه و کێشه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.
خشته‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان پێ ده‌لێ که له‌و حیزبانه‌دا هیچ سکرتێرێک به شێوه‌یه‌کی دێموکراتیک و له کۆنگره‌دا لانه‌بردراوه، ئه‌گه‌ریش شتێکی ئاوا رووی داوه، ئه‌وه ئه‌و حیزبه نه‌گه‌یشتوته کۆنگره‌ی داهاتووی خۆی، تووشی ئینشعاب بووه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان و کومه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له ساڵی داهاتوودا کۆنگره ده‌به‌ستن و ئه‌وان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان هه‌یه که بۆ یه‌که‌م جار به شێوه‌یه‌کی دێموکراتیک سکرتێره‌که‌یان بگۆرن و یارمه‌تی پته‌وتربوونی دێموکراسی نێوخۆیی بده‌ن.
دیاره بابه‌تی سه‌نترالیزه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له حیزبه بولشۆڤیکییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌نیا به پۆستی سکرتێریدا کۆتایی نایه‌ت. ئه‌و حیزبانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا هه‌میشه خۆیان به یه‌کسانیخواز زانیوه به‌ڵام به کرده‌وه و له پێکهاته‌ی سیاسی‌دا هه‌میشه پیاوسالار بوون. ژنانی دێموکرات و کومه‌له تاکوو ئێستا نه‌ک هه‌ر پۆستی سکرتێریان وه‌رنه‌گرتووه به‌ڵکوو ژماره‌یه‌کی زۆر که‌میش توانیویانه بببنه ده‌فته‌ری سیاسی. ئه‌گه‌رچی کومه‌له‌کان خۆیان زۆر به چه‌پتر له دێموکراته‌کان ده‌زانن و به کرده‌وه‌ش هه‌وڵیان داوه رۆژی 8ی مارس و رۆژی کرێکاران وه‌ک به‌شیک له رێوره‌سمه‌کانیان به گرینگییه‌کی زیاتره‌وه به‌رێوه به‌رن به‌لام نه‌یانتوانیوه له رێگه‌ی بوونی پێکهاته‌یه‌کی سیاسی فره‌چه‌شن و دێموکراتیکتر په‌یامی یه‌کسانیخوازی بده‌ن.
شۆڕش وه‌ک رێگه چاره‌ی چه‌پ
کارل مارکس له لێکدانه‌وه‌ی خۆی جه‌ختی له سه‌ر ناکۆکی چینایه‌تی له نێوان سه‌رمایه‌دارن و کرێکاران ده‌کرده‌وه و شۆرشێکی کرێکاری وه‌ک رێگه‌چاره پێشنیار ده‌کرد. هه‌رچه‌ند مارکس پێی وابوو ئه‌و شۆڕشه کرێکارییه، له ولاتاتانێک وه‌ک ئالمان و بریتانیا که ولاتانێکی پیشه‌سازی بوون و کێشه‌ی نێوان کرێکاران و سه‌رمایه‌داران به‌رجه‌سته ببوه، روو ده‌دا به‌ڵام لێنین به پێداچوونه‌وه بۆ ڕاوبۆچوونی مارکس رێبه‌ری شۆرشێکی چه‌پی له شوره‌وی کرد. ئه‌وه‌ی که چه‌پی رووسی له ئاستی جیهانیدا رێبه‌ری چه‌پی ده‌کرد و ئه‌و چه‌په له رێگه‌ی شۆڕشی 1917 ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت، ئه‌نجامدانی شۆڕشی وه‌ک رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له نێو ئه‌قلانییه‌تی خه‌باتگێری چه‌پدا پته‌و کرد. هه‌روه‌ها هێزگرتنی مائۆ له چین له ساڵی 1949 له رێگه‌ی کرده‌وه‌گه‌لی شۆڕشگێرانه و تووندوتیژ، هێنده‌ی دیکه شۆڕشی وه‌ک رێگه‌چاره‌یه‌ک له نێو ئه‌قلانییه‌تی خه‌باتگێری چه‌پ پته‌و کرد. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی چه‌پ له ئاستی ئێران دا، دامه‌زراندنی حیزبی توده له ساڵی 1941 له تاران ده‌بێ. کاریگه‌ری چه‌پی رووسی به سه‌ر فه‌زای رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات له ساڵی 1945 و کۆماری کوردستان له ساڵی 1946 کاریگه‌ری ده‌بێ به‌ڵام به کرده‌وه له‌و ساڵانه‌دا و له ره‌وتی شه‌ری جیهانی دووهه‌م مۆکریان له لایه‌ن رووسه‌کان به‌رێوه ده‌چوو، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هیچ هێزێکی به‌سه‌ردا نه‌مابوو. هه‌ر بۆیه ره‌هه‌ندی سیاسی-نیزامی چه‌پی رووسی له دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات و پێکهاتنی کوماری کوردستان رۆلێکی گرینگ ده‌گێرێ. به واتایه‌کی دیکه چۆنکه رووسه‌کان کۆنترۆلی باکووری ئێرانیان ده‌کرد، کورده‌کان و کۆماری کوردستان رێگه چاره‌یه‌کیان جێگه له قبوولی چه‌پی رووسی نه‌بوو.
نموونه‌یه‌کی باشتر که ئه‌قلانییه‌تی خه‌باتگێری چه‌پ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به باشی ده‌رده‌خا، بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری ساله‌کانی 1346-1347 بێ. ئه‌و بزووتنه‌وه چه‌کدارییه له ئاکامی هه‌لوێستی به‌شێک له رێبه‌ری و کادره‌کانی ئه‌و کاتی حیزبی دێموکرات، که‌سانێک وه‌ک مه‌لا ئاواره، سوله‌یمان موعینی و سمایل شه‌ریف زاده، پێکهات. ئه‌وان خه‌باتێکی چه‌کداریان به دژی شا ده‌ست پێ کرد که هیچ شانسێکی سه‌رکه‌وتنی نه‌بوو. شا له‌و سه‌رده‌مه‌دا بواری نیزامییه‌وه به‌هێز بوو، هه‌روه‌ها شای ئێران پێوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ پارتی دێموکراتی عێراق هه‌بوو. هه‌ر بۆیه خه‌باتی چه‌کداری لووتکه‌ی ئه‌و چه‌شنه خه‌باته ئایدیالیستی و چه‌پ گه‌رایانه‌یه بوو که به جێگه‌ی ئه‌وه‌ی بیر له ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتن و ئاکامه‌کانی خه‌باتێک بکاته‌وه، به شوێن کۆمه‌لێک ده‌ستکه‌وتی سه‌مبۆلیک و رۆحییه بوو. خراپترین ده‌ستکه‌وتی بزووتنه‌وه‌ی 46-47 ئه‌وه بوو که تۆوی خه‌باتی چه‌کداری له نێومێشکی گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چاند. خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک شێوازێک له خه‌بات که له روانگه‌یه‌کی ستراتژیکدا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان قه‌ت سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا. (بۆ تێگه‌یشتن له سه‌رکه‌وتوونه‌بوونی خه‌باتی چه‌کداری له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌توانن وتاری “خه‌بات، حیزب و گه‌ڵ” بخوێنه‌وه.)
چه‌پ بوون به واتای جه‌خت کردن له سه‌ر ڕادیکال و ئارمانخواز بوون ئێستاش له نێو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوونی هه‌یه. کومه‌له و دێموکراته‌کان تاکوو ئێستاش “دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی” ده‌ده‌ن و ئه‌وه دروشمه له رۆژنامه و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانیان دا بڵاو ده‌کرێته‌وه. بێ گۆمان کۆماری ئیسلامیش به شۆڕش نه‌بێ نارووخێ که‌وایه ئه‌و دروشمه هه‌مان پێداگری کردن له سه‌ر ئه‌نجامدانی شۆڕش بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌لاته. ئه‌گه‌ر توانای ئه‌و حیزبانه‌ش و ته‌نانه‌ت کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌لبسه‌نگێنی، بۆت ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان له بواری نیزامییه‌وه توانای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیان نییه. حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه که کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی دیکتاتۆره به‌ڵام واقعییه‌تیش ئه‌وه‌یه ئه‌و دیکتاتۆرییه‌ته به کورد نارووخێ. واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆنی غه‌یره کوردی ئێران، بڕوای به دێموکراسی و دانی مافی چاره‌نووس به کورد نییه که‌وایه حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه چاوه‌روانکردنی سیستمێکی دێموکراتیک له دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیش هه‌ر ئه‌سته‌مه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌حزابی چه‌پی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ده‌ستبه‌ردای ئه‌و سیاسه‌ته پارادۆکسیکال و غه‌یره واقعییه نابن؟
که ته‌ماشای رۆژنامه‌ی کوردستان، بڵاوکراوه‌ی حیزبی دێموکرات ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می دوکتور قاسملووش بکه‌ین، دروشمی “خه‌بات دژی ئه‌مپریالیزم” زۆر به ئاشکرا ده‌بینرێ. ئه‌گه‌ر بپرسی ئه‌و خه‌باته دژه ئه‌مپریالیستییه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا یانی چی؟ ئه‌و سیاسه‌ته دژه ئه‌مپریالیستییه چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی بۆ کورد هه‌بوو؟ ئاخۆ کوردی رۆژهه‌ڵات ده‌توانن کۆتایی به ئه‌مپریالیست بێنن؟ جێگه‌ی خۆیه‌تی ئێستا که 25 ساڵ به سه‌ر تیرۆری دوکتور قاسملوودا تێده‌په‌رێ بپرسین، بۆ سه‌ره‌رای پراگماتیستبوون و واقعگه‌رای دوکتور قاسملوو، ئه‌مریکا نه‌بوو به ناوه‌ندێکی دیپلۆماسی کوردی رۆژهه‌ڵات؟
راستکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
راستکردنه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به دوور که‌وتنه‌وه له سیاسه‌تکرنێکی ئارمانخوازانه و حه‌قیقه‌تگه‌رایانه و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی واقعگه‌رایانه و دوور له ئایدیالگه‌رایی ده‌کرێ. چه‌پ وه‌ک قۆتابجانه‌یه‌ک بۆ خه‌بات له گه‌شه‌ی حه‌ماسه‌تگه‌رایی و ئایدیالگه‌رایی، له سه‌ر دروستکردنی ئه‌قلانیه‌ت و سیاسه‌تێکی ناکۆک له‌گه‌ڵ واقعی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رۆلێکی گه‌وره و له‌مێژینه‌ی هه‌بووه. ئه‌و رۆله پێویسته له رێگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسی، واته خوێندنه‌وه‌یه‌کی دوور له هه‌ست بۆ توانای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و رێگاکانی به‌هێزکردنی ئه‌و توانایه، مسۆگه‌ر ده‌بێ. ئه‌وه‌ش پێویستی به رێفورمی بنچینه‌یی له شێوازی سیاسه‌تکردن و پێکهاته‌ی سیاسی ئه‌حزابی کوردی هه‌یه. هه‌روه‌ها پێویسته روانینمان بۆ سیاسه‌ت، له‌وه که سیاسه‌ت کاری هه‌مووان بێ، بگۆڕین و سیاسه‌ت ببێته کاری که‌سانێکی شاره‌زا. سیاسه‌تکردن کاری هه‌موو گرووپه‌کانی کومه‌ڵگه نییه به‌ڵام گرووپه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌بێ رێگه و ده‌ره‌تانی به‌شدارییان له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و یه‌کسانیخواز هه‌بێ.
سه‌رچاوه‌کان:
رۆژنامهه‌کانی کوردستان ئورگانی فه‌رمی حیزبی دێموکرات
بزربوونی سیاسه‌ت، عه‌دنان حه‌سه‌نپور، وب سایت شخێی عدنان حسن پور
چپ در کردستان، سامی روشن
فروز و فرودهای چپ در در کردستان و ایران، گفتگو با ێلاح ا‌لدین مهتدی
5ساڵ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵله موهته‌دی، به‌همه‌ن سه‌عیدی
چپ در ایران به روایت اسناد ساواک، جلد 1 و 2
سوله‌یمان معینی
http://www.ekurds.com/kurdish/sulaymanmoeini.htm
تێبیی: ئه‌م بابه‌ته پێشتر له سایتی www.nnsroj.com بڵاو بووه‌ته‌وه‌و له سه‌ر داوای نووسه‌ر له زاگرۆس پۆست بڵاو بووه‌ته‌وه.