کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی عێراق کۆی پێکهاتەی جوغرافی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەی بردۆتە لەسەر لێواری هەڵدێری تێداچوون و،ئەگەر بە تەواوەتی نا بەڵام دەوڵەتی شیعەبەرێوەبەر لە عێراق دوایین هەناسەکانی هەلدەکێشێ.ئەم دۆخە خۆڵقاوەی عێراق کە زۆریش چاوەرواننەکراو نەبوو نەتەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق بەڵکوو لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیشدا زۆر لایەن و جەمسەر و دەوڵەتی بەهێز و بێ هێزی هێنایە سەر خەت.لەو گەردەلوولی ئاڵۆزی و لەبەریەکترازانەی عێراقدا زۆربەی لایەنەکان بە دەرەکی و نێوخۆییەوە لە هەوڵی پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیاندان.ئەگەر لایەنی دەرەکی لەو هاوکێشەیەدا لەبەرچاونەگرین،لە ناو ئەو پێکهاتەیەی کە بە عێراق نێودێر کراوە سێ لایەنی سەرەکی راستەوخۆ تێوەگلاون.
شیعەی ژێرپێ خراوی دوێنی و دەسەڵاتداری ئەمرۆ،سووننەی دەسەڵاتداری دوێنێ و پەراوێزخراوی ئەمرۆ و،کوردی مافخوراوی دوێنێ و ئەمرۆی عێراق. من لەو هاوکێشە نێوخۆیەشدا شیعە و سووننی وەلادەنێم و باسی کورد دەکەم. لە جێیەوە کە هەم زۆر باسکراوە و هەمیش بۆ هەموومان ئاشنایە بە پێویستی نازانم لێرەدا باسی پێگەی کورد و دەور و نەقشی لە بنیادنانەوەی عێراقی نوێدا بکەم و راستەوخۆ دەچمە سەر دۆخی ئەمرۆ و لە روانگەی خۆمەوە هەوڵ دەدەم بە کورتی شتێک بڵێم. تێکچوونی شیرازەی دەسەلات و هەڵوەرینی سپای عێراق و کەوتنەوەی ئەو بۆشایە ئەمنییەی کە هەموو عێراق ئەگەر نەڵێم لانیکەم ئەو ناوچانەی گرتەوە کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی سپای حکوومەتی ناوەندییدا بوون،ئازاد بوون و گەرانەوەی ئەو ناوچانەی کە لە سەرزەمینی کوردستان دابرێندرابوون و فراوان بوونی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردە”دفاکتۆ”.
کورد زۆر ژیرانە و ئەو جۆرەی چاوەروان دەکرا ئەو ناوچانەی بە خاوەن کردەوە و بەمجۆرەش هیچ نەبێ لە ئێستادا کێشەیەکی کۆنی بۆ چارەسەر بووە کە دەیتوانی لە کات و بارودۆخێکی دیکەدا وا بە ئاسانی و بەبێ زیان چارەسەر نەبوایە.بە گشتی رووداوەکانی ئەودواییانە وەک بوومەلەرزەیەکی سیاسی شەقامی کوردی ورووژاند و بیری سەربەخۆ بوون وەک خەونێکی گەورە و لەمێژینەی گەلی کورد بۆتە پرسی رۆژ،تەنانەت سەرکردایەتی سیاسی کورد ئامادەکاریی بۆ بەرێوەچوونی پرسی رێفراندووم و گشتپرسیی بۆ “دیاریکردنی چارەنووس”ی خستۆتە دەستووری کاری پارلمانی کوردستان. ئەوەیکە پێویستە سەرنجی بدرێ ئەوەیەکە هەڵوێستی تا ئێستای سەرکردایەتی کورد لەئاست پرسی رێفراندووم و گەرانەوە بۆ دەنگ جەماورە لە رێگای پارلمان لە لایەک و،مەسەلەی بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و پشووسواربوونی هێندێک کەسایەتی سیاسی و لایەنی کوردی بۆ مسۆگەرکردنی پۆست لە بەغدا،پارادۆکسێکی دروست کردووە کە وردە وردە خەریکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تۆوی بێ هیوایی و تەنانەت خۆپارێزی و کەنارگیربوونی شەقامی کوردی لەئاست پرسە جارەنووس سازەکاندا.هەرچەند هیچ واقعێک ناتوانێ حەقیقەتی مافخوازی گەلی کورد بگۆرێ ،بەڵام مێژووی تاقیکراوەی ئیزدواج و “پێکەوەژیانی” نەتەوەکانی عێراق و ئاکامەکانی ئەو دیاردەیە بەرچاوروونی نەتەوەیمان لێڵ دەکا و هەڵپە و حەولی کورد بۆ هەڵبەستنەوەی کۆڵەکە رووخاوەکانی حکوومەتی شیعەی بەغدا بە توونێل و داڵانێکی تاریک و بێ ئاسۆدا راماندەکێشێ.
کورد لە باشوور قوربانیی سەرەکی حکوومەتی سووننە بووە و بەرهەمی دەسەڵاتی سووننە لە عێراق بۆ کورد ژێر دەستەیی و ئاوارەیی و ئەنفال و کیمیاباران و زیندان و ئەشکەنجە و کاولکاری بووە.ئاوا ئەزموونی حکوومەتی شیعەش بە تایبەت لە قۆناغی مالیکیدا کە تا ئێستا بەهێزترین بەربژاری دەسەلاتدارییە لە ناوەند،روون و ئاشکرایە.لە هەموو ئەو ساڵانەی کە پێدەڵێن قۆناغی شەراکەت و بەشداری لە دەسەلاتی ناوەندییدا،تەنیا کورد لە ئاستی “وشە”دا “فدرالیزم و بەشداریکردن و بەرێوەچوونی دەستووری عێراقی لەسەرزار بووە. لە هەموو ئەو ساڵانەدا نەک کورد وەک شەریک و بەشدار هیچ دەورێکی نەبووە بەڵکوو حکوومەتی شیعەبەرێوەبەری بەغدا زۆر بە نەرمەبری و بە فێڵ و کات کرین و زۆر جاریش بە دەمارگیری و جووڵاندنی هەستی نەتەوەیی و مەزهەبی لە هیچ هەوڵێک بۆ پێشێلکردن و خواردنی مافی کورد درێغی نەکردووە.تەنانەت بە پێکهێنانی سپا و هێزی چەکدار هەرەشەی داگیرکردنی سەربازیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
دژایەتیکردنی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لەگەڵ خواست و مافەکانی گەلی کورد بە رادەیەک جەوهەری و پرەنسیپاڵە بۆیان کە تەنانەت لە سەرەمەرگیشدا ئامادە نین دان بە بوونی حکوومەتی کوردیدا بنێن و بچووکترین و سەرەتاییترین ماف بۆ ئەو گەلە بەرەسمی ناناسن.ئەوانە و هەموو فاکتەرە نێوخۆییەکانی دیکە و پێگەی نێونەتەوەیی کورد و ئەو کارتە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیکانەی کە بەدەست کوردەوەیە دەخوازێ بێ هیچ دوودڵی و بێ هیچ نیگەرانییەک ئامادەکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات بۆ چەسپاندنی ئیرادە و ئارەزووی مێژووی گەلی کورد کە لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد دا بەرجەستە دەبێ.هەموو لاپەرەکانی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و هەموو فاکتەرە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە :هەرچەند بێ کێشە و دژایەتی و دوژمنایەتی نابێ،بەڵام کاتی ئەوە هاتووە”مافی دیاریکردنی چارەنووس” لە مافەوە بکرێتە”ئەرکێکی نەتەوەی و مێژووی”.کاتی ئەوە هاتووە کە بە دەنگی بەرز بڵێین ئێمەی کورد”مافی” خۆمان لە دیاریکردنی چارەنووسدا بەکار دێنین و لێی ناگوزەرێین. ئارام مودەریسی