چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

کێشەکانی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا/ مه‌ریوان قانع

”لەم ناوچەیەدا ھەڵوەشاندنەوە و ھەلارھەلاربوونی بەردەوامی دەزگاکانی دەوڵەت، وێرانبوونی دەوڵەت وەک ناوکۆییەکی کۆمەڵایەتیی، لەدەستدانی توانای مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی، کۆنترۆڵکردنی دەزگاکانی لەلایەن نوخبەیەکی بچووکی نابەپرسیار و ستەمگەرەوە، بەکارھێنانی تواناکانی دەوڵەت بۆ گەورەکردن و ئاوساندنی تواناکەنی نوخبەیەکی سوڵتانی نابەرپرسیار، دروستکردنی لەشکری تایبەت و تەریب و ناوچەیی و حیزبیی و تائیفی ھتد… لە ئاکارە سەرەکییەکانی ژیانی دەوڵەتە لەم چەند دەیەی دواییدا.

 ھەموو ئەمانە بکەری نادوڵەتیی جیاواز و نوخبەی دەوڵەتیی ستەمگەر و ئاوساو و دژ بە کۆمەڵگای لەناوچەکەدا کردوە بە دیاردە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتی. جگە لەمانە دروستبوونی ”نەزمێکی ھەرێمایەتی“، واتە ”نیزامێکی ئیقلیمیی“، کە تیایدا دەوڵەتەکانی ناوچەکە، ھەریەکە و بۆ مەبەستێکی جیاواز کە ھەمیشە مەبەستی دینیی و تائیفی نییە، دەستوەرئەدەنە کاروباری دەوڵەتەکانی دراوسێییانەوە و پرۆسەی گۆڕانکاریی و چاکسازیی سیاسیی و پێشخستنی ئابوریی و سەقامگیربوونی ئارامیی و ئامێزانبوونی کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیی پەکدەخەن.

 بۆ نموونە دەستێوەردانی سعودیە و تورکیا و ئێران لە عێراقدا، دەستوەردانی ئێران و ئیسرائیل و سوریا لە لوبناندا، دەستێوەردانی سعودیە و قەتەر لە میسردا، دەستێوەردانی تورکیا و ئێران و عێراق و سعودیە و ئیسرائیل و قەتەر و ئەوانیتر لە سوریادا، نموونەی زەق و بەرچاوی ئەم دۆخەن. ھەموو ئەم دەستێوەردانانە، کە مەبەستی سیاسیی و تەماحی دەسەڵاتدارێتی و خەونی ھەیمەنەکردن ئاراستەیان دەکات، نەک سەرخستنی ئەم یان ئەو تەفسیریی دینی بەسەر ئەویتریاندا، دەرەنجامی ھێجگار نێگەتیڤ و خراپیان بۆ سەرجەمی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە ھەیە.

 ئەم نەزمە ھەرێمایەتییە، کە بەدەیان ھێڵی دیار و نادیارەوە بە ململانێ جیھانیی و نێودەوڵەتییەکانەوە گرێدراوە، بەشێکی گرنگ و سەرەکیی سەرسەختیی و قوڵیی کێشەکانی ئەم ناوچەیە. ئەوەشی ئەم ململانێ و کێشانە ئاراستە دەکات، کولتور و دین و سێکتاریزم نییە، بەڵکو ستراتیژیی ناوەکیی و دەرەکیی دەسەڵات و نفوز و ھەیمەنەیە. بێگومان دین و کولتور و سێکتاریزم لەم ململانێیەدا بەکاردێن، بەڵام بەکارھێنان و بەگەڕخستنیان بەشێکن لەو گشتە گەورەی،. لەھەموو ئەو دۆخانەشدا دین و کولتور و سێکتاریزم بەھیچ مانایەک ھێز و ھۆکاری دەستنیشانکەر و سەرەکی نین. بەشێکی زۆری کێشەکانی ئەم ناوچەیە کێشەی چۆنیەتی بەکارھێنان و ئیدارەدان و ئاراستەکردنی دەوڵەتە“.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.