هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

با کورد”هەل”ەکە نەکا بە “هەڵە”/ ئارام مودەریسی

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە کۆنەوە خاڵی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان بووە.زلهێزەکانی جیهان بەردەوام و بە درێژایی مێژوو خاک و مرۆڤ وئایین و کلتوور و خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی گەلان و دانیشتوانی ئەو ناوچەیان کردۆتە ئامرازی پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیی خۆیان.ئەگەر نەگەرێنەوە بۆ هیچ نموونەیەکی مێژووی،ئێستا شانۆیەکی زیندووی ئەو ململانییەنەمان لەبەر دەستە.سووریە ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گیرۆدەی شەرێکی خوێناوی بووە کە دەرهاویشتەی ئەو شەرە کوژرانی زیاتر لە سەدوحەفتاهەزار ئینسان،ئاوارەبوونی بە ملێونانیتر و وێرانی و کاولکارییەکی بەربڵاو کە ئاسەوارەکەی بۆ ساڵیانی ساڵ ناسرێتەوە و ئەو رەوتی وێرانی و کوشت و بر و کاولکارییە هەر بەردەوامە و هیچ وێناچێ بەو زووانە شاهیدی بەکۆتاهاتنی شەر و هێوربوونەوەی بارودۆخی سووریە بین.پێش دەستپێکردنی شەری سووریە و لە هەموو ئەوماوەی شەردا ریزبەندی و دەرکەوتنی لایەنە دەرەکییەکان،واتە هەمان بەرژەوەندیخوازەکانی مێژوو زۆر بەروونی دەرکەوتن.ئیتر لەکەس شاراوە نییە ئەوە ململانێی نێوان رۆژئاوا و رووسییەیە کە رۆژانە خاک و جەستە و ژیانی خەڵکی سووریە دەهارێ و لەگەڵ خۆی دوو جەمسەری دژبەیەکی چێ کردووە کە باجەکەی تێداچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بێدەرەتانی سووریە دەیدەنەوە.هەر لەئاکامی ئەو شەرەدا باشترین هەل رەخساوە بۆ تاقم و گرووپە تووندرەوە ئیسلامییەکان کە لە لایەکەوە ببنە داردەستی زلهێزەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجندای بەرژەوەندخوازانەیان و،لە لایەکیترەو شەری ئایینی و رق و بۆغزی مەزهەبی خۆیان بەرامبەربەیەک بەتاڵ کەنەوە.بە کورتی ئاگری شەرێکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکە داگیرساوە کە سەرەنجام عێراقیشی گرتەوە کە هەموو نیشانەکان پێماندەڵێن ئاسەوارەکانی ئەو شەرەی کە ئێستا عێراقی تەنیوە گەلێک ماڵوێرانکەرتر و ترسناکتر دەبێ لە سووریە.

عێراق و بە تایبەت ئەو ناوچەیەی کە پێیدەڵێن سێگۆشەی سووننە،ئەوە نزیکەی دە ساڵە لە ئاکامی سیاسەتی تاکرەوانە و تاک رەهەندی حکوومەتی ناوەندی و پاوانخوازیی شەخسی “مالێکی”،قوڵووپ دەدا و رەق و قینێک کە لەو دەیەیەدا پەنگی خواردبووە سەرەنجام سەررێژی کرد.هاتنی گرووپی تیروریستی داعش و جووڵەی سووننەی تەریکخراو و کۆنە بەعسی راونراوی پێشوو لە لایەک و،هەرەسی چاوەروانکراوی سپاسی عێراق ،ناوجەیەکی بەرفراوانی لە ژێر کۆنترۆلی حکوومەتی ناوەندی دەرهێنا کە رۆژبەرۆژ لە فراوانبوون دایە و هیچ شیمانەی ئەوە ناکرێ دەسەلاتەکەی مالیکی لانیکەم بەو زووانە بتوانێ لە رێگای هێزی سەربازییەوە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە.زۆر روون و ئاشکرایە کە زەرەرمەند و دۆراو و شڵەژاوی لانیکەم ئێستا لە عێراق “نوری مالیکی” و کۆتلە سیاسیەکەیەتی.سووننەی مافخواروی ئەوچەند ساڵە و گرووپی داعش هیچ نەبێ تا ئێستا سەرمەستی ئەگەر سەرکەوتنی خۆیان نەبن بەڵام دڵخۆشی شکستی مالیکین.

و بەڵام کورد کە یەکێک لە پێکهاتە گرینگ و سەرەکییەکانی عێراقە،لەو بارودۆخەدا لەبەردەم چرکەساتێکی زۆر هەستیار دایە.هەم دەتوانێ بە زۆرێک لە خواست و ئاواتەکانی بگا و،هەمیش دەتوانێ تووشی گەورەترین کارەسات و رووداوی تاڵ بێتەوە.کورد لە کوردستانی باشوور کە زۆرترین قوربانی داوە و تووشی ئاوارەی و کیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید بۆتەوە بەڵام لە دوو قۆناغی جیاوازدا لە ساڵەکانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ دا توانی ئاهێکی بێتەوەبەر و دەسەلات و حوکمرانی بەشێک لە سەرزەمینی خۆی بکات.ئەوە دەرفەتێکی زۆر زێرین بوو کە کورد جیاواز لە ناوچەکانی تری عێراق گەلێک پیشکەوتن لە هەموو بوارەکانی ئابووری،کۆمەڵایەتی و سیاسی و …. بە خۆیەوە ببینێ.هەرچەند دەسەلاتی کوردی و هێزە سیاسیەکانی لە هاوپەیمانەتی لەگەڵ ئامریکا و هاوبەشەکانی تووشی غەدر و ستەم بوون و بەشێکی گرینگ و ستراتیژیکی کوردستانیان لە پێناو دۆستایەتی و دڵگەورەیدا لە دەست دا و لەسەر داوای زلهێزەکان و بەپێی لێکدانەوەی خۆشیان بوونە بەشێک لە پێکهاتەی عێراقی نوێ،بەڵام لە هەموو ئەو ساڵانەدا نەیتوانی ئەوەی کە بە هۆی دۆستایەتی ئامریکا لەدەستیان دا بە بەشداری لە گەڵ عەرەب و شیعە لە عێراقی نوێ دا وەدەستی بێنەوە.کورد کە دڵخۆش بوو بە دامەزرانی عێراقی نوێ و پابەندی دەستووری ئەو عێراقە نوێیە بوو،لە ماوەی یازدەساڵدا لەبابەت وەسەریەک خستنەوەی هەموو خاکی کوردستان لەژێر سێبەری ئیدارەی حکوومەتی کوردستاندا،تەنها چاوەروانی و بگرە دوژمنکاریی بۆمایەوە.بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییانەی عێراق و شکست و هەرەس و بێ توانایی سپای عێراقی کەشێکی گونجاوی خوڵقاند کە کورد توانی بەشێکی گرینگ و بەرجاوی خاکی دابرێندراوی کوردستان بخاتەوە سەر کوردستان و ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.ئەوە گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بوو کە بۆ کورد رەخسا و بە خۆشحاڵییەوە بە باشی کەڵکی لێوەرگیرا.بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە ئابووری و سیاسی و جوغرافیەکانی ئەو ناوچانە،کورد لەبەردەم دۆخێکی هەستیار و ترسناکدایە.ئەوەی روون و ئاشکرایە نە حکوومەتی ناوەندیی عێراق وەک دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری،نە عەرەب وەک نەتەوە و نە شیعە وەک پێکهاتەیەکی مەزهەبی بەهێز لە عێراق و نە سووننەی راپەریو بە داعشی تیرۆریستەوە لە درێژماوەدا قەبووڵی ئەو گۆرانکارییە ناکەن و خۆیان بە خاوەن و میراتگری ئەو ناوچانەدەزانن و بێ گوومان گەورەترین شەری یاسایی و دڵنیام چەکداریش بە کورد دەفرۆشن.

مەترسییەکانی سەر کورد هەر بە هەرەشە نێوخۆییەکان کۆتایی نایەت.بەڵکوو کورد کە زۆر زیاتر لە هەرەشە نێوخوییەکان لەبەر دەم هەرەشە و گوشاری دەرەکیشدایە.کاردانەوە و هەڵوێستی ئێران زۆر روونە و ئاشکرایە و رێشەیەکی مێژوویی هەیە بەرامبەر بە کورد و هیچ جێگای گوومان نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و تەنانەت “بە نێو ئۆپۆزیسیۆن”ەکەشی بە هەموو توانایانەوە دژایەتی ئەو رێگایانەدەکەن کە کورد لە سەربەخۆیی نزیک دەکاتەوە.لە لایەکی دیکە تورکییە هەتا ئێستا هەلوێستێکی نەرمتری نواندووە،بەڵام باش دەزانین کە ئەوە کاتییە و تورکییە کە خۆی سەرقافڵەی پێشلکاریی مافی کوردانە،نەک دڵخۆش نابێ بە سەربەخۆی کورد لە باشوور بەلکوو وەک هەرەشە و مەترسی بۆسەر یەکپارچەیی خاکی تورکییە لێی دەروانێ.کە واتە کورد لە باشوور لەبەر دەم دوو هەرەشەی جیددی ناوخۆ و دەرەوە دایە.بۆیە پێویستە بە باشی ئامادەی بەرەنگاری و پووچەڵکردنەوەی هەموو ئەو هەوڵ و دووژمنکارییانە بێ.دەبێ هەوڵ بدا زیاترین شەرعییەتی نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانی بۆ خۆی دەستەبەر بکات.پێویستە بە وردی و ژیرانە خاڵە دەستوورییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بقۆزێتەوە و پشتیوانی و هێزی شەقامی کوردی لەپشت ئەو خواستەی پتەوکات.بەڵام پێش هەموو ئەوانە کورد و سەرکردایەتی کورد زۆر پێویستە کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەر و تێبکۆشن کە ئاگری ئەو شەرە لە کوردستان دوور خەنەوە.هەر لە رۆژەکانی یەکەمی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە دەبینن کە رێک لە چەشنی سووریە ریزبەندی و جەمسەرەکان پێکهاتوون.رێک وەک سووریە رووسییە و ئێران بە ئاشکرا دیفاع لە مانەوەی مالیکی دەکەن و چەک و چۆڵ و نەخشەرێگای شەری دەخەنە بەردەست و تەنانەت حکوومەتی ئێران راستەوخۆ بۆتە بەشێک لە لایەنی شەرەکە.لە بەرامبەردا ئامریکا و هێندێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی جەمسەری ئەوسەری کێشەکەیان پێکهێناوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە هەستیارییەوە دەستیان بەپشتی دژبەرانی حکوومەتەکەی مالیکیەوە گرتووە.بەڵام هەرتک جەمسەری بەشدار لە رووداوەکانی عێراقدا دەخوازن و هەوڵدەدەن کورد لەو شەرە بگلێنن.هەتا ئێستا بە خۆشحاڵییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیوێتی خۆی لەو شەرە بەدوور بگرێ و ئامادە نەبووە لەو کێشانەدا ببێتە لایەن.ئەوە ژیرانەترین هەلوێستی کوردە و بێگوومان دەبێ ئەو سیاسەتە روونتر و تۆکمەتر بگرێتەبەر.ئەوەش تەنها بە یەکریزی نێوماڵی کوردی و بە پشتیوانی و متمانەی جەماوەری دەکرێ.

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.