سەرەتاتکێی مارکس؛ وەک ئەوەی مارکس نەمردبێت!/ ئه‌بوبه‌کر جاف

وەک ئەوەی مارکسیزممان ئەزمون نەکردبێت، وەک ئەوەی کۆمۆنیزممان ئەزمون نەکردبێت، وەک ئەوەی ئێمە مێژویەکی نزیک، سێ چارەگی سەدەیەک و زیاتری نزیک لە خۆمان وای لێ نەکردبین ئەزمون وەرگرین،هێشتاکە لێرەو لەوێ، لە ئاساتێکی زەمینیدا،و لە ئاستێکی ناوچەییشدا، سەرەتاتکێی مارکس دەبینین.
مەرج نییە مارکس مارکسی سەدەی نۆزدە بێت، مەرج نییە مارکسی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست بێت، مارکس و مارکسیزم شێوەی دەرکەوتنی زۆرە، چ بە شاراوەیی چ بە ناشاراوەیی، چ وەک ئیدۆلۆژیایەکی کۆدێتاخوازو ڕادیکاڵ، چ وەک بە تیۆریزەکردنی و بە بەرگداکردنی سیماو بەرگێکی “ئبستیمی” مەعریفی لە ئاستێکی میتۆدیدا. بەڵام ئەم سەرەتاتکێیەی مارکس،لەوەی ناوێرێت،لەوەی جورئەتی تەواو دەرکەوتن ناکات، لەوەی فۆرمی دەرکەوتنی خۆی دەگۆڕێت، هەر جارەو میتۆدێکی نوێ،هەر جارەو تێۆرێکی ڕادیکاڵی و شۆڕگێری ، جارێک وەک پەیامبەر، جارێک وەک فەیلەسوف، جارێک وەک دواهەمین ڕزگارکەری مرۆڤ .. بڕێکی زۆر شەرم دەکات، و بڕێکی باشیش دەترسێت لە دەرکەوتن.

شەرمی مارکس لە چی؟ ترسی مارکس لە چی؟
نەویران و ترس ئاستی دەرکەتنەوەی یەکجاری و بە ڕونی و ئاشکرایی لە چی؟
شەرمی مارکس شەرمە لەو عەیامە درێژەی مومارەسەکردن و ململانێ لە پێناو خەباتی چینی چەوساوەو بەشمەینەتان، لە پێناو نەهێشتن و کۆتایی هێنان بە ململانێیەک کە، بە گوزارشتی مارکس سەرەتایەکی هەیەو دەبێت کۆتاییشی هەبێت. مارکس تەنیا لە ئاستی تیۆر و تێۆریزەکردنی فاکت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا نەوەستا،هەمان ئەم تەفسیرە ماتریالییە، واتە بە دەر لە تەئویل و ڕاڤەیەک کە ناوی نابوو ماتریالیزمی مێژوویی، ڕویەکی تری ئەم تەئویلە، ماتریالیزمی دیالێکتیکی بوو،مارکس بوو بە شمولی و سەراپاگێرێک کە نەماندەتوانی لە تەنیا شوێنێکدا چەمکێکی نا-ئیدۆلۆژی لێ وەربگرین و فاکتێکی پێ بخوێنینەوە.

شەرمی مارکس لە مێژوییەکی درێژی ماکسیزمی مومارەسەکراوە. لەبری ئەوەی بەهەشتێکی یەکسان و وەک یەک بخولقێنێت، دۆزەخێکی خولقاند.مارکسیزم دەعەجانێکی سەیری وەهای نیشانداین بەشەریەت نەیدەتوانی لە ئاستێکی ئەفسانەییشدا وێنای بکات. پاساو هێنانەوەو چەمکاندن و تیۆریزەکردن بۆ ئەوەی ڕوویدا مارکسیزم نەبوو،جیاکردنەوەی مارکس لە مارکسیزم! ئەو ماکسیزمە،مارکسیزمی کاپیتاڵ و دەستنوسەکان و ئیدۆلۆژیای ئەڵمانی نەبوو! ئەوەی بینیمان مارکسیزمی بە ئیدۆلۆژیاکراوبوو! ئەم پینەو پەڕۆکردنەی مارکس و مارکسیزم زۆر باوبوو،ئێستاش باوز بوە بە دروشمێکی ئیدۆلۆژیش،واتە هێنانەوەو شیکردنەوەو تەئویلکردنی مارکس لە کۆنتێکستێکی “ئبستیمیدا” دابەشکردنی مارکسی گەنج و مارکسی پیر وەک ئەوەی ئالتوسێر کردى، بە زمانکردنی مارکس و بە بونیادکردن و ستراکتۆرکردنی تێکستە مارکسییەکان، دۆزینەوەی هێڵی هاوبەش و تەواوکاری نێوان مارکس و فرۆید و لاکان وەک ئەوەی دەروون شیکاری و مارکسیزمی-لاکانی کاری لە سەر دەکات، وەستانەکانی لۆکاش، خوێندنەوەکانی بادیۆ و ژیژک.. ئیشکالەکە دریژترە، ئیشکالی نەپێکان و کڵۆڵی مارکس دەگەرێتەوە بۆ میراتێکی فکری و ئیدۆلۆژی ڕۆژئاوا کە دەستەبەرداری میتافیزیک نابێت، ئەم میراتە لە ئەفلاتونەوە،بە دیکارت، کانت و هێگڵدا دێت و دەچێت. بە شێوازو فۆرمی دەرکەوتنی جیاواز.

ئەم گوتارە تەئویلیییە مەبەستگەراییە،چ لە وێنە ئیدیالەکی ئەفلاتون،چ گومانی میتۆدی دیکارت، چ وێکهاتنەوەو هاوشێوەیی حەقیقەت و واقعی هێگڵی، واتە مێژوو ئاراستەی مێژوو لە پێناو مانێڤستبوونی ماهیەتێکی جێگیرو نەگۆڕ، تەجەلابونی ڕۆحیک (رۆحی خوداوەندی، ڕۆحی ئەقڵ ڕۆحی دەوڵەت، ڕۆحی چینی کریکار،… لە پێناو کۆتاهێنانى شتێک و دەرکەوتنی شتێکی تر، بێ ئاگا لەو حسە مێژوییەی کە نیتشە باسی دەکات ” غیابی حس و هەستی مێژویی ” لای فەیلەسوفانی پێش نیتشە. ئەگەر سروشتێکی ڕەخنەی لای کانت و مارکس دەرکەوتبێت، ئەوا ڕەخنەیەکی جینالۆجی نەبووە لە بەهاکان،یان دەست نەگەیشتنیان بووە بە “بەهای بەهاکان”. مێژوی گوتاری دیالێکتیکی و میتافیزیکیانەی ڕۆژئاوا شەرعیەت و ڕەوایەت خۆی لە ئەفلاتونەوە وەردەگرێت، لامان سەیر نەبێت مارکسیزمیش ئەفلاتونگەراییەکی ماتریالییە! بەڵام پڕ لە تەڵەزگەی میتافیزیکی. ئەوان سەرجم فەیلەسوفانی حیکایەت و گێڕانەوە گەورەکان تا نیتشە، هێزو ئیرادەی هێزو پەیوەندی هێزەکان و گەمەو ستراتیژیەتی هێزکانیان نەدەبینی لە پرۆسەی خولقاندنی مانادا.

ئەوان مانای ئەبەدی و جێگرو داکوتراویان دەبینی، ئەوان لە بری ئەوەی لە سەر کێشەو ئیشکالیەتی حەقیقەت بوەستن،کاریان گەڕان بووە بە دوای حەقیقەتدا ! ئەمە لە کاتێکدا، ئەوەی هەیە تەئویلە، تەنیا تەئویلی بە حەقیقەتبوومان هەیە.مارکس لە باشترین دۆخدا و بە خراپترین ئالییەتی تەئویلکردن و بە خراپترین میتۆد هەستاوە بە تەئویلکردنی حەقیقەتێک، نیتشە جوان گوزارشتی لێکردووە: ئێمە حەقیقەتمان نییە،ئەوەی هەیە تەئویلە، تەئویلی ئێستاش تەئویلێکە بۆ تەئویلێکی پێشوتر کە کورتی هێناوە.کەواتە مێژووی مانا، مێژووی تەئویل و دروستکردن و فۆرمەلەکردنی حەقیقەت، مێژوی کەڵەکەبونی تەئویلەکانە، مێژوی کۆمەڵێک “وەهمی” درێژی میتافیزیکیانەیە کە بە حەقیقەت دراوە بە خەڵک.

ئێمە وتمان مارکس درێژە پێدەری گوتارێکە، گوتار بە تێگەیشتنە فۆکۆییەکەی، مارکس میراتگری گوتارێکە کە تەنیا لە خۆیەوە دەستپێناکات، مارکس تەئویلکارێکی خراپی ناو گوتاری فکری-سۆسیۆلۆژی ڕۆژئاوایە، تەئویلکارێکی خراپ بەو واتایەی کارێکی ئیدۆلۆژیانەی بە مەنهەجی کارکردنی کردووە. کۆمەڵێک (بەڵگەنەویست و سەلمێنراوی پێش وەخت، تێکەڵبوو بە میزاج و هەلومەرج و کۆندیسیۆنەکانی خۆی، لێرەوە هێنان و بردن و داتاشین و زیادکردن و هەڵگۆزانی مێژوو و رووداوەکانی لە پێناو مەبەستێک، لە پێناو تەجەللابوون و مانێڤستبونی گوتارێکی ئیدۆلۆژی..ململانێى چینەکان و کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیەودواجار سەرکەوتنی چینێکە.

مارکس بە ڕوئیایەکی ماتریالی-ئیدۆلۆژی دەستی بۆ مێژوو و فاکتەکانی برد،لەوشوێنەدا کە دەیەوێت ڕووداوێک زەق دەکاتەوە،واتە ئیدۆلۆژیا بە ڕوویەکی قایم و پتەویدا دەستکاریکردنی مێژووە. واتە گرتن و مڵیکردنی مێژووە،مێژووش هەمیشە کردەی هێزەکانبووە،ئیتر لە کۆتادا مارکسیش ڕویەکی تری هێزو گەمەی هێزبووە لە پێناو (مانا) دان و مانا بەخشین و مانا داتاشین بۆ مێژوو و جوڵەی مێژوو.

با تۆزێک ئەگەری ئەوە بهێنینەوە کە مارکس،مارکسیزم لە شوێنێکدا “مەعریفەیە ” کە زۆر زەحمەتە؟ ،بەڵام مەعریفەو ئیدۆلۆژیاو دەسەڵات لێکدانەبڕاون، مەعریفە هەرفۆرمێکی هەبێت نییەتی هەیمەنەو کۆنترۆڵکردن و دەستەڵات نواندن و سەپاندنی دەسەڵاتە بە سەر ژیان و کەینونەدا. ماڵیکردنی ژیانە،ئیدۆلۆژیا دەیەوێت “ژیان” ماڵى بکات و دەریکات، ژیان دەرکات لە ئاستە ئیمان ناسی و ڕەهایی و نەگیراوییەکەی، ژیان بگرێت و ئاراستەی بکات.

مارکسیزم تەعریفکردنە. مارکسیزم بە هەر ڕویەکدا،چ ئەگەر میتۆدێکی مەعریفیش بێت،یان تیۆرێکی شۆڕگێڕی، بە هەردوو ئاستەکەدا بە زیانی ژیان کۆتایی دێت، چونکە ژیان تەعریف هەڵناگرێت، ژیان پێناسەناکرێت.
هەرچی وەزیفەو کارو کردەی مەعریفەشە پێناسەکردن و تەعریفکردنی ژیان یان فاکتێکی بە ماترالیکردن و بە بابەتکردنی ژیانە،ئەمەش لە ئیمان ناسى خستنی ژیانە بە تێگەیشتنە نیتشەیی-دولوزییەکەی.
هەرچی تێۆری شۆڕگێری و کۆدێتاییە،ئەوە ئێمە تۆتالیتاریەت و ترۆر و وەحشییەتگەرایی و بەربەریزمی شۆڕگێڕو شۆڕگێرانمان بینی.ئەم کارکردنە لە سەر مێژوو سەر بەو میراتە دیالێکتیکییە-میتافیزیکییەیە کە هەمیشە نێگەتیڤ و نەفیگەرایە. هەمیشە و لە ناو دوالیزمەکاندایە.نەفیگەرا و دوالیزمیش مۆراڵ و ڕۆئیای “کۆیلەیە”.کۆیلە هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری سەردار ببێت.هەمیشە ئیدامەدەرو ڕەوایەتی بەخشە بە سەردارو زمانی سەردار،مێژوی سەردار،بەڵام هەرگیز ناتوانێت سەردار بەرهەمبهێنێتەوە بۆ خۆی،واتە ناتوانێت لە ڕێگەی ئەم پرۆسەوە خۆی بکات بە سەردار، بەڵکو هەمیشە کار لەسەر هێشتنەوەی سەردار و کۆیلەو پەیوەندییەکان دەکات.

کۆیلە بڕیارێکی داوە تا ئەبەد سەردار سەردر بێت، کۆیلە کۆیلە بێت،مەودایەکی هێڵراوەو دەستلێنەدراو لە نێوانیاندا هەبێت.کۆیلە هەمیشە پردی پەڕینەوەو بەرهەمهێنانەوەی ئەویتری “سەردارە”،بەڵام ئێمە وا تێدەگەین تەنانەت لەململانێی کۆیلەدا، کۆیلەش مەبەستی تێیەڕاندی دۆخی خۆیەتی، بون بە سەردار مەبەستە،ئەمە بە تێگیشتنە نیتشەییەکە”. کۆیلە ناتوانێت بێ مێژوویەکی گەردوونی هەڵبکات،سەردار گەورەیەکی ئۆنتۆلۆژی یونیڤێرساڵییە بۆ کۆیلە.

لێرەوە ئەو مێژووەش کە کۆیلە مەبەستیەتی مێژووی سەردارو دەرکەوتەکانیەتی. واتە مێژووییەکی گەردونی و یونیڤێرسالی،لە کاتێکدا ناتوانێت ،کۆیلە ناتوانێت وردە مێژوو،یان میکرۆ مێژوو ببینێت و بیخولقێنێت.

ئالێرەوەزولە مێژوی یەکسانگەراو یەکسانیخوازەکان دەشێوێنێ،مێژوو هی کۆیلەکانە،ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکیە،دەگەڕێتەوە بۆ هیگڵ،مارکسیزیش نەیشاردۆتەوە کە چ،پەیوەندییەکی ناچاری و یەکلابووەوەی بە هیگڵەوە هەیە ئەگەر بە هەڵگەڕاوەییش بێت.مارکس لە ناو سیستەم و گوتاری سیستەمگەرایی فەلسەفەدایە.

مارکس هێگڵییە بە تامی خۆی.هیگڵیش وەک وتمان هاوماڵ و داوسێی ئەفلاتونە،نەوەی ئەفلاتونە.کۆی دەرکەوتنی ئەم سیستەم و گوتاری بیکردنەوەیە وەرگرتنەوەو بەکارهێنان و دەمامکدارکردنی :سیستەم و گوتاری تیۆلۆژیی بەهاگەراو تیۆلۆژی نەفیگەراو دیالێکتیکییە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.