هاتنی داعەش و ڕۆژی پێشـمەرگەی کۆمەڵە: جەختکردنێکی کورت لە سەر بنەما فیکرییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە / مەعرووف کەعبی

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک داهاتێکی کۆمەڵگای کوردستان (وەک هەر داهاتێکی دیکە) بۆی هەیە بکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە و ڕەخنە، جیا لەوەی لێکۆلەر ئەندامی ئەو هێزە بێت یان نە. وەک کەسێک کە سەرچاوە فیکرییەکانم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە و خاوەن ژیانێکی هاوبەش لە گەڵیدا بووم، چەند خاڵ سەبارەت بە جێگای ڕەوایەتی مێژویی لە تێگەیشتنی ئێستامان و هەروەها هەلە سیاسییەکانی ئێستا، زەق دەکەمەوە. بە تایبەت کە ئێستا ئەم ڕۆژە هاوکات بوە لە گەڵ هاتنی داعەش.

ڕەوایەتەکان

ڕەوایەت لەوەی پێشتر ڕوویداوە، زۆر جاران بۆ سەلماندنی شەرعییەتی ئێستا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بۆیە دەبێ بە ورەیەکی ڕەخنەگرانەوە ڕووبەڕووی ڕەوایەتەکان بە گشتیی و ڕەوایەتەکان لە سەر مێژووی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تایبەتیی ببینەوە.

لە یاد کردنەوەی ڕۆژێکی وەها ئەوەی دەبێ جەختی سەر بکرێت بنەما فیکرییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە و نەک ڕەوایەتەکان و بڕیارە «درووستەکانی» (بەشێک) لە ناوەندیی و کەسانی ناسراوی تەیفی کۆمەڵە. بۆ وێنە لە وتووێژێک کە لەم دواییانەدا بڵاو بوەتەوە باسی ئەوە دەکرێت کە «نەدەبوو [کۆمەڵە و دیمۆکرات لە دەرووبەری ساڵی ١٩٩٠] بۆ زەڕگوێز و کۆیە» پاشەکشەیان بکردایە. ڕەوایەتێک کە لە پرسیاری یەکەمی ئەو وتووێژە پیشکەش دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر هەڵەیە. هەروەها ناوترێت بۆچی وەها بڕیارێک دراوە؟

 

لە لایەک هەلومەرجی ئەو کات و زۆربوونی هێزەکان، ڕێگای زۆری بۆ جموجوڵ و ژیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەدەهێشتەوە. لە لایەکی دیکەوە (تا ئەو جێگای بۆ ئەندامانی ڕێبەری کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئەو کات) دەگەڕێتەوە، مەکۆی تێکۆشان لە ئورووپا و چینی کرێکاری ئەوێ دەبینرا و بەشێکی زۆری ئەندامانی سەرەوە لەوێ جێگیر کرابوون. یان بە تەمای گوازتنەوە بوون. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە تەنانەت لە هاوینی ١٣٦٧ و بەدوای ڕووداوی گوردانی شوان و بۆمبارانی کیمیایی بۆتێ (کە ئەمەیان زۆر باس ناکرێت)، چالاکییەکی گەورەیان لە ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە برد. بۆ نموونە لە ناوچەی سەقز دوو پایەگای رژیم بە ڕۆژی ڕووناک لە لایەن گوردانەکانی سەقز و دیواندەرە لە گوندەکانی سماقڵوو و سەردەرە لە سەرشیوی سەقز گیران. ئەو کات تەنانەت مەودای چالاکیی زۆرتر بوو هەتا ئێستا.

ئەو ڕەوایەتەی وا دەیهەوێت بیقەمڵێنێت کە بەدوای هەڵەبجە و بۆتێ ئیتر ئاسۆیەک نەمابوو، ڕەوایەتێکی هەڵەیە، هەر بەوجۆرە‌ی ئەو ڕەوایەتەی وا دۆخەکەی ئەو کات سادە دەکاتەوە بە یەک دوو بڕیاری ساکارانە.

ئەو کات و بەدوای گرتنەوەی کوردستانی باشوور لە لایەن بەعسەوە، هاتنی پێشمەرگەکان بۆ ئوورووپا لە لایەن یەکێک لە کەسە یەکەمەکان بە «هەزیمەت» ناوزەد کرا. کەچی ئێستا بەدرووست هەموو ساڵیک ڕێزیان لێ دەگیرێت. جێگای خۆیەتی وەبیربهێنینەوە کە زۆربەیان لە ژیانێکی ناشیاودا دەژین و سەرەڕای ئیمکاناتی زۆری ماڵیی (کە لە نموونەی چەندین تی وی و سەفەرەکان) دیارە، کەمترین هەوڵیش بۆ پێشکەوتنیان نەدرا. هەروەها ئەمەش جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە هەموو کارێکی خۆبەخشانە ئەم کەسانە داییمە لە پێشەوەن.

 

سەبارەت بە هەلە سیاسییەکان

بە سێ خاڵ ئاماژە ئەکەم:

 

یەکەم: لە وتارەکانی یادکردنەوەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە و بەتایبەت لە لایەن بەرپرسانی ڕێکخراوەکان، هاتنی داعەش بۆ جەخت کردنە سەر حیاتی بوونی ڕاگرتنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئاماژەی پێ دەکرێت. ئەمە لە پەناوە (تلویحأ) بە مانای درووست بوونی هەموو بڕیارەکانی هەر سەرکردایەتییەکە. بە ڕای من پارێزگاریی لە کوردستان و ناوچەیەک لە بەرامبەر هیزێکی وەک داعەش لە گەڵ پێشمەرگایەتیی وەک داهاتێکی دیاریکراوی کۆمەڵگای کوردستان دوو شتی جیاوازن. مەبەستم ئەوەیە کێشە سیاسییەکان نابێ وەک هەلی سیاسیی بۆ جەخت کردنە سەر درووست بوونی «خۆم و حیزبەکەم و بڕیارەکانم» کەڵکی لێ وەربگیرێت. هەر هێزێک بە پێی خۆی دەبێ قەزاوەت بکرێت نەک بە کەڵک وەرگرتن لە «غیریت» واتە بەرامبەرەکەی.

 

دووهەم: ئەوەی دەبێ جەختی سەر بکرێت جیاوازیی و بنەما فیکرییەکان و ئەرکەکانی وەها هێزێکە، و نە هەڵکوتن بە ئەندامانی ناوندییەکان و بڕیارەکانیان. سەرەڕای فیداکاریی هەر تاکێک کە جێگای ڕێزە، کاتالۆگێک لە هەڵەکانی ئەو کۆمیتانە تایبەتمەندییان پێک دەهێنێت. دابڕانەکان و (لەوە خراپتر) لەکۆتایی‌نەهاتنی ئەو دیاردەیە نموونەیەکی زەق و بەرچاوییەتی. پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک هێزێکی خەڵکی و سەر بە ڕێبازێکی چەپ لە کۆمەڵگادا ناسرا. بۆ دیاریکردنی باڵانسێک با بەم جۆرە مانای بکەین کە پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەندام و هێزی ڕێکخراوێکە کە خاوەن بایەخی سوسیالیستییه (واتە کۆمەڵایەتییه) و بە لابردنی ئەو بایەخانە فەلسەفەی هەبوونی خۆی دەباتە ژێر پرسیار. دابڕانەکان نەیانتوانیوە ئەو بنەما بنکۆڵ بکەن.

 

سێهەم: ئەدەبیاتێکی نوێ و هەوڵێکی نوێ بۆ داسەپاندنی جۆرێک لە کەسایەتیی نوێ هەم بە ئەنجام نەگەیشتوە و هەم دەبێ ڕەخنەی لە سەر بکەوێت:

بۆ نموونە بڕواننە گۆڕان لە ئەدەبیاتی بەشێک لە تەیفی کۆمەڵە: «هاوڕێ» جێگای خۆی بە «جنابی کاک…» داوە (پیاوانە بوونی ئەو بانگکرنە بە جێگای خۆی)؛ زەق کردنەوەی پێوەندییە بنەماڵەییەکان پەرەی سەندەوە و لە زۆر کۆبوونەوەی گشتیی و کۆڕوکۆمەڵی تاکەکەسیش باسی ئەو جۆرە پێوەندییانە دەکرێت. کەچی ئێمە هەموومان یەک بنەماڵە بووین؛ لە کۆبوونەوەکان و لە لایەن کەسانی ناسراوی ئەو تەیفە ڕستەی «دەست ماچ کردن» نەک یەکجار بەڵکوو چەند جار دووپات دەبێتەوە؛ چەمکی «نەتەوە» و «نەتەوایەتیی» بێ هیچ ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بوەتە پێناسەیەکی دیکەی ئەو ئەدەبیاتە. لەبیرچوونەوەی کاک فۆئاد و کاک شوانەکان بە جێگای خۆی، ئیستا کە گڵکۆی سەعید موعەینی بوەتە جێگای پێشکەش کردنی وتارەکان و وێنەگرتنەکان، ئایا نابێ شک بکەین لەم جۆرە هەڵوێستانە؟ ئایا ئەوە لە بۆتێش ناکرێت؟ لانیکەم ئەوە بە بەس نەزانین. مەبەستم ئەوەیە ئێمە چەندە هەڵوێست و کردەوەکانمان پێوەندیی بە بەرنامە و ڕوانگە و ئەرکەکانی ڕۆژەوە هەیە، و چەندە بۆ زەق کردنەوەی ڕێکخراوە و هێز و کەسایەتییەکانە؟

 

تایبەتمەندییەکی ئێستای پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێ پیشەکردنی ورەیەکی ڕەخنەگرانە‌ی بەردەوام بێت. پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەگەرچی پارێزگاریی لە ئورگان و ڕێکخراوەکەی دەکات، بەڵام چەکداری کەسایەتییەک نییە و نابێ ژستە چەکدارییەکان کە لە تی وی ییەکانەوە بڵاو دەبنەوە، کەسایەتی کاریزماتیک بخولقێنن. کاک فۆئاد داییمە ئەتوانێت ئەوەمان بیر بهێنێتەوە. بەدوای بیست ساڵ هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ئێستای کۆمەڵە نەیانتوانیوە ناوی «واحد آمادە» بگۆڕن بە پارێزگاریی! کەچی خێرا «چین» دەکرێ بە «نەتەوە» و ئەدەبیاتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن بێ ئەوەی ڕخنە و لێکۆڵینەوەیەک پێشکەش کرابێت. «واحد آمادە» تایبەتمەندی جۆرێک لە ڕێکخراوە و بەرنامەیە. بۆیە خۆی داکوتاوە. کەسێک کە بەو هێزە پەیوەست دەبێت دەبێ بکەوێتە چەرخێکی سیاسیی و فیکریی و کردارییەوە. دەبێ ببێتە هەڵسووڕا و ڕەخنەگرێکی چالاکتری فیکریی و کرداریی کۆمەڵگاکەمان. نابێ ساڵەها کاتی خۆی لە «واحدی ئامادە» تێپەڕ بکات. جاران پاراستنی ئورگانەکان ئەرکی پەلەکەکان بوو کە بە نۆبە ئەنجام دەدرا.

لە جێگاکانی دیکەی ئەم تەیفەش، کردنی ئەدەبیاتی کۆن بە دوگم واتە وشکەبیری نەگۆڕدڕاو بەداخەوە دیاردەیەکی دیکەیە.

 

یەکێک لە پێناسەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ساڵەکانی دەیەی ١٣٦٠ بریتی بوو لە «بردنە سەرەوەی ڕۆژانەی وشیاریی سیاسیی خۆی و هاوڕێکانی». بەڕاستی ئێمە دەتوانین بڵێین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە نێو وتارە سیاسییەکان، لە نیو کتێبەکان و هتد، ئەندامانی ئەو تەیفە لە باری کەیفییەوە جێگایەکی دیاریان هەیە؟

 

لەم ڕۆژەدا ڕێز و خۆشەویستیی دەنێرم بۆ هەموو پیشمەرگەکانی کۆمەڵە، هەم لە ساڵەکانی پێشوو، و هەم ئێستا کە لە چالاکییدان. ئاماژە بە ناوەندیی لە بەر بەرپرسایەتیی ئەو ئورگانەیە و ڕێزی کەسەکان و بەرچاوگرتنی ماندوو بوونیان لە جێگای خۆیەتی. یادی ئازیزانیش زیندوو ڕادەگرین. لە هاوکات بوونی ئەم ڕۆژەو قەیرانی ئێستا لە عێراق و هاتنی داعەش، جەخت کردنە سەر بنەمافیکرییەکانی ئەم هێزە بە ڕای من جێگایەکی تایبەت بەخۆوە دەگرێت. هیوادام ئەو ڕۆژه بێت کە نیهادێکی پارێزگاریی لە کوردستان پێویستیی وەها هێزێکی چەکدار نەهێلێت و ئەندامانی ئەو هێزە (لە هەر حیزبێکدا) ببنە چالاکانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لە کۆمەڵگاکەمان.

مەعرووف کەعبی

٢٠١٤

تێبینی: لە پەیجی سەرەکی نوسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وەرگیراوە

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.