شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

پێشمەرگەی كۆمەڵە هیوای دوێنێ، ئەمڕۆ ‌و سبەی… پەرویز رەحیم زادە

لە یەكەم پێناسەدا كاتێك دوو مرۆڤی ئاسایی لە كۆمەڵگەی ئێمە دادەنیشن‌و كورتە باسێك لەسەر پێشمەرگە‌و تایبەتمەندیەكانی دەكەن، وێنای یەكەم پێشمەرگە كەسێكە بە جل‌وبەرگێكی خاكی‌و چەك لە شان كە لە بەرزاییەكاندا راوەستاوە‌و بە سیمایەكی دەم بە پێكەنین‌و پڕ لە بڕوا ئامادەی نەبەردێكە. بەڵام كاتێك باسەكە لە وشەی پێشمەرگە دەگوازرێتەوە بۆ پێشمەرگەی كۆمەڵە ئەمجارەیان پێناسەكان‌و وێناكان واتایەكی دیكە بە خۆیانەوە دەگرن‌و وامان لێدەكات بە قوڵاییەكی زۆرترەوە رۆ بچینە ناو ئەو پێناسانەی پەیوەندی بەم چەمكەوە هەیە. زیاتر لە 30 ساڵە بەسەر دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا تێدەپەڕێت كە لە ماوەیەكی زەمەنیدا ئەم هێزە توانی دەیان كلتووری بەرزی مرۆڤایەتی‌و سەدان نموونە لە بەرخۆدان‌و راوەستان‌و هەزاران بیرەوەریی لە مێژوودا بۆ خۆی تۆمار بكات كە تا ئێستاش ئەو شوناسە وەك پێناسەی ئەم مرۆڤە خۆنەویستەی كۆمەڵە ماوەتەوە.

ئەوەی كە لە كۆمەڵەدا باوە‌و بەردەوام وتراوە كە هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە تەنیا هێزێكی چەكدار نیە ناساندنێكی پڕاوپڕی ئەم وشەیە، چونكە ئەم هێزە هەر لە سەرەتاوە‌و ئەو كاتانەی كە هێشتا شكڵ‌و چوارچێوەكەی دیاری نەكرابوو، لە هەموو شوێن‌و كەل‌و قوژبنەكانی كۆمەڵگای كوردستان لە كارگە‌و كێڵگەوە بگرە تا زانكۆ‌و قوتابخانە‌و بازاڕ هێزێك بووە كە لە قووڵایی دڵی خەڵكەوە‌و پاش سەردەمێك هەڵسووڕانی چڕوپڕی كاری وشیاریدەرانە خۆی لە چوارچێوەی هێزێكی چەكدار بینیەوە. پێشمەرگەی كۆمەڵە ئەوەی بە پرەنسیپێكی گرینگ دەزانی كە رێگەی شۆڕش‌و راپەڕین بە وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا‌و ئاشنابوون لەگەڵ چەمكە ئینسانیەكان تێدەپەڕێت، واتە بە پانتایی كوردستان ئەم هێزە سەرەڕای ئەوەی ئەركی راوەستان‌و بەربەرەكانێ لەگەڵ داگیركەریەكانی كۆماری ئیسلامیی لەسەر شان بووە، هاوكات لەگەڵ ئەوە پێویست بوو لە هەر كۆڕێكی خەڵكیدا بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتی بەرگریكارانە، مافخوازانە‌و عەداڵەتخوازانە لە نێو جەماوەردا. دیارە ئەو پێناسانەی كە لە سیما‌و روانینی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا خۆیان نیشاندا بەرهەمی ئەو بیرۆكەیە بوو كە خودی كۆمەڵەی لەسەر دامەزرا‌و دواتر ئەو گوتارەی كە لە مێشكی رێكخراوەكەدا درووست بوو، پێشمەرگەی كۆمەڵە لە كاروكردەوەی رۆژانەیدا بردیە نێو دڵی جەماوەر. ئەو كاتانەی كوردستان لە بەردەم مەترسی هێرشی كۆماری ئیسلامیدا بوو، لە كاتێكدا كە كۆنەپەرستانی ناوخۆیی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون كە ورەی خەباتكارانەی خەڵك دابەزێنن‌و بێ هیوای بكەن، لە كاتێكدا كە هەندێك لایەن دڵیان بەوە خۆش كردبوو كە حكوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە ئێران لەوانەیە مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدی بهێنێ، یان بە گشتی ئەو لایەنانەی كە دەیانویست ورەی شۆڕشگێڕانە لە خەڵك بستێننەوە‌و ناوەرۆكی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان لە تایبەتمەندیەكانی خۆی بەتاڵ بكەنەوە، بزوتنەوەیەكی فیكری‌و بەرهەڵستكارانە لە كوردستان لە حاڵی خۆرێكخستندا بوو كە جیاواز لە هەموو ئەوانە‌و لەسەر بنەمای دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازاد‌و دیمۆكراتیك‌و عەداڵەتخواز‌و مرۆڤدۆست بڕیاریدا لەگەڵ ئەوەی بڕوای بە یەكڕیزی‌و هائاهەنگی هەیە، بەڵام لە ویست‌و داواكاریەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان پاشەكشە نەكات‌و لەگەڵ هیچ بەرەیەكدا رێك نەكەوێت ئەگەر بێتوو بەرژەوەندیەكانی خەڵك بخاتە مەترسیەوە. ئەمە سەرەتا‌و دەسپێكێكی گرینگی تێكۆشانی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوو كە لە شارەوە دەستیپێكردوو لە شاخدا گەیشتە لووتكە.

ئاسۆی بیركردنەوەی ئەم هێزە رۆژلەگەڵ رۆژ بەرینتر‌و بەرفراوانتر دەبوو بە جۆرێكە لە‌و سەردەمەدا‌و سەرەڕای ئەوەی كەرەسەكانی گەیاندن‌و میدیا لە كوردستان لە ئەوپەڕی ناگەشەیی خۆیدابوو، پێشمەرگەی كۆمەڵە بەردەوام بوو لەوەی بتوانێت بە شیكردنەوەی بابەتەكان جەماوەری خەڵك بەشدار بكات لە چارەنووسی خۆیاندا. پێشمەرگەی كۆمەڵە سەرەڕای ئەوەیكە لە بەرەیەكی نیزامیدا‌و بەردەوام لە حاڵی بەرخۆدانی چەكدارانە بوو لە كوردستان، بەڵام هیچكات دوور لە جەماوەر نەبووە‌و خۆی‌و تێكۆشانەكەی بە جیاواز لە جەماوەر نەزانیوە. ئەگەرچی بە هۆی ئەو داگیركاریە سەدان ساڵەی كە لە كوردستان بەڕێوە دەچوو دەسەڵاتی زاڵ، دەیان كلتووری نامرۆڤانە‌و نەشیاوی بە شێوەی سیستماتیك بەسەر جەماوەری خەڵكدا دەسەپاند، بەڵام سەرهەڵدانی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و هاتنەمەیدانی بۆ نێو دڵی خەباتی سیاسی، خەوی لە چاوی شەوپەرستان تاراند‌و وەك هێزێَكی دژە باو پاشەكشەی بە هەموو ئەو كلتوورە دواكەوتووانە كرد كە تا ئەو سەردەم بڤە بوو. هێنانە مەیدانی ژنان بۆ نێو خەباتی سیاسی‌و چەكدارانە، پاڵپشتی كردن لە كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی لادێ‌و شارەكان، راكێشانی سەرنجی خوێندكاران‌و مامۆستایانی قوتابخانەكان بۆ لای دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرن‌و پێشكەوتوو، راوەستان بەرانبەر كۆنەپەرستی‌و دواكەوتوویی‌و روونبوون بەرانبەر خەڵك‌و شێلگیر‌و سازش نەكردن لە داخوازیەكانی جەماوەر لە پێناسە هەرە سەرەكیەكانی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوون كە ئەم تایبەتمەندیانە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ هەرچی زیاتر جەماوەریی بوونی كۆمەڵە وەك رەوتێكی چەپ لە كوردستان. ئەوەی لە ئێستادا باسی لێدەكرێت‌و وەك شوناسی پێشمەرگەی كۆمەڵە دەناسرێت پەیوەندیی بە قۆناغێكی تایبەتی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە كوردستان هەیە كە ئەم هێزە راستەوخۆ لە تێیدا بەشداروو كارتێكەر بووە.

بەڵام ئێستا‌و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 دەیە بەسەر لەدایكبوونی ئەم هێزە، پێشمەرگەی كۆمەڵە ئێستاكە ئەگەرچی راستەوخۆ لە نێو مەیدانەكەدا نیە‌و خەباتی پێشمەرگایەتی ئەم هێزە سیمایەكی دیكەی بە خۆیەوە گرتووە، بەڵام ئەم هێزە بە خوێندنەوەیەكی ورد‌و واقیع بینانە خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی سەردەم دەگونجێنێ‌و كەرەسەكانی ئەمڕۆی پێشكەوتن بەكاردێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی خۆی. بەڵام ئەگەر دەیان گۆڕانكاریی گەورە‌و جیددیش لە شێوازی خەباتی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا بێتە ئارا، ئەوەی هیچكات ناگۆڕدرێت‌و لەسەر جێی خۆی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە بەردەوام بۆ ئەو ئامانجانەی لەسەری دامەزرا بەرەوپێش دەڕوات‌و بە دڵنیاییەوە پشتیوانی راستەقینەی بێبەشترین‌و هەژارترین توێژی كۆمەڵگای كوردستان دەبێت.

گۆڕانكاریی لە ئێران‌و كوردستانیش دەسپێدەكات‌و ئەمەش لەوانەیە كەشێك بخولقێنێت كە پێشمەرگەی كۆمەڵە تێیدا هێزێكی كاریگەر بێت، بۆیە پێویستە ئەم هێزە لە باری چەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە‌و بە پێی پێداویستی‌و گۆڕانەكانی سەردەم گەشە بكات‌و خۆی ئامادە بكات بۆ بە ئەستۆگرتنی ئەركەكانی داهاتوو. بوون‌و مانەوەی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و گەشانەوەی ئەم هێزە بۆ دواڕۆژی كوردستان پێویستیەكی حاشاهەڵنەگرە‌و ئێمە دەبێ دیسانەوە خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەینەوە كە هێزێك هەیە لە كاتی تەنگانەدا بە هانایانەوە دێت‌و هاوكات هێزێكە بە قاییم ترین بڕوا بە سەركەوتن دەسكەوتەكانیان دەپارێزێت‌و بەرەو پێش دەڕوات.

6/19/2014

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.