چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

مەزهەب و سەرمایەداری، دوانەی دایکێکن/ فیروز مامۆیی

هێزە زل و زەبەلاحەکانی جیهان هەمیشە بۆ مانەوەی خۆیان و چەسپاندن و درێژەدان بە پیلان و ستراتیژیە پاوانخواز و بەرژەوەندیخوازانەکانیان و مۆر و مۆم کردنی ئامانجەکانیان و وەرگرتنی متمانە بۆ پارێزراو بوونی پێگەیان لە ئاستی جیهاندا و درێژەدان بە سیاسەتە نگەتیڤەکان، پشتیوانی لە هێز و دەسەڵات و ئایدئولۆژیە دواکەوتووەکان و ئەو تاقم و گرووپانە دەکەن کە بەرژەوەندیەکانیان دەپارێزن و بۆ ئەو مەبەستەش هانا دەبەنە بەر هەموو کردەوەیەکی نەشیاو و دڕندانە و سەدە ناوەڕاستی.

بە درێژایی چەند سەدەی رابردوو و بەتایبەت پاش هەنگاونان بەرەو هەزارەی سێهەمی زایینی، سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی بە پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی و لە لایەکی دیکەوە پێکهێنەران و هاوڕێیانی جەمسەی رۆژهەڵاتی کۆن، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ رۆژئاواییەکان و لە درێژەی هەمان سیاسەتی شەڕی سارددا دەست دەدەنە ئاژاوەگێریی و دروستکردن و پاڵپشتی کردنی هێزە دواکەوتووەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و لە هەموو شوێنێ زیاتر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەو پێیە ئەو دوو بەرە ملهوڕ و زڵهێزاە کە هەموو پشکە ئابووریی، سیاسی و دیپلۆماتیک و… هتدەکانی جیهانیان لە ژێر سەیتەرەی خۆیاندا قۆرخ کردووە، بۆ ئەوەیکە شەڕەکانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، زۆر جار خەڵکی بێ تاوان و بێ دەرەتانی وڵاتانی دواکەوتوو دەکەنە بەر پەڵ و قوربانیی سیاسەتە نەشیواوەکانی خۆیان.

بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە کە سیستەمی سەرمایەداریی بۆ ئەوەیکە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئاستی جیهانیدا بپارێزێت و ئاسۆیەک بۆ رەچاو کردنی ئەو بەرژەوەندییانە ببینێتەوە، بەردەوام پەنای بردووەتە بەر دواکەوتوو و حەجەری ترین هێزەکان. بۆ ئەم مەبەستەش ئیسلامی سیاسی بە هەموو لق و پۆپەکانیەوە باشترین و گونجاوترین هەلی لەبار و رەخساو بۆ پێکان و پێشەوەچوونی ئامانجەکان ئەو سیستمەیە.

بەهێز بوون و پەرەسەندنی هێزە بناژۆخواز و پاشکەوتووەکان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا لە سەرانسەر جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوەش تایبەتیتر لە دەوروبەری وڵاتانێکدا کە مەجال و بەستێنی پێشوازی کردن لە دێمۆکراسی و پێشکەوتنیان تێدایە و سەردەمانێک بەهێزترین لانکە و نوێنگەی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان بوون، هەمووی لە رێڕەوی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا و لە سەرەوەی هەموویانەوە ئەمریکادایە. بۆیە رۆژئاوا بۆ درێژەدان و بەردەوامی لەسەر ئەو رەوتە قێزەونە پێویستیان بەوەیە کە هێز و هزرگەلێکی دواکەوتوو لە ژێر سێبەری رەشی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا درێژە بە حەیاتی خۆیان بدەن و لە حەسارێکی پارێزراو و لە ژێر چەپۆک و چاودێریی ئەواندا جەولە بکەن و هەم لەو رێگایەوە چەک و چۆڵ و باقی بەرهەمە سەرمایەدارییەکانی خۆیان بفرۆشن و هەمیش بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە گرووپە توندئاژۆە مەزهەبیەکانیش بۆ مانەوەی خۆیان و درێژەدان بە سیاسەتە چەقبەستووە پڕاوپر لە تێرۆر و ترس و تۆقاندنەکانیان هەمیشە بە زلهێزانی رۆژئاواییەوە خۆیان هەڵدەواسن و لە سەر پەیژەی پیلانەکان و ئاڵترناتیڤەکانی ئەوان خۆیان تەیار دەکەن.

ئەم هۆکارانە و دەیان و سەدان هۆکاری دژە مرۆیی و پاوانخوازانەی سیستەمی سەرمایەداری و رەوتی دواکەوتووی ئایینی دەرخەری ئەو راستیەن کە هەم سەرمایەداران و هەم مەزهەبیەکانی جیهان هەردوو ئاوەڵدوانە و بەرسکی یەک دایکن و لە نێو یەک منداڵداندا لە دایک بوون و پێکەوە گەورە دەبن و بە واتایەکی دیکە تەواوکەری یەکترن و بە لەنێوچوون و سەقەت بوونی یەکێیان ئەوی تریش بەرەوڕووی هەڵدێر و نەمان دەبێتەوە و مەترسی ئەوەی دەکەوێتە سەر کە بە نەمانی برا دوانەکەی ئەویش جەولانگە و گۆڕەپانی مانۆڕدانی بەرتەسک دەبێتەوە و ناتوانێت بە ئاستی پێویست بەرژەوەندیی و قازانجەکانی دابین بکات.

لە نیهایەتدا بەو ئاکامە دەگەین کە تا سەردەمانێ کە سیستەمی خوێنمژ و ئۆپۆرتۆنیستی سەرمایەداریی بوونی هەبێ، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێشکەوتنی عەقڵانی تۆکمە و گونجاو بە خۆیەوە نابینێت و هەردەم سێبەری رەشی تێرۆر، ترس و تۆقاندن لە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا قورسایی دەکات و بوونی ئەو سێبەرە رەش و تۆقێنەرە، پارێزەری دواکەوتووی و چەقبەستوویی ئایدئۆلۆژیا و بیرە تەسک و تاریکەکانە. ئەمەش لەخۆیدا دەرخەری ئەو راستیەیە کە بەشێکی زۆر لە خەبات و تێکۆشانی مرۆڤ بۆ رزگار بوون لە تاقم و گرووپ و دەستە تێرۆریستیە مەزهەبی و ئایینیەکان، بەستراەوەتەوە بە لاواز کردن و بەزاندنی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیەوە کە بۆ مەبەستەکانی خۆی دەستی نگریسی ئاوەڵدوانەکەی تا سەرەمەرگ بەر نادات و بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی، بە چنگ و ددانەوە هزر و بیرۆکە دواکەوتوو و دژە مرۆییەکان دەپارێزیت.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.